بەخشانی تەمەن چل ساڵ، کە لەبەردەم دەرگای مسوڵتان موزەفەرەدینی کۆکبەری لەناوەڕاستی شاری هەلێر لەچاوەڕوانی ئەوەدا وەستابوو سەرپەرشتیارانی ئەم شوێنە دەرگای بۆ بکەنەوە، گوتی:”بەردەوام سەردانی ئەو مەرقەدە دەکەمء بۆ(30)ساڵ دەبێت دانەبڕاوم لێی، چونکە یارمەتی داوم لە منداڵ بوون”. پەخشان درێژەی پێدەداو دەڵێت:” تا ماوەیەکی زۆر دوای شووکردنم منداڵم نەدەبوو، تا وایلێهات مێردەکەم خەریک بوو تەڵاقم بدات، بەڵام دوای ئەوەی لەگەڵ دایکم سەردانی مەرقەدی سوڵتان مزەفەرمان کرد، هیوایەکەم هاتەدیء حەوت منداڵم بوو، نۆبەرەکەیانم ناونا (سوڵتان)، لە خۆشەویستی سوڵتان موزەفەری کوکبەری، لەو ساتەوە بەردەوام سەردانی ئێرە دەکەمء خواردن بەسەر زیارەتکەرانی دابەش دەکەم ئەویش بەگوێرەی توانامء تا ماویشم سەردانی دەکەم”.
پەخشان تەنها ئافرەت نییە کە سەردانی ئەو شوێنە دەکات، بەهەر لایەکدا چاوبگێڕی، رۆژانەو لەهەر کاتێکدا چەندان ئافرەت دەبینی لەبەردەم دەرگای مەرقەدەکەوە وەستاونء لەچاوەڕوانی چوونە ژوورەوەدان. هەرکاتێک لەیەکێک لەو ئافرەتانە بپرسی بۆچی سەردانی ئێرە دەکەن؟ بەجۆرێک لە بێتاقەتی وەڵامت دەداتەوە، کە یان بۆ دوعاکردن هاتووە تا لەنەخۆشیەکەی چاکبێتەوە، یاخود هاتووە دوعا بۆ کەسێکی دیکە بکات، یان دەڵێت”منداڵی نابێتء هاتووە دوعا بکات”، یاخود کچێکی بەساڵاچووەو(لە کوردەواریدا بە کچی قەیرە ناوی دەهێنرێت-وەگێڕ) بەهیوای کرانەوەی گرێی بەختی دوعا بکات.
ئەمەل ساڵح باسی ئەوەی بۆ کردین کە کوڕەکەی نەیدەتوانی قسە بکاتء دوای ئەو سەردانەی کە لەگەڵ کوڕەکەیدا کردیان، لە جارانی رابردوو ئێستا کوڕەکەی خستۆتە قسەکردن. ئەمەلی تەمەن 35ساڵان دەڵێت:”کوڕەکەم گەورەببوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی قسەی نەدەزانی بەهێما(ئاماژە)قسەمان لەگەڵدا دەکرد، دواتر یەکێ لە ناسیاوەکانمان ئامۆژگاری کردم سەردانی مەرقەدی سوڵتان بکەمء دوای ماوەیەکی کەمیش لەسەردانەکەم ئەحمەدی کوڕم بە قسە کەوت”.
مامۆستا تارا عیسا سەبارەت بە کەرامەتەکانی سوڵتان موزەفەر گوتی:”کاتی خۆی بەمەبەستی دەرچوون کە قوتابی بووم، سەردانی ئێرەم کردووە” تارای تەمەن(30)ساڵ ئەوەشی گوت:”سەبارەت بە کاریگەری ئەو مەرقەدە بیستبووم، بۆیە چەند جارێک سەردانم کرد بەتایبەتی لە قۆناخی ئامادەیی، بەهیوای دەرچوونء نمرەی باش، بەڵام ئەوە نەهاتە دیء دواتر بەیەکجاری وازم لێهێنا”.
