توانا تەھا /زنجیرەی چوارەم: کۆمەڵناسێکی ناوداری ڕۆژئاوا دەڵێت”لە ھەر کۆمەڵگەیەک منداڵان ئاسوودەو بەختەوەر بوون ئەو جڤات و کۆمەڵگەیە ئاسوودەو بەختەوەرە”. بەڵام کوردستان و پارچەکانی دیکە سەدان ساڵە نە منداڵی، نە لاوی، نە کچی، نەژنی، نەپیری خێریان لەخۆ نەدیوە و ئاسوودەو بەختەوەر نین، بەبێ جیاوازی و بەوپەڕی یەکسانیەوە ھەموو چین وتوێژێکی کۆمەڵگەی کوردیمان چەوساوندوتەوە و زەلیل و ھەتیوو ھەناسەساردن.
لەبەر ئەوەی لە ھەموو ڕوویەکەوە مرۆڤی کورد لەژێر سیاسەتێکی تۆتالیتاری و دیکتاتۆری و شڕەخۆریدا ژینی بردۆتە سەر مخابن وەکو ڕەوەندو کۆچبەر ژیانی نائومێدی ژیاوە، دەرامەت کەم و ھەژار بووە، ژمارەی ئەندامەکانی خێزانەکان زۆر و بۆرن، بەرنامەو سنوردانانیان نەبووە و فێر نەکراون سنوور بۆ منداڵ بوون دابنێن لەگەڵ ئەوەشدا و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ھیچ بیمەو داھاتێک و دابینکردنێکی کۆمەڵایەتی و تەندروستی بۆ باوان و ڕۆڵەکانیان دابین نەکراوە، لەکاتێکدا وڵات لەسەر ئۆقیانوسێک نەوت و سامان و داھات وەستاوە، بەڵام سیستەمی حوکمڕانی ڕژێمی سیاسی لەم وڵاتەدا، ھەمیشە لە چنگی زاڵم و بێویژدان و خەمنەخۆر دابووەو بێ دەنگ بووە لە ھەمبەر ئازارو چەوساوەو کزەو ناڵەی تاک بەتاکی مرۆڤی ئێمە، ھەرگیز وڵات بە حوکمی لۆژیک و یاساو قەزایەکی دادپەروەر و یەکسان و سەروەر نەبردووە بەڕێوە، ھەمیشە بیریان لە دزین و لف لێدانی خێروبێری ئەم وڵاتە ھەتیوە کردۆتەوە، خۆیان و حیزبەکەیان و خزم ودۆستەکانیان وەکو پادشا ژیانی ھای لایف ژیاون و زۆرینەی خەڵک و میللەتیش بەرماوەو قەراغە کولێرە مەمرەو مەژی و بە کولەمەرگی ژیاون، ھەر کەسێ گروپێ یان توێژێ داخواز بوو بێت وشەی ھەق و ڕاست بڵێت پەتی سێدارەیان بۆ کردۆتە خەڵات و ژێر زەوییان کردووە بە نسیبی گەورە و بچووکی کۆمەڵگەی کوردی لە نەھامەتی و بێسەروو بەرەیی و نەداری زەلیلیدا ژیانی بردۆتە سەر.
لە سەرچاوە رۆژنامەوانیەکان زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە توێژی منداڵان چ توێژێکی گرینگن، بەڵام کەسێک نییە خۆیانی بکا بە خاوەن، ھەر وەک لە ماڵپەڕی کۆمەڵایەتی خێزان دا ھاتووە ” ئاشکراشە کە توێژی منداڵان پشکی شێریان بەرکەوتووە ھەمیشە لە نێو تەپووتۆزی ھاوین و قوڕو چڵپاوی زستاندا بەڕەڵاو ھەتیو و چەقاوەسووی نێو کۆڵان و دەم شەقامە پیس و گڵاوەکانی کوردستاندا نغرۆ و ون بوون، لەبەر ئەوەش بەھیچ جۆرێک سیستەمی پەروەردەی ڕۆژئاوای پێشکەوتوو بەکارنەھاتووە. چونکە جیاوازییەکی زۆر بەدی دەکرێت، ھەڵبەتە شیاوی باسکردنە کە زۆرێک لە بەرپرسە دەسەڵاتدارەکانی ئەم وڵاتە ئەگەر کۆشکو تەلاریان لە دەروە نەبێت ئەوا وەک گەشتکردن بەنێو شەقامەکانی کوردستان گەشتی دەرەوە دەکەن و ئاگاداری رەوش و ژیانی منداڵانی وڵاتەکانن ئەوانەی ئەوان بۆی دەچن منداڵانیان وەک شا دەژن.
