ژن لەژیانى کۆمەڵایەتیدا
چیرۆکى: عەزیزنەسین
لەفارسییەوە: خالید فاتیحى
بەشدارى کردنى ژنان لەکارى کۆمەڵایەتیداو، هۆکارى لە خۆشبەختى خێزاندا یەکێکە لەمەسەلە گرنگەکانى کۆمەڵگا. کەلایەنگرو بەر هەڵستکارێکى زۆریان هەیە. بەرهەڵستکاران پێیان وایەکە((بەشداریکردنى ژن لەکارى کۆمەڵایەتیدا، دەبێتە مایەى کێشەو ناخۆشى لەناو خێزاندا)).
قسە لەوە بێ ماناتر نابێ!.
من دەتوانم پێچەوانەى ئەوەبسەلمێنم وباشترین بەڵگەشم ژیانى بەختەوەرانەى خۆمە.
لەو کاتەى دێموکراسیان هێناوەتە وڵاتى ئێمە، بەهەمان سۆنگەوە کە ڕۆژ بەڕۆژ هەڵبژاردنى پارێزەر ئاسانتر بووە، ژیان ئاڵۆزترو سەختتر بوە.
وابوو کاتێک بڕیارم داژن بێنم، خانمێکم هەڵبژارد کەکارمەندێکى بانک بوو. ئەو شەش سەد لیرە مووچەکەى بوو، منیش تەقریبەن شتێکى لەو شێوەیەم وەردەگرت، کە لەڕۆژنامەیەکدا شەوانە کارمدەکرد. بەو شێوەیە فشارێکى واى لەکۆڵ نەنام و ئەگەر هەردووکمان مووچەکەمان لەسەریەک دانابا، دەمانتوانى ژیانێکى تاڕادەیەک باش بگوزەرێنین.
ڕۆژێک کەدەمانویست زەماوەند بکەین، خێزانم مۆڵەتى لەبانک وەرگرت و منیش لەگەڵ ئەوەیدا شەوى پێشتر تا بەیانى کارمکردبوو، ئەو ڕۆژە نەخەوتم. بۆ پێکهێنانى ڕێوڕەسمى زەماوەند چوینەدەفتەرى هاوسەرگیرى. بەدبەختانە کاتء خۆشى من زۆر درێژەى نەکێشا، چونکە من شەوانە کارمدەکردو ناچاربووم چومەوە بارەگاى ڕۆژنامەو ماندوو مردوو تابەیانى کارمکرد.
کاتێک گەڕامەوە ماڵەوە خێزانم، چوو بووە سەرکارو نووسینێکى لەو بارەیەوە لەسەردەرگاى ژوورى نووستن هەڵواسیبوو:
((هاوسەرى خۆشەویستم، نەمتوانى ڕاوەستم تادێیتەوە، دەوامم درەنگ دەبوو چاوەکانت ماچ دەکەم)).
لەخوێندنەوەى ئەو ڕستەیە، فرمێسکى شادى چاوەکانى پڕ کردم، بەڵام بەڕادەیەک ماندوو بێتاقەت بووم لەچەند دەقیقە زیاتر نەمتوانى بیری لێبکەمەوەو خەو بردمیەوە.
لەبەرئەوەى ماوەیەک لەدەوامى کارم تێپەڕیبوو، لەوڵامى خێزانمدا ئەوەم بۆ نووسى ولەهەمان شوێندا بۆم هەڵواسى:
((ئازیزەکەم بەو هەموو ئارەزوەى کەبۆدیدارت هەمە، لەبەرئەوەى زۆرلەکاتم تێپەڕیوە، ناچارم بڕۆم ولێوەکانت ماچ دەکەم)).
بۆ بەیانیش یەکتریمان نەبینیی وهاوسەرى خەیاڵم، دووبارە یادداشتێکى پڕماناو شیرنى بەسەر دەرگاکەوە هەڵواسیبوو:
((خۆشەویستەکەم! هەزار هەزار هەزار جار ماچت دەکەم)).
منیش وەڵامەکەیم بەهەمان جێگاوە هەڵواسى:
((بەڵا بەدوور، نامەکەت گەیشت زۆر سوپاست دەکەم. بۆ ماچێکت سوێم بۆتەوە)).
لەوە بەدوا تەواوى ئەو هەفتەیە، بەهۆى نامەوە یەکتریمان ماچ دەکردو بەدنیایەک حەزو ئارەزوەوە، چاوەڕوانى ڕۆژى پشوومان دەکرد. دووبارە لەڕۆژى یەکەمى هەفتەوە، ئەویندارى نووسینمان دەستى پێدەکردەوە.. بەڵام هەر هەفتەیەو ڕستە کورترو کورتکراوەتر دەبوو. هەندێجاریش ئەو ئەرکەمان لەبیردە چووەوە.