سوڵتان موزەفەری کوکبەری کێیە؟
ناوی تەواوی (موزەفەرەدینی ئەبو سەعیدی کوکبەری کوڕی زەینەدینی عەلی کوچکی کوڕی بەکتین)ە، لە(1154-1232)ز، ژیاوەو لە شاری هەولێر لەدایک بووە، لەکاتێکدا، باوکی زەینەدینی عەلی کوچک، فەرمانڕەوای بوەو دوای باوکی ئەو فەرمانڕەوایەتی گرتۆتە دەست، بەڵام رەچەڵەکی بنەماڵەی دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا. هەندێک سەرچاوە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە کوکبەری فەرماندەیەکی سەربازیء پیاوێکی ئایین پەروەربووە، لەسەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی پەیوەندی بە سوپاکەیەوە کردووەو لەچەند شەڕێکدا بەشداربووەو ئەویش دوای ئەوەی متمانەی پێ دەکات، رەبیعەی خوشکی دەداتێء دوای ئەو ئازایەتیەی لە جەنگی حوتین لێی دەبینێ، دەیکاتە میری هەولێرو شارەزوورو بۆماوەی چل ساڵ فەرمانڕەوایەتی کرد تاکو مردنی.
یەکێک لەو ئاسەوارانەی کە کوکبەری لەدوای خۆی بەجێیهێشت، مەنارەی هەولێرە کە دووەمین شوێنەواری ناسراوی دێرینی هەولێرە، هەروەها نەریتی ئاهەنگێڕان بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری موسڵمانان کە ساڵانە لەلایەن هەولێریەکانەوە سازدەکرێت، ئەمە جگە لە گۆڕەکەی خۆی کە بۆتە مەزارێکی ناو جەرگەی شاری هەولێر. شارەزا لەبواری شوێنەوارناسی (کەنعان موفتی)دەڵێت:”سەردەمی فەرمانڕەوایەتی سوڵتان موزەفەری کوکبەری، سەردەمی دادپەروەریء یارمەتی هەژارانء بنیاتنان بووە”. هەروەها دەڵێت:”بەڵگەنامە مێژووییەکان باس لە چوونی کوکبەری دەکەن بۆ مەدینەی منەوەرە لە عەرەبستانی سعودیە بۆ بەرگریکردن لە گۆڕی پێغەمبەر لە دژی ئەو کەسانەی دەیانویست دەستکاری بکەنء بیشێوێنن بەمەش زیاتر لای هەولێریەکان خۆی خۆشەویستکرد”.
وتەبێژی وەزارەتی ئەوفاق لە حکومەتی هەرێمی کوردستان(مەریوان نەقشبەندی)دەلێت:”ناوبانگی ئەو پیاوە لە تەقواو چاکە پاڵی بەخەڵکەوە ناوە سەردانی گۆڕەکە بکەن” نەقشبەندی ئەوە روون دەکاتەوە کە”سەردانی خەڵک بۆ ئەو مەرقەدە لە رابردوودا بەهۆی دواکەوتنی پزیشکی لە هەولێرو ناوچەکەو نەبوونی هۆیەکانی گواستنەوە کە یارمەتی خەڵک بدات بچن بۆ ئەو شوێنانەی چارەسەری نەخۆشی لێ دەست دەکەوێ بوو، ئەمە پاڵی پێوەناون باوەڕ بە خورافات بکەن، لەوانەش سەردانی گۆڕی مردوەکانیان بۆ بەدەستهێنانی چارەسەریء پێداویستی دیکە”. وتەبێژی وەزارەت ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە دیاردەی سەردانی ئەو گۆڕانە بە تێپەڕبوونی کات بەرەو کەمی دەچێت، دوای ئەوەی پزیشکی نوێ چارەسەری زۆربەی گرفتە تەندروستیەکانی کردوە”. سەبارەت بەهۆکاری سەردانی ژنان بۆ ئەو گۆڕانە، مەریوان دەڵێت” ژنان بەمەبەستی داوای چاکبوونەوە لە نەخۆشیء منداڵبوونء شووکردن دەچن، کە بەهۆی نزمی ئاستی تێگەیشتنیانەوەیە”.