ئەو سیستەمەی کە لە ئەوروپا پیادە دەکرێ منداڵان و لاوان لە سبەینێوە تا ئێوارە لە قوتابخانە و خوێندنگەکان ژیان بەسەر دەبەن لە نێوان پۆل و تاقیگە و گۆڕەپان و ھۆڵی گەورەی یاری و گەمە ڕەنگاو ڕەنگەکانیاندا، بەختەوەر وسوود مەندن، ئیدی کاتێکی زۆر و مەودایەکی گەورە لەبەردەم مناڵان نامێنێتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ کۆڵان و شەقامەکانء تووشی بەڕەڵایی و لادان و کەتنکردن ببن کە زانیاری و زانینە سەرەتای و بێ میتۆدەکانی قوتابخانەش بیر ئەچێتەوە، پیس و چڵکن ئەبن و جنێو فرۆش و چەقۆ وەشێن دەرئەچن، ھەروەھا ئەوەشمان بیر نەچێتەوە لەبەر ئەوەی خێزانی کورد منداڵێکی زۆر ئەخەنەوە باری ئابووریان خراپە و ھەژارن و جێگەی ژینگەیان خراپە و کرێچین و جێگەی منداڵی زۆری تیا نابێتەوە، بۆیە ڕەوانەی کۆڵان و شەقام ئەکرێن لە لایەکی دیکەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان ڕەوانەی لای فیتەر وچایچی و بەقاڵو ئاسنگەریان ئەکەن فڕێیان ئەدەنە بازاڕەوە و ئەبن بە دەستگێڕ و بارھەڵگر، عەلاگەی لایلۆنیان پێ ئەفرۆشن پێڵاوی پیس و تۆزاوی پیاوانی کۆمەڵگە ھەتیوەکەیان پاک ئەکەنەوە و بۆیاخ ئەکەن و بۆیان ئەڕازێننەوە. ئەفسوس کە نە دەوڵەت نە حیزب و نە وەزارەتی کۆمەڵایەتی و نە ئەوقاف و نە دەوڵەمەندو ملیۆنێرە زۆرو بێشوومارەکانی کوردستان، رێکخراوە زۆرو زەوەندەکانی بەناو داکۆکیکار لە رەوش و ژیانی منداڵان، ھیچ ھەوڵێکی وایان نەداوە لە بنبڕ کردنی ئەو دیاردە زۆر قێزەوەن و ناشرینە لەناو بەرێت.
لە دنیادا باخچەی گیاندارانی منداڵ و مێردمنداڵ و نەوجوانان لە جوانترینء ڕازاوەترین شوێنن بۆ حەسانەوە، بەڵام لەم کۆمەڵگەیەی ئێمەدا توێژی منداڵ و مێرد منداڵ (کچان و ژنان) ھەتیووترین و بێنەواترین و بێکەسترین توێژێکن کە مافەکانیان ھەرگیز بۆ دەستەبەر نەکراوە، تەنھا ئەرکێکی زۆریان بەسەردا ئەسەپێنن و وەکو مێگەل و ئاژەڵ ملکەچ و ترسنۆک و لەرزۆک و نەزان و چاوچنۆک و جنێوفرۆش گۆش ئەکرێن، ئاستی زانستی و مەعریفیان زۆر نزمە و خاڵیو بەتاڵن لەخولیاو ئارەزوو، مشەخۆر و تەمەڵن نەک بەرھەم ھێن و کارا، تاکو ئێستا ھیچ بەرنامەء پڕۆگرامێک لەئارادا نییە کە کۆمەڵگەی مەدەنی و شارستانی دابمەزرێنرێت منداڵانی کورد ھیچ بڕیارێکی فەرمی و دەستوریی و مەدەنی ئینسانی نایانگرێتەوە! ئەو دەزگاو سەنتەر و دامەزراوانەش کە لێرەو لەوێ بۆ منداڵ و گەنجان دامەزراون ناگەنە مەبەست و لە ئاست خواست و پێداویستی و مافەکانیاندا نین، ھەرگیز لەگەڵ مافی مناڵانی جیھاندا ھاوتاو یەکسان ناوەستنەوە، پابەندیش نین بەجاڕِی گەردوونی جیھانی و مافی ژیانی مناڵان (وەکو گەورەکان) لەنێو خێزان و کۆڵان و شەقام و قوتابخانەکاندا لەکۆمەڵگەدا بەگشتی نەپارێزراوە و دابین نەکراوە، ناتوانرێت بەھیچ سەنتەر و دامەزراوەیەک بگوترێت منداڵ پارێز لەبەر ئەوەی بنەما سەرەکی و گرینگەکانی پاراستنی مافی مناڵانی تیادا مەیسەر نەکراوە، منداڵانی کورد لەبێنازی و بێ کەسیدا و ھەتیوی و بەڕەڵایی و بێ دەرامەتیدا ژیانی کۆڵەمەرگی و ڕەشۆکی ئەژین، منداڵی کورد دەرماڵە و بیمەو ھاوکاری مادی نییە لە ھیچ ئاھەنگ و بۆنەیەکدا دیاری پێشکەش ناکرێت، ژیان و خوێندن و تەندروستی و یارییەکانی زامن و دابین نییە!