ئا : فایلی كۆمەڵایەتی : رۆژانە هەواڵی چەندان كارەساتی مەرگئامێز دەبیستین، كە بەهۆی قسەیەكی بچوكی هەڵبەستراوو تۆمەتێكی دوور لە راستی دێتە ئاراوەو زۆرینە قوربانیەكانیش تەنها ئافرەتن. ئەوەی لە كوردەواریدا پێی دەگوترێت بوختان، رەنگە لای زۆربەمان تەنها قسەیەكی زارەكیو سادەبێت بێتە گوێ، بەڵام ناواخندا، لەمێژووی دوور نزیكو ئێستاشدا، لێكەوتەكانی تراژیدیای گەورەو خەمهێنەرن.
شنۆی تەمەن 34ساڵ ژیانو ڕووداوەكانی ژیانی خۆی لەسەر بوختان دەگێڕێتەوەو ئەم جارەیان میوانی چیرۆكە كۆمەڵایەتیەكانی گۆڤاری(زنار)ە. شنۆ بەڕواڵەت كەسێكی تا بڵێی دڵخۆشو بەخەندە دێتە بەرچاو، بەڵام لە قوڵایی یادەوریو ژیانی راستەقینەیدا چیرۆكێكی خەماویو تراژیدی لەناو ئەو روخسارە شیرینەیدا خۆی حەشارداوە، چیرۆكی ژیانی ئەو بەشێكی دابڕاو نییە لە كۆی ئەم چیرۆكانەی كە زۆربەی ژیان بە دەلیلی جۆراوجۆر لەم ژینگەیەدا هەیانە، بەڵام لەناوەڕۆكداو كە دەچیە بن جوبناوانی گێِڕانەوەكان، هەست بە تایبەتمەندییەكی تراژیدیتر دەكەی لەچاو ئەو چیرۆكەی كە پێشتر خوێندووتەوە. شنۆ دەیگوت ” زۆرجار ڕوودەكەمە خۆمو دەپرسم: ئاخۆ بۆچی ئەوەندە لاوازمو چاوم لەدەستی مێردەكەمە، كوا عەقڵو دەسەڵاتو پارەم تا بتوانم هیچ نەبێ نەهێڵم ئیهانەم بكات”.
ئەو دەیگوت “بەشی ژنان لەم ژیانەدا هەر ئەوەیە كە پیاوەكان بۆی دیاری دەكەن، بڕواناكەم جیاوازی لەنێوان بوونو نەبوونماندا هەبێ..هەر ئەوەندەی كە ویستت تواناكانی خۆت دەربخەی، ئیدی قسەی خەڵكو ئەملاو ئەولا دەكەوێتە نێوانەوە، لە منداڵیەوە وامان رادەهێنن”.
شنۆ دەڵێت “پیشەی جوانكاری چییە چەند جارێك هەوڵمدا، بەڵام هەموو جارێك قسەی دەوروبەر كیشەی بۆ دروست دەكردم لە هەوڵەكانم ساردی دەكردمەوە، كاتێك پێیان دەگوتم” عەیبەو شورەییە، لە بەیانییەوە تا ئێوارە لەماڵ دەربچی، سبەی كەس داخوازیشت ناكات…!”. بەم جۆرە قسانە گوێیان پڕكردم، بەم شێوەیە هەرچی خولیاو ئاڕەزووم هەبوو لەناخمدا كوشتیان.
راستیەكەی من ئەوكات وەكو ئێستا نەبووم، دەبینی كچان بەئارەزووی خۆیان دەچنە بەر خوێندن، بەڵام چیبكەم ئەوكات قودرەتمان چی بوو..!خوشكێكم تەنها توانی یەك هەفتە بە نهێنی بچێت بۆ خوێندن، ئەوكات تەنها رێگەیان دەداین تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی بخوێنینو دواتر دەریان دەهێناین، چیدی بۆمان نەبوو باسی خوێندن بكەین. لەگەڵ ئەوەشدا كە نەیانهێشت خوێندن تەواو بكەم، حەزم بە پیشەی جوانكاری ئافرەتان دەكرد، چونكە وام بیردەكردەوە كە نابێت بۆ یەك دیناریش منەت لەپیاو هەڵبگرم، بەڵام تەنها توانیم بۆ ماوەیەك لەم كارەدا بەردەوام بمو باوكمو براو مامەكانم رێگەیان لێگرتمو نەیانهێشت چیدی بەردەوامبم، جگە لەوە نەیانهێشت وەكو شاگردێكیش لەو ئارایشتگایانە كاربكەم!گەرچی بە رەسمی ئەم كارەم نەدەكرد، بەڵام لەبەر ئەوەی شارەزاییەكی باشم لەو بوارەدا هەبوو كچانو ژنان دەهاتنە ماڵمانو بە نرخێكی گونجاو جوانكاریم بۆیان دەكرد.
