شانازی بەوە دەکەم لە کوردستان مۆدێلێکی نوێی رۆژنامەوانی ھونەریم داھێناوە
رۆژنامەنووس زانا دڵشاد دزەیی حەوت ساڵە لەبواری رۆژنامەوانی ھونەری کار دەکات، لەزۆربەی رۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان کاری کردووە، ئێستا لەگۆڤاری سڤیل بەپرسی بەشی ھونەریە، ئەو ھەمیشە ناوناوە بەنووسینەکانی ھەلا دەنێتەوە، گەنجێکە راگەیاندنکارانی کردووە بە دوو بەشەوە، بەشێک ستایشی دەکەن ھەوڵدەدەن ستایلی ئەو بگرنەبەر، بەشەکەی تر رەخنەی لێدەگرن و تەنانەت چەندینجار سووکایەتی پێکراوە، بەتایبەت کاتێک لەگەڵ چەندین ھونەرمەندی ناوداری میسری و لوبنانی وێنەی چاوپێکەوتنەکانی بڵاوکرایەوە زیاتر ھەلای نایەوە، بەڵام ئەو دەڵێ ھەڵدەدەم سوود لەستایش و رەخنەکان وەرگرم، بۆئەوەی زیاتر خۆم بەرەو پێشەوە ببەم.
پرسیار: ساڵی چەند دەستت بەکاری راگەیاندن کرد و کێ ھاوکاری کردوی؟
زانا دزەیی: ساڵی ٢٠٠٥ لەرۆژنامەی “کورد” لەھەواڵ و چاوپێکەوتنی ھونەرمەندان دەستم پێکرد، دواتر لەھەندێ گۆڤاری ئەوکاتە کە پڕبینەربوون وەکو نواڵەی نوێ نووسینی زانستیم تێدا بڵاودەکردەوە، دواتر لەھەفتەنامەی جەماوەر و میدیا و بارزان و گۆڤاری ھەڵبوون کارم کرد، ئێستاش ئەوە بۆ سێ ساڵ دەچێ من لە گۆڤاری سڤیل کار دەکەم وەکو بەرپرسی بەشی ھونەری. بەڵام کەس ھاوکارم نەبووە، خۆم ھەوڵمداوە و حەزم لەراگەیاندن بوو. خوێندنەکەی خۆشم ھەر لەسەر راگەیاندن دانا، چونکە دوای پۆڵی شەشی ئامادەیی نەرۆشتم بۆ ھیچ کۆلیژێک، بەنیاز بووم لەدەرەوە بخوێنم، بەڵام ڕێکنەکەوت و زۆر سەرقاڵی راگەیاندن بووم جارێک بۆم رێکەوت و رەفزم کردەوە، ھەوڵدەدەم لەداھاتوودا لە دەرەوە میزیک بخوێنم.
پرسیار: چۆن کەس ھاوکاری نەکردووی، ئەی ماڵەوەتان؟
زانا دزەیی: ماڵەوەمان پێیان خۆش نەبوو کاری راگەیاندن بکەم، دایکم حەزی دەکرد بخوێنم و باوکیشم حەزی دەکرد لەگەڵ ئەودا ئیش بکەم، بەڵام خۆم حەزم لەراگەیاندن بوو.
پرسیار: بۆچی بواری ھونەریت ھەڵبژارد؟
زانا دزەیی: سەرەتای دەستپێکردنم بەکاری رۆژنامەنوانیم برای رۆژنامەنووسم کاک رزگار رەزا چوچانیم ناسی، رۆژنامەنووسێکی دیاری ھونەری بوو، ئەوکاریگەری بەسەر منەوە ھەبوو ھەتا لەجۆری ئیشکردنم ئیستاش کاریگەری ئەوم بەسەرماوە، بۆیە منیش حەزم کرد رۆژنامەنووسێکی تایبەت بە بواری ھونەری بم.
پرسیار: چیت قازانج کردووە خوێندن بەقوربانی رۆژنامەنووسی کرد، پەشیمان نیت؟
زانا دزەیی: بۆ پەشیمان بم! خوێندنم لەپێش ماوە و تەمەنیشم زۆر گەورە نییە ئایندەم زۆر ماوە، راگەیاندن حەزی خۆم بووە، قازانج و زەرەر نییە، بەڵکو خزمەتکردنە، پێم وایە من لەم رێگەیەوە دەتوانم خزمەت بە خۆم و وڵاتەکەشم بکەم.
پرسیار: تائێستا لەچوار دامەزراوەی ھونەری خەڵات کراویت؟
زانا دزەیی: نەخێر لەیەک دامەزراوەی ھونەریی و دووجاریش لەلایەن حکومەت خەڵات کراوم، ھونەرمەند ئەحمەد سالار وەکو سەرۆکی رێکخراوی ھونەرمەندانی کوردستان خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشیم، ھەروەھا ھونەرمەند سەرۆکی شانۆ لەھەولێر خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشیم، ساڵی ٢٠٠٩ ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر ئەوکات وەکو راوێژکاری ھونەری سەرۆکی کوردستان بەناوی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی خەڵاتی رێزلێنان و داھێنانی پێبەخشیووم، کە تائێستا باسم نەکردووە. بەڵام ئەوکاتەی کە خەڵاتەکەم وەرگرت ماڵپەڕێک بەبێ پرسی من بڵاویکردەوە.
