“بێھرووز وسووقی” ئەکتەری سەرەکی فیلمی “وەرزی کەرکەدەن” لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی بە ھۆی ڕووداوێکی ھاتووچۆوە لە شاری سانفرانسیسکۆی ئەمەریکا بەشداری لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تسالۆنیکی” یۆنان ناکات.
ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران “بێھرووز وسووقی” و ئەکتەری سەرەکی فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” Rhino Season لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد بەھمەن قوبادی بە ھۆی ڕووداوێکی ھاتووچۆوە لە شاری سانفرانسیسکۆ لە وڵاتی ئەمەریکا بەشداری لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی تەمەنێک چالاکی ھونەری لە ٥٣مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تسالۆنیکی” لە وڵاتی یۆنان ناکات.
بێھرووز وسووقی دوێنێ بۆ سەردانی وڵاتی یۆنان و وەرگرتنی خەڵاتی تەمەنێک چالاکی ھونەری بۆ رۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” لە ٥٣مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی تسالۆنیکی بەرەو فرۆکەخانەی شاری سانفرانسیسکۆ لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێکەوت، بەڵام لە رێگای فرۆکەخانە تووشی ڕووداوی ھاتووچۆ ھات.
ئەم ئەکتەرە ناودارەی سینەمای ئێران لە پشت چرای سووری شەقامێکی شاری سانفرانسیسکۆ سەری لە گێژەوەدێت و دوای سەوزبوونی چراکە، ترۆمبیلێکی گەورە بە خێرایی لە پشتەوە خۆ بە سەیارەکەی ئەودا دەدات کە ترۆمبیلەکەی وسووقی کۆدەبێتەوە و ئەم ئەکتەرەی فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” بە توندی بریندار دەبێت و بە خێرایی دەگەیەندرێتەوە نەخۆشخانەیەکی شاری سانفرانسیسکۆ.
بڕیاروابوو بێھرووز وسووقی دوای سەردانی وڵاتی یۆنان بەرەو شاری ئەستەنبووڵی تورکیا بەڕێبکەوێت تاکوو لە ڕێوڕەسمی فەڕشی سووری نمایش کردنی فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” بەشداری بکات کە لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٢ بەڕێوەدەچێت. کە بە پێی ئەم ڕووداوە، بەرنامەی ڕێوڕەسمی فەڕشی سووری فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
بە پێی زانیاری کەسووکاری وسووقی، باروودۆخی ئەم ئەکتەرە زۆر باش نییە و یەکێک لە شانەکانی تووشی سەدمەی توندبووە و بە پێی فشار خوێنی سەرێ و تەمەنی زۆری ئەم ئەکتەرە بەناوبانگ و بەئەزموونەی سینەمای ئێران، دکتۆرەکان نیگەرانی رەوشی گشتیی ئەون. وسووقی ئێستاکە لە نەخۆشخانەیەکی شاری سەنفرانسیسکۆ بەسەردەبات و لە ژێرچاودێری دکتۆرەکاندایە.
جێگای داخ و کەسەری ئەم کارەساتە نالەبارە بێجگە لە سڵامەتی جەستەیی ئەم ئەکتەر پێشەنگەی سینەمای ئێران، شایەد ئەوەیە کە دوای ٣٣ ساڵ گەڕانەوە بۆ سەر پەردەی سینەماکان، لە رۆژێکدا کە بڕیاروابوو لە لایەن ٥٣مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تسالۆنیکی” یۆنان بە ھۆی تەمەنێک چالاکی ھونەری و ئەو زەحمەتە زۆرانەی کە بۆ سینەما کێشاوییەتی رێزی لێبگیرێت کە ئەو پێکانی ترۆمبیلە ڕوویدا تاکوو، وسووقی لە وەرگرتنی خەڵاتەکەی لەم فیستیڤاڵە گرینگەی ھونەری سینەما دوابکەوێت.
ھەواڵی زیاتر سەبارەت بە باروودۆخی جەستەیی و دەروونی بێھرووز وسووقی لە داھاتوودا بڵاودەبێتەوە کە ئەم رۆژانە ڕوخسارە ناسراوەکەی لە فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرگەدەن”دا لە تەنیشت “مۆنیکا بێلوچی”، “بێران سات”، “یەڵماز ئوردووگان”، “بئێلجیم بێلگین” و “ئاڕش لەباف” لە فیستیڤاڵە جیھانییەکاندا دەبیندرێت.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تسالۆنیکی” کە یەکێک لە گرینگترین ڕووداوە سینەماییەکانی ئەورووپا دێتەئەژمار، بە ئامادەبوونی بەھمەن قوبادی لە رۆژانی ٢ تا ١١ نۆڤەمبەری ٢٠١٢ لە وڵاتی یۆنان بەڕێوەدەچێت.
فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” دوای بەشداری لە بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تۆرێنتۆ” و بەدەستھێنانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی ٦٠مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سباستییەنی ئیسپانی، لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی بەھمەن قوبادی لە رۆژانی ٦، ٧ و ١٢ی تەشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبری ٢٠١٢ لەگەڵ ٧ فیلمی سینەمایی دیکە لە بەشی “گاڵا”ی ١٧مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی پووسان نمایشکرا.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٣٠٤ فیلم لە سینەماکارانی ٧٥ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی”، بەشی پێشبڕکێی “رەوتی نوێ”، “دەلاقەیەک بەرەو سینەمای ئاسیا”، “دیاری فیستیڤاڵ”، بەشی “فلەش فۆروارد”، “سینەمای ئەمڕۆی کۆریا” و چەندین بەشی دیکە لە رۆژانی ٤ تا ١٣ی تەشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبری ٢٠١٢ لە شاری پووسان لە کۆریای باشوور بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://tiff.filmfestival.gr/default.aspx?lang=en-US&page=١٠٥٤&date=١١/٤/٢٠١٢&movie=٢٣٤٨