من وەكو كچێك زۆرم حەز بە سەربەخۆیی دارایی خۆم دەكرد، باوەڕم وابوو، كە نابێت هەرگیز چاوەڕوانی دەستی براو باوكو هیچ كەسێك بم. لەگەڵ بەردەوامیم لە ماڵی خۆمان بەم كارەوە، یەكێك لەو كچانەی كە دەهاتە لامو تەمەنی نزیكەی(30)ساڵ دەبوو، زۆری حەز دەكرد زیاتر لەگەڵمدا تێكەڵاوی هەبێت، ئەو كچێكی فەقیربوو، هەر ئەوكات كچە ئامۆزاكانم كە وەكو من كچی ماڵەوە بوون، حەسادەتیان بەم كارەم دەهاتو بەردەوام تانەو تەشەریان لێ دەگرتمو ئیشەكەمیان بە سوكو ناشرین سەیر دەكرد، ئەو كچەشی كە باسم كرد، مەبەستی ئەوە من رازی بكات بۆ برایەكی خۆیو ئەوەشی بۆ ئاشكراكردم، بەڵام من لەبەر ئەوەی باش شارەزای دایكی بوومو دەمزانی چەندە لەبلەبانو زمان درێژەو ماڵەكەشیان زۆر قەرەباڵغ بوو، بۆیە رازی نەبوومو داخوازیەكەیم رەت كردەوە، بەڵام ئەو سێ جار داوای كردمو هێندەی نەبرد ئەو مەسەلەیە بڵاوبۆوە..
ئێستاش نەمزانی چۆن ئەو مەسەلەیە بڵاو بۆوەو هەمووكەس پێی زانی، كچەكانی مامم دەرفەتی باشیان بۆ لوا تا بە كەیفی خۆیان قسەم لەسەر بكەنو دەیانگوت”بەخۆڕایی نەبوو، خوشكی ئەم كوڕە ئەوەندە لەگەڵیدا تێكڵاوە” تەنانەت ئەوەش بڵاو بۆوە كە منو برای ئەم كچە كە ناوی(دلێر)ە پەیوەندی خۆشەویستیمان لەگەڵ یەكتریدا هەیە…!بەڵام لەبەرئەوەی من هیچم لەخۆمدا شك نەدەبرد پەیوەندیەكانی خۆم لەگەڵ ئەم كچە نەپچڕاند كە ناوی(فاتیمە)بوو.
راستی من ئەوكات زۆر سادە بووم، چونكە نەدەبوو هەرگیز ئەم قسانەی لەسەرم دەكران پشتگوێیان بخەمو خەم سارد بم بەرامبەریان، تا باوكمو مامو براكانم ئەو قسانەیان بیستەوەو مامم بە باوكمی گوتبوو”بەم ئاخیرە شنۆ ئیشی خۆی كرد…!”چونكە هەر لە ئەساسدا مامم پێی خۆش نەبوو كاری جوانكاری ئافرەتان بكەم.
لەو كاتەدا دەرفەتێك بۆ بەرگریكردن لەخۆم نەمایەوە، تا بتوانم ئەو تۆمەتە لەسەر خۆم لابەرم، هەتا من سوێندو قورئانم بۆ دەخواردن كە بێ گوناهم لەو بارەیەوە، ئەوان زیاتر لێم شێتگیرتر دەبوونو زیاتریان لێِ دەدام..ئەوان سوێندیان لێ خواردم كە لێمی قبوڵ ناكەن هیچ كەسێك بەلای ماڵی ئێمە بێتەوە. هەموو ئەو كەرەستەو ئامرازەكانی جوانكارییان لێ شكاندم، براكەشم زۆر نەفامانە چوونە سەر رێگای فاتمەی هاوڕێمو چ قسەیەكی ناشرین بوو پێیان گوتبوو، كە ڕووی گێڕانەوەی نییە..!هەموو ئەو ئیهانەیەش لەسەر تۆمەتێكی بێ بناغە بوو.
لە دوای ئەم ڕووداوە بە دواوە، شەوانە خەون نەدەچۆ چاومەوە، بەدیار شكانی كەرەستەكانی جوانكاریم دادەنیشتمو ئەم ماڵەی خۆمانم لێ ببوو بە دۆزەخ. تەنانەت پێم خۆشەنەبوو