حەمەسوار عەزیز: ڕێکەوت نییە لەو دەڤەرەی خۆمان لێکچوونێکی زۆر لە نێوان شانۆو بەرگدرووین_ دا ھەیە، بەرگدرووەکانی خۆمان ساڵ یانزە مانگ بەدیار مەکینەی دروومانەکەیان خەو دەیانباتەوەو تاک تاکە کەسێک دەچێت بەلایانەوە کە زۆرجار کەسانی بیانی و غەیرە کوردن، بەڵام کە مانگی ئادار سەرەتاتکێ دەکات ھیچ کۆڵانێک لەم شارە بەقەد کۆڵانی بەگدرووەکان قەڵەباڵغی تیادا نابینرێت و بەسەدان و ھەزاران کەس بۆ دروستکردنی دەستەجلێکی کوردی کە لە نەورۆزدا بیپۆشن روو لەم کۆڵانە دەکەن و بەشێوەیەک بەرگدرووەکان خۆیان و منداڵەکانیان بەشەو بەرۆژ خەریکی درووینی جلی کوردین و ھێشتا فریای زۆرێکیش ناکەون.
شانۆی کوردیش زۆر لەو بەزمەی بەرگدرووەکان دەچێت ، لە مانگی یەک و دوو بۆ دەرمانیش تاکە نمایشێکی شانۆیی نابینرێت، بەڵام کە نۆرە ھاتە سەر مانگی سێ و بەتایبەتیش رۆژی جیھانی شانۆ کە دەکەوێتە ٢٧/٣ ، ھەموو فەرمانگەو پەیمانگاو کۆلێژو تیپ و گرووپە شانۆییەکانی ئەم دەڤەرە دەکەونە سەرپێ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەیان نمایشی شانۆیی تەختەی شانۆکان پڕ دەکەنەوە، کە بەداخەوە ھەندێکیان تەنھا ئەوەی لە شانۆ دەچێ کە لەسەر دەلیل و پۆستەرەکەی نووسراوە شانۆگەری.
شانۆ بەشێوەیەکی بنەڕەتی واتە ئەکتەر، ئەکتەر کۆڵەگەی سەرەکی نمایشی شانۆییە و ھەموو ڕەگەزەکانی تر لە خزمەتی ئەودا دەبن، بەداخەوە پاش ئەوەی چەند نمایشێکی ئەوروپیمان بینی، زانیمان کە شانۆی کوردی چەند ھەژارو کەساسە لەم بوارەو زۆرێک لەوانەی کە دەچنە سەر تەختەی شانۆ ھەرگیز شایانی ئەوە نین پێیان بووترێت ئەکتەر تەنانەت لە نزمترین پلەکانییدا، ئەو میللەتەش کە ئەکتەری نییە بەو واتایەی شانۆی نییە.
بەداخەوە ھەموو ساڵێک لەم رۆژەدا ژمارەیەک کەس رێزیان لێدەگیرێت کە ساڵانە پاڵەوانی ھەموو مەراسیمەکانی رێزلێنانن و ئەگەر ژمارەی رێزلێنان و خەڵاتکرنەکانیان بژمێرێت ئەوە دڵنیام ھیچێک لە شانۆکارە مەزنەکانی وەک شکسپیرو مۆلێرو برێخت و ستانسلافسکی بەقەد ئەوانە خەڵات و بڕوانامەی رێزلێنانی وەرنەگرتووە، بەڵام خۆ ئەوەش خراپ نییە قەیناکا با ئێمەش لە بوارێکدا پێشەنگ بین و ژمارەی پێوانەیی لە “ھەژاری لە داھێنان و پێشەنگ لە رێزلێنان” تۆماربکەین.
پێشموایە ئەم ژمارە پێوانەییەی ڕێزلێنانە وایکردووە کە کەسانێک ئیدیعای ئەوە بکەن کە شانۆی کوردی لە ئاست شانۆی ئەڵمانی و ئەورووپییە، منیش دەڵێم ئەگەر پێوەرەکە زۆرترین قسەو کەمترین کردارو و خۆبەزڵزانین و ڕاپۆرتی یەک لەدوای یەک و ئیبداعی بەردەوامی ڕێزلێنان بێت، بەڵێ شانۆی کوردی چەند قۆناغیک لە پیش شانۆی ئەورووپییە.