ئەرسەلان مەحمود : شازو نەشاز، دو دیوی ریتم و هارمۆنی دنیای هونەرن، ئەمە بەرئەنجامی تێگەیشتنی دنیابینییەكی هونەریشە بۆ ژیان، بۆ سروشتی مرۆڤبوون. ئەوەی نەشازی لەوەها ریتم و هارمۆنییەك دا دەماڵێ، ئاستی خواستی بەمرۆڤبوون و پەروەردەی زانستی و مەدەنی پەنجەكانە!، خوڵقاندنی ژینگەیەكی هونەری نوێ و بەسیستەم رێكخراوە لەبۆتەی بەدامەزراوەییكردنی جڤات. بێگومان هیچ تاك یا فەرمانڕەوایەكی وەها بەبیروباوەڕ شتڵ و شكڵگرتوو، ناتوانێ بۆیەك ساتیش لەسروشتی مرۆڤبوونی خۆی دوربكەوێتەوە.
ئایا تۆیش دەتەوێ نەشازی سەرزەنشتبكەی؟.. ئایا تۆیش هاوڕای ئەوانەی كە دەڵێن” زۆرینەی خەڵك و، گەنجانی ئەمڕۆ، بەپشتیوانی كەمینەیەكی نەرێخواز بەوەها وڵامێك، لەلایەن مۆرانەیەكی هونەری، دەیانساڵە ئیش لەسەر تێكشكاندنی ئاكارو زەوقی هونەرییان دەكرێ لەم هەرێمەدا؟!.. جارێ بێئەوەی لەباری مەنتیق و ئەقڵانییەوە ئێوە بەشوین دۆزینەوەی وەها وڵامێك مژوڵبكەم، دەمەوێ بڵێم راستییە بنچینەیەكەی ئیشی هونەر تەنێ هەر چێژ بردن و سڕكردنی ئاوەز نییە لەزەینی مرۆدا، بەڵكو لەبنەمادا ئیشی هونەر پەروەردەكردنی رۆحە. ئایا هاوردەكردنی ریتم و هارمۆنی هونەری ئەوانی غەیرە كورد، ئەوانی دژە كورد، لەئەزەلەوە بۆ ئەمرۆ، هەرگیز رویداوە وەزیفەیان پەروەردەكردنی رۆحیانەتی مرۆڤی كورد بێ؟.. یا تێكشكاندنی كارەكتەرو شێواندنی تەل و ژێكانی ژیانكردن و، بەرهەمهێنانی ئاژاوەو، ژاوە ژاو؟!..
من لەو باوەڕەدام چۆن تا ئێرە قبوڵكردنی برایەتی سەپێنراو، ئازادی بیركردنەوەو مافی بریاردان، ئازادی پەروەردەو فێركردن، كۆبوونەوە، رۆژنامەگەریی، سەفەر، كار، بازرگانی، بەكورتی تەنانەت ئازادی ژیانكردنێكی سەرەتاییمان تێكدەشكێنێ و، ئەم هەژمونی بیابانگەرایە دوچار بەنۆرە دڵێی كردوین، ئاوایش بەئاشكراو نزیك بەدەساڵە دنیابینی هونەری ئێمە بێپەروا بەناوی كرانەوە! ژان لەهونەری بێگانە دەگرێ!، دەساڵزیاتریشە بەرداشی ئەم بازارە مەبەست و بێ مەبەست كەرامەتی بینەرو گوێگرو كچ و كوڕانێكی ئەم هەرێمەی ئێمە تێكدەشكێنێ!..
وێنە هەرە زەقەكانی ئەم هاڕینی دنیابینییەی مرۆڤی كورد لەبەعەرەبكردنی ئاوەزو هەژموونی دراماو فیلمگەرا توركی و فارسیەكانی وەك بێریڤان و ئەمانەی كەناڵی سەحەر دا دەبینرێن، بێگومان پەنگاوی ئەم هەژمونگەرایە وایكردوە تاكی كورد لەنیشتیمانەكەی خۆیدا وا هەستبكا لەجەنگەڵی هێماكانا بژی و، كوردستان وەك شوێنێكی نامۆ بۆ ژیانكردن ببینێ، ئاخر ئەوەی زیاد لەهەر شتێك هونەرو شەقام بەیەكەوە دەلكێنێ هونەروەرە رەسەنەكانن نەك زۆڵەكان، هونەرو هونەروەری رەسەنیش ئەوەیە روناكی بخاتە ناو چاوی نابیناوە، یانی روانگەو دانیابینییەكی سەربەخۆت بداتێ، چونكە پێچەوانەكەی جگە لەوەی ئەم چاوو گۆێچكەیەت نەرێ دەكات، شتێكی ترت پێنابەخشێ، لەهونەردا ئەو شتانەی دەكەونە خانەی درۆینەوەو، نیەتێكی فریوكارییەوە یەكسانن بەپوچی، لێ ئیشی هونەر بەشینەوەی پوچی و هاڕینی دنیابینی و، ئەنفالی ئاوەز نییە!، ئیشی هونەر فراوانكردنی فەزای گشتیش نییە لەسەر حسابی ئەسڵ و بنەچە، ئیشی هونەر بەرهەمهێنانی هارمۆنی و توخمی نوێیە لەناو نیشتیمان بۆ هاونیشتیمانی، لەسەروی هەموو ئەمانەیشەوە ئیشی هونەر پارێزگاریكردنە لەهەستە گەورەو ناسكەكانی مرۆڤ بەگشتی.