پرسیار: بۆچی، رۆژنامەنووسەکانی تر ئەگەر خەڵاتێکی بچووک وەرگرن بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام تۆ لەلایەن سەرۆکایەتی حکومەتەوە خەڵات کراویت و بڵاویشت نەکردووە؟
زانا دزەیی: وایە، بەڵام ئەگەر بڵاویش کرابایەوە شتێکی زۆر گرنگ نەبووە بەلامەوە، بەلای منەوە ئەوە پەیوەندی بەخۆم بووە و بۆ پاڵپشتی کارەکانم و دەستخۆشی لەکارەکانم بووە، کەواتە بۆ خوێنەر نییە، لەبەرئەوە لام گرنگ نەبووە بڵاوبکرێتەوە، ھەتا لەگۆڤاری سڤیل شوێنی ئیشکردنی خۆم حەزیان کرد بڵاوبێتەوە، گوتم پێویست ناکات، (بەپێکەنیەوە) ئەوە لەم چاوپێکەوتنە رایدەگەینم.
پرسیار: تۆ وەکو رۆژنامەنووسێکی ھونەری لەگەڵ ھەموو ھونەرمەندەکان پەیوەندی فراوانت ھەیە، بەڵام لەگەڵ ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر زۆر نزیکی، لەگەڵ ئەوەشدا جارجارە شتی بەخراپ لەسەر دەنووسی و جارجارەش بە باش، ئەوە بۆچی؟
زانا دزەیی: من شتم بەخراپ لەسەر نەنوسیووە، من رەخنەم گرتووە، من دەتوانم بڵێم یەکەم رۆژنامەنووسم کە ھاوڕێتی ھونەرمەندێک بکەم و بڵێم ئەوەت خراپە و ئەوەت باشە، من بە شتە باشەکانی ھەڵکەوت زاھیرم گوتووە زۆر باشە و دەستخۆشیم لێکردووە، رەخنەشم لەکارە لاوازەکانیشی گرتووە و رووبەڕووش لەلای خۆی گوتوومە ئەوەت باشە و ئەوەت خراپە، ئەوە وەکو وتاری خۆم، بەڵام وەکو چاوپێکەوتن و ھەواڵ بەبێ جیاوازی کارم لەسەریان کردووە، چونکە ئەوکات ناچێتە قاڵبی بۆچوونی خۆم، بۆ نموونە رەخنەم لەدەنگی میرە ھەبووە و پێم وایە جەماوەری نییە و وازبێنێ باشترە، بەڵام ئەگەر سبەی میرە ھەواڵی ھەبێ بۆی بڵاودەکەمەوە، لەوانەشە چاوپێکەوتنیشی بکەم، چونکە بیرت نەچێ من رۆژنامەنووسم، وتار و رای خۆم شتێکە و چاوپێکەوتن و ھەواڵ شتێکی ترە، بەڵام ھەندێ بەناو رۆژنامەنووس بەھۆی تێنەگەیشتنیان ئەو شتانە تێکەڵ دەکەن، من ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە شانازی بەوە دەکەم وەک یەکەمین رۆژنامەنووسی ھونەری کە نزیک لە ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیرم و بە کارە باشەکانی گوتوومە دەستخۆش و رەخنەشم لەخراپەکانی ھەبووە، بەڵام ھەندێ رۆژنامەنووس کە لەھەوڵکەوت زاھیر نزیکبوون و نزیکن نایانتوانیووە وەکو من رۆژنامەوانیانە کار بکەن، لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان کاری کردووە ئەوە ئەخلاقی رۆژنامەنووس نییە بۆئەوەی ماڵپەڕەکەی بەڕێوەببات یاخود بۆئەوەی دەستکەوتنی دوو ھەواڵ ناوێرن دوو رەخنە بگرن، بەڵام وام نەکردووە و نایکەم، من ھەمیشە شانازی بەوە دەکەم کە لە ئیشکردنی رۆژنامەنوانی مۆدێلێکی نوێم داھێناوە.
پرسیار: چی وایکرد لەوتارێکدا دەشنێ بە ئەستێرەی داھاتوو وەسف بکەی، تەنانەت کاتێک دەشنێ وتارەکەی تۆی خوێندەوە تووشی شۆک بوو، دەستی بە گریان کرد؟
زانا دزەیی: لەگەڵ یەکەم رۆژی دەرکەوتنی دەشنێ ئەوەم گوتووە دەشنێ کچێکی جیاواز لەکۆمەڵگەی کوردییە و پڕبەھرە و حەزی جوانە، ئەگەر ھاوکاری بکرێ و کۆمپانیای گەورەی ھونەری لەپشتی بێت لەھونەرمەندێکی جیھانی کەمتر نییە، دەشنێ ھیچی لە ریھانا و شاکیرا و ئەشتێرەکانی تری جیھان کەمتر نییە، بەڵام زۆر بەداخەوە لەکوردستان ئەوەندەی رەخنەی روخێنەر ھەیە دەستخۆشی نییە، کەچی یەک رەخنەگری جدیمان نییە، بۆیە زۆرجار رەخنەکان دەچێتە قالبی سووکایەتی پێکردن و جنێودان.
پرسیار: چۆن توانیت لەگەڵ ھونەرمەندانی میسری و لوبنانی دایشتن و چاوپێکەوتن بکەی؟
زانا دزەیی: ئەوە بۆ من زۆر سەخت بوو، بەڵام دوای ھەموو ھەوڵدانێک بەئامانجەکە دەگەی، دووجار سەردانی لوبنان و میسرم کردووە، بەھۆی پەیوەندییەکانمەوە لەگەڵ ھونەرمەندانی ئەو دوو وڵاتە دانیشتم و ئەوانیش زۆر خۆشحاڵبوون کاتێک باسی ھەرێمی کوردستان و خەڵکە و ھونەری کوردیم بۆ دەکردن، بەنیازم لەگەڵ چەند ھونەرمەندێکی جیھانی دانیشت ئەنجام بدەم، بۆ ناساندنی کورد و خزمەتکردن بەراگەیاندن و ھونەری کوردی ئەوە دەکەم.
دیمانە: کارمەند ساڵەیی