لەلای خۆشیەوە(چیمەن سابیر)توێژەری کۆمەڵایەتی ئەو قسانەی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف پشتڕاست دەکاتەوەو دەڵێت:”خوێندن لە قوتابخانەکانی کوردستان بەگشتی تا ناوەڕاستی سەدەی رابردوون بە پلەی سەرەکی بۆ کوڕان بوو، ئافرەتان خوێندەوارنەبوون بۆ ئەوەی لەکاریگەری خورافاتء نەریتە بەسەرچوەکان رزگاریان بێت”. خاتوو چیمەن پێیوایە “ئافرەتی هەولێر لەپیاوان ئیماندارترنء زیاتر وابەستەی نەریتء کولتووریەکانن جا پۆزەتیڤ بێت یا نێگەتیڤ”.
مامۆستای ئایینیء پەرلەمانتار(بەشیر حەداد)بەتوندی رەخنە لەمەسەلەی سەردانی مەزارو گۆڕی مردوان گرتوو دەڵێت:”دوعای کرانەوەی بەخت لە مردوو حەرامەو لەڕووی شەرعەوە ناگونجێ”. مامۆستا بەشیر ئاماژەی بەوەدا کە، هەوڵێک لەلایەن چەند ئەکادیمییەکء پیاوی ئایینیەوە لە وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم لە ئارادایە بۆ گۆڕینی مەزاری سوڵتان کوکبەری بۆ شوێنەوارێکی ئایینیء کولتووری تا خەڵکی سەردانی بکەن، بەڵام ئەوە کارێکی گرانە، چونکە ئەمە پەیوەستە بە گۆڕینی بیروڕای خەڵکء تێڕوانینیان”.
محەمەد عەبدوڵا کاکە سوور کە سەرۆکی بەشی مێژووی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدینەن پێیوایە دیاردەی کاریگەری فەرمانڕەوا ئاینیەکان بەدرێژایی کات، بەسەر خەڵکی هەولێرو تەواوی هەرێمی کوردستان شتێکی سروشتییە، چونکە لە زۆر شوێنی جیهان روودەدات. ئەو دەڵێت:”لەم بارەیەوە نموونە هەیە، وەکو کاریگەری دەوڵەتی ئەیوبی بەسەر خەڵکی میسرو شامء فارسیء عوسمانیەکان بەسەر خەڵکى ناوچەکەوە، هەروەها مەغۆلەکان لەبەرامبەر کولتوورو فیکری ئیسلامیدا خۆیان نەگرتء ئەوان موسڵمان بوون، لەبری ئەوەی گەلانی ناوچەکە بکەونە ژێر کاریگەری ئەوان”.
شاری هەولێر،349کم، لە باکووری بەغداوە دوورەو کۆنترین ناوچەی نیشتەجێیە لە مێژووداء مێژووی قەڵا بەناوبانگەکەی بۆ پتر لە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەم شارە چەندین کولتوورو شارستانیەتی بەخۆیەوە بینیوەء چەندین سەرکردەو پادشای ناسیوە وەکو ئەسکەندەری مەکدۆنیء سەلاحەدینی ئەیوبیء لەسەردەمی ئاشووریەکان پادشاکانیان حەجیان بۆ کردووە بەرلە هەر هێرشێکی سەربازی. لە ساڵی( 32هجری)موسڵمانان لەسەردەمی خەلافەتی عومەری کوڕی خەتاب دەسەڵاتیان پێگەیشتء ئێستا لە هەولێر(10)گردی شوێنەواری لێیە.
سەرچاوە: سایتى ئیلاف