دواى سآ مانگ بەیانییەک کەگەڕامە ماڵەوە، سەرنجمدا نامەیەکى درێژ لەسەر دەرگاى ژوورى نووستن هەڵواسرابوو. بەسەر سوڕمانەوە لێم کردەوەو دەستم کردبە خوێندنەوەى :
((هاوسەرى لەگیان خۆشەویستترم، حاڵم زۆر باشە دەمەوآ هەواڵێکى خۆشت پێبدەم، بەزوویى دەبینەخاوەن منداڵ. دەزانى لەمڕۆوە، ئەرکى ئێمە زۆر سەختتر دەبآ. دەبآ لەئێستاوە، زیاتر کاربکەین وسەعاتى بآ ئیشى و هەتا ڕۆژانى پشووش بەفیڕۆ نەدەین. بیرت نەچآ کەمن چاوەڕوانى نامەکانى تۆم، تەنیا بۆ تۆ)).
بەبیستنى ئەو هەواڵە، وەک هەر باوکێک خۆشحاڵ بووم، سەرەڕاى ئەوەى زۆر ماندووبووم چوومە بازاڕو بازنەیەکى زێڕم بۆ کڕى. ئێوارە کاتێک دەچوومە سەرکار یادداشتێکم نووسیو بەدەرگاوە هەڵم واسى:((فریشتەکەم لەڕادەبەدەر خۆشحاڵم، دیاریەکى بچکۆلەم بۆداناوى لەژێر سەرینەکە دامناوە، هەزار هەزار جار ماچت دەکەم)). هەڵبەتە بەتێپەڕبوونى ڕۆژگار ژن و مێرد پێکەوە ڕادێن وسۆزدارییان بەرەبەرە کەم دەبێتەوە، ئێمەش کەمتر یەکتریمان بیردەکەوتەوە…وردەو ردە نامە نووسینى ئێمەش کۆتاییان هات. بەڵام گۆرەوىء ژێرکراسەکانم هەموو هەفتەیەک، لەسەرمێز لەپەنا قەرەوێڵەکە ئامادەبوون. ئەوەش نیشانەى ئەوەبوو، کەخێزانم هەموو ڕۆژێک کەدێتە ماڵەوە کارەکانى ئەنجامدەدات.
بەو شێوەیە ساڵانێکى زۆر لە ژیانى بەختەوەرانەى ئێمە تێپەڕى، بەبآ ئەوەى دەرفەتێکمان دەست کەوتبآ شەڕو هەرایەکمان بووبآو بەهانە بەیەکترى بگرین.
ڕۆژێک کە زۆر ماندوو بووم، چووم بۆ سینەما لەهۆڵى سینەما ڕوداوێکى سەیر هاتە پێش. ئافرەتێکى جوان کەجلء بەرگێکى گرانبەهاى پۆشیبوو و سێ منداڵى بچکۆلەى بەدواوەبوون، بەرەو ڕووم دەهات و بەڕوو خۆشیەوە سڵاوى کرد. من دەست بەجآ تێکڕابووم. قیافەى زۆر ئاشنا دەهاتە بەرچاو، بەڵام نەمناسى. لەسەرو سەکوتم و لەئەبڵەق بوونى چاوەکانم مەسەلەکە تێگەیشت وگوتى:
منم. خێزانت ئەوانەش منداڵەکانتن.
من لەشەرمان سوور هەڵگەڕام. ئەگەرچى ناهەقیشم نەبوو، من ژن و منداڵەکانم هیچ کاتێک ئاوا خاوێن و بەجلء بەرگەوە نەدیتبوون. ئێستا چەند ساڵ لەو ڕۆژە تێپەڕیوە و ئێمە چەند منداڵێکى دیکەشمان پەیدابوون، ئەلحەمدوولیللا تائێستا بچوکترین ناکۆکیمان نەبووەو ژیانمان تێکنەچووە. چونکە بەهیچ جۆرێک کاتمان نەبووە، لەسەر بابەتێک گفتوگۆ بکەین.
لەکاتێکدا ئەگەر من ژیانى هاوسەریم لەگەڵ ژنێک پێکهێنابا، کەبێکاربا، بێگومان هەر لەسەرەتاوە پرتەو بۆڵەو شەڕو هەرا دەستى پێدەکردو ژیانى ئێمە زۆردرێژەى نەدەکێشا.
ئەو تاقیکردنەوەیە باشترین بەڵگەیە، کەبەشدارى کردنى ئافرەت لەکارى کۆمەڵایەتیدا، هیچ کاتێک دژى بەختەوەرى خێزانەکان نییە. بەڵکو تەنیا هۆکار پێکەوە بوون و مانەوەى خێزانەکانە، من ئەمڕۆ یەکێکم لەلایەنگرانى بەشدارى کردنى ژنان، لەبەڕێوەبردنى کارى کۆمەڵایەتیدا.
سەرچاوە: کۆمەڵە چیرۆکى (مردشرقى)