توانا تەھا: بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و خودی وەزارەتی رۆشنبیری، بۆ پەرڵەمان و گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان، پێشنیازی ئەوەدەکەم رێکخستنی فیستیڤاڵی نیشتمانی بۆ گۆڕینەوەی ئەزموون و یەکترناسین لە سەر ئاستی پارەچەکانی کوردستان لە شارەو شارۆچکەکانی کوردستان ئەنجامبدرێن. پێشنیازی ئەوە دەکەم، بۆ حزبەکان ئیتر لە پەرڵەماندا گەنجان وەکو قادرمە بەکار نەھێنن و ھەرکاتێک ویستتان بەسەریان بکەون تا دەگەنە کورسی و ئیتر لە فەرامۆشیان بکەن.
پێشنیاز دەکەم بۆ پەرڵەمانی کوردستان پڕۆژەیاسایەک دەربچێت بۆ گەنجان. بیرێک لە شوێنی نیشتەجێبوون بکرێـتەوە بۆ گەنجان، لە شارو شارۆچکەکان کە ئێستا زۆرترین قەزاو ناحییە لەمە بێبەشن و حکومەت غیابە لێی و کەسیش دەنگ ناکات. پێشنییاز دەکەم دەسەڵات ھیچی تر گەنجان نەخەسێنێت و ھەست و سۆزو بیرکردنەوەیان نە سووتێنێت. پێشنیاز دەکەم بە ھیچ شێوەیەک رێگەنەدرێت ئەوە دووبارە ببێتەوە لیستەکانی گەنجان خەڵک فریی و بدەن و دواییش لەگەڵ لایەنێکی دەسەڵات تێکەھەڵی بکەنەوەو لێی دابنیشن، وەک لە ھەڵبژاردنی رابردوو ئەمەمان بینی؟ دەپرسم بۆچی تا ئێستا فەرمانڕەوایانی کوردستان نەیان توانیوە گەنج، وەکو ھاووڵاتی پێبگەینێت و وێنەی نیشتمانی لا جوان بکات؟ چیتر لیستێک یاخود حزبێک موزایەدە بە گەنجان نەکات و وەکو ململانێیەکی بێ تامی حزبەکان بەکاری نەھێنن؟ پێشنیاز دەکەم بۆ لایەنی پەیوەندیداری شاری سۆران، کە کتێبخانەی گشتی لە شوێنەکەی ئێستا بگوزانەوەو لە شوێنێکی دیکەی شایستەتر جێگەی بۆبکەنەوەو روویەکی جوانتری پێبدەن بۆ ئەوەی خوێنەر دروست ببێت و لەگەڵ کتێب ئاشنابێت و جێگەو رێگەی کۆڕو سمینارو چالاکی دیکەی رۆشنبیری تێداببێتەوە؟
بۆ دەسەڵاتی کوردی
داوادەکەم ئیتر بەس بێت کوشتنی مەعریفەی گەنجان؟ کوشتنی ئارەزووی گەنجان؟ دەبێت گەنج بە پڕۆژەکانیان دەسەڵات ناچار بە گوێ گرتن بکات، نەوەک پێچەوانە گولە تێگرتن؟ داوادەکەم دەسەڵاتی کوردی سیاسەتی کارکردنی خۆی لەگەڵ گەنج و بەرامبەر گەنج بگۆڕێت، با دەسەڵات ئیتر پێی وانەبێت، ئەوەی یاخی بوو جاھیلە، ئەوەی رەخنەی گرت ناپاکە، ئەوەی زورنای بۆ لێنەدات و وەکو ئەو بیرنەکاتەوە نەزان و ناپاکە.
دەپرسم ئەگەر دەسەڵاتێک بڕوای بەجیاوای فکر و فرە دەنگی و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات ھەبێت، نە پێویستی بە کۆیلەکردنی گەنج و نە پێویستی بە کۆنترۆڵکردنی رۆشنبیری و نەلغاو کردن و نەھەوڵی کەویکردنی رۆشنبیران لەکۆمەڵگە دەبێت، ئیتر ئەگەر ئازادی واتایەکی ھەیە دەڵێگەڕێن با گەنجان بیربکەنەوەو قسەبکەن و کاری جددی بکەن، با تەنیا لای گەنج قسەکردن و خۆکوشتنی خودی نەبێت! لای ئێوەش کارکردنی لەگەڵدابێت!
ئەمڕۆ ١٢-٨ ٢٠١٢ ، دوای ئەوەی پۆڵێک لەگەنجانی سۆران، کۆبوونەوە لەسەر خستەروو و دەست نیشان کردنی گرفتەکانی گەنجان لەشاری سۆران، لایەنی پەیوەندیدار کە حکومەتە غیاب بوو، لەکاتێکدا گەنج تێیدا ئامادەببوو و قسەو پێشنیازی بەجێشی کرد، کەچی کەسێک نەبوو وەکو حکومەت گوێ بگرێت، جگە لە بەڕێوەبەری ھونەرو رۆشنبیری سۆران، کە بەحەق لای خۆم وەک گەنجێک پێم وایە شیاوی دەستخۆشیلێکردن و سوپاسکردنە.
گەنج ئەگەر بخوازێت کە ھەمیشە بە گەنجی بمێنێتەوە، پێویستە ھەمیشە لە شۆڕەشدا بێت. بە مەرجێک لەبازنەی ھیچ دەسەڵاتێک و لە قەفەزی ھیچ حزبێکدا گیرنەخوات و لەسەر ئەو ھێلە نەڕووات کە زۆربەی لەسەری دەڕۆن، خاوەنی پەیامی خۆی بێت و پەیامی بەرامبەری پێ قبوڵ بێت، جیاواز بژیت، جیاوز بپەیڤیت، پێش رووداو بکەوێت، دەبێت بەردەوام خۆی رۆشنبیربکات و بەرھەم ھێنانی رۆشنبیریش بکاتە پیشە. چونکە ئەگەر ئەمەی کرد نە باکی بە خۆ دەوڵەمەنکردنەو نە گوێ دەداتە دراو، نە پێویستی بە پۆستی باڵا دەبێت، تەنیا بە دوای وشەی بوێریەوە بێت و بە زمانێکی باڵا بانگ بدات، چونکە بەراستی گەنج پێویستی بە زمانێکی جوانە.
١٢-٨-٢٠١٢