بەشی یەکەم/دیــدار حەیدەر
زانکۆ پرێس _ ئاژانسەکان: مرۆڤە ئەزمووندار و لێھاتووەکان بە دوو شێوە لە ژیانماندان، یەکێکیان ئەو کاتەی لە بەرچاوانمانن، ھەواداریانین و ھەمیشە تامەزرۆی بەرھەم و دەسکەوتەکانیانین. دووەمیان ئەوانەن کە دوای مردنیان یادیان دەکەین و بە ژیانەوەی رۆژگارەکانیان دەگەینە ئەوپەڕی ئاسودەیی دەروون.
نکۆڵی لەوەش ناکرێ کە جیھانی وەرزش بەدەرنیە لەو پسپۆر و ئەزمووندارە لێھاتووانەی کە بە درێژایی سەدەیەک بوونەتە ئەستێرەی گەشی ئاسمانی داھێنان و تازەگەری. زۆر لەو یاریزانانە جەماوەرین و خاوەن ژمارەیەکی یەکجار زۆری ھەوادار و ھاندەری تایبەت بە خۆیانن. زۆر لەو ئەستێرانە بۆ ماوەیەکە لەبەر چاوی خەڵک دورکەوتوونەتەوە،بۆیە ئێمە جگە لە یادخستنەوەیان، بۆ خوێنەرانمان ئاشکرای دەکەین کە ئێستا ئەو یاریزانانە چۆن ژیان بەسەر دەبەن و خەریکی چین ؟
لەبەر ئەوەی جیھانی وەرزش یەکجار فراوانە، لەچەندین یاری جۆراوجۆر پێکھاتووە، ئێمە بۆ بەبیرھێنانەوەی رۆژگاری پڕ لە دەسکەت و ئەنجامی ئەو یاریزانە لێھاتووانە
تیشک دەخەینە سەر چەندین یاریزانێکی ناوداری جیھانی لە یاریە جۆراو جۆرەکان و پێتان دەڵێین چارەنوسیان بە کوێ گەیشت.
لەوانە :
١ــ تۆماس ھاسلەر :یاریزانی لێھاتووی ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا و خاوەن خێرایی و لێدانی بەھێزبوو.بۆی یانەکانی یۆڤانتۆس و رۆمای ئیتاڵی و بروسیادۆرتمۆند و بایرنمیونخی ئەڵمانی یاریکردووە. لەگەڵ ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا توانی نازناوی جامی جیھانی ساڵی ١٩٩٠ و جامی نەتەوەکانی ئەوروپای ساڵی ١٩٩٦ بباتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٤ بەیەکجاری وازی لە یاریکردن ھێنا و ئێستا یاریدەدەری راھێنەری یانەی کۆلن ی ئەڵمانیە.
٢ــ رونی سیقلی : رونی لێھاتووترین یاریزانی تۆپی باسکەی لوبنانە. تاکە یاریزانی پیشەگەری عەرەبە کە بەشداری لە خولی تۆپی باسکەی ئەمریکی (NBA) کردبێت.لەگەڵ یانەی میامی ھیت لە ساڵی ١٩٨٨ تاوەکو ١٩٩٤ ھەروەھا یاری بۆ گۆڵدن ستیت و ۆریرز و ئۆرلاند و چەندین یانەی دیکە کردووە.لە ساڵی ٢٠٠٠ بەیەکجاری وازی لە یاریکردن ھێنا. ئێستا خاوەنی گەورەترین کۆمپانیای وەبەرھێنانی خانوبەرەیە لە ویلایەتی فلۆریدا و سەرپەرشتی ژمارەیەک چێشتخانەی بەناوبانگی شاری میامی دەکات کە خۆی خاوەنیەتی.
٣ــ ماریۆ کیمبس : ناودارترین یاریزانی تۆپی پێی ئەژەنتین و ئەندازیاری سەرکەوتنی ھەڵبژاردەی تانگۆبوو لە جامی جیھانی ١٩٧٨ لەگەڵ بەدەستھێنانی نازناوی گۆڵکاری پاڵەوانیەتیەکە.سەرکەوتووترین قۆناغەکانی ژیانی وەرزشی لەگەڵ یانەی ڤالنسیای ئیسپانی دەستیپێکرد ھەر لەسەرەتای ساڵی ١٩٧٧ تاوەکو ١٩٨١. وە لە ساڵی ١٩٨٢ تاوەکو ١٩٨٤ توانی ١١٦ گۆڵ بۆ یانەی ڤالنسیا تۆماربکات. لە ساڵی ١٩٩٥ وازی لە یاریکردن ھێنا و ئێستاش لەیەکێک لەکەناڵەکانی تەلەفزیۆنی ئیسپانی وەکو بێژەر و لێکۆلەرەوەی وەرزشی کاردەکات.