و: کەژال عەلا
لە ئەنجامى توێژینەوەیەکى زانستى کەلە لایەن چەند زانایەکى زانکۆکانى ئیسپانیا لەسەر “360”ژن و پیاوى جۆراوجۆر ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ژنان زیاتر و خێراتر لە پیاوان دووچارى ئەشکەنجەى ویژدان دەبنەوە. لێکۆڵەرەوان هۆکارى ئەوەش دەگەڕێننەوە بۆ چۆنێتى و جیاوازى لە پەروەردەکردنى کچان و کوڕان. بەلاى ئەوانەوە هەستکردن بە ئەشکەنجەى ویژدان لە ژناندا لەڕادەبەدەر نیە، بەڵکو لە پیاواندا کەمترە لە پێویست.
کۆمەڵگا هێشتا چاوەڕوانى ئەوە دەکەن لە ژنان کە تواناى درککردن بە خەڵکییان هەبێت، بەڵام ئەو چاوەڕوانیە لەپیاوان ناکەن. بەم هۆیەوە پیاوان، بەتایبەتى لە تەمەنى لاوێتیدا زۆر کەمتر لە ژنان دووچارى عەزابى ویژدان دەبنەوە. تازە لەتەمەنى 40 تا 50 ساڵیدا پیاوان لەم ڕووەوە نزیک دەبنەوە لە ژنان.
لێکۆڵەرەوان لەئەنجامى ئەم توێژینەوەیەدا بۆیان دەرکەوتووە هەستکردن بە عەزابى ویژدان لە ژناندا لەڕادەبەدەر نیە بەڵکو لەپیاواندا کەمتر لە پێویستە. پیاوان کەمتر لە ژنان هەست بەوەدەکەن کە بوونەتە هۆى ناڕەحەتى تاکێک یاخود بەرامبەرەکەیان ڕەنجاندبێت. ئەم تواناییە پیاوان بە تێپەڕبوونى کات و لە تەمەنى گەورەتردا هەستى پێدەکەن، لەکاتێکدا کە ژنان لەسەردەمى منداڵییاندا بەجۆرێک پەروەردە دەکرێن کە بتوانن چاودێری لە کەسانى تربکەن.
بیگومان لەنێوان ژنانیشدا جیاوازى بەدیدەکرێ لە تەمەنى جۆراوجۆردا. کچانى لاو کاتێک دەبنە هۆى ناڕەحەتى کەسێک، زیاتر لەگەلڕ ئەو کەسەدا هەست بە هاودەردى دەکەن. بەڵام کاتێک تەمەنى ژنان بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەوان کەمتر هەست بەهاوسۆزى دەکەن و زیاتر نیگەرانى حاڵى خۆیانن. ئەوان زیاتر بیر لەوەدەکەنەوە کە درووستکردنى ناڕەحەتى بۆ خەڵکى چ ئەنجامێکى دەبێت بۆ خۆیان و هەروەها ناڕازیشن لەوەى کە دووچارى ئەشکەنجەى ویژدان دەبنەوە .
سەرچاوە: همشهرى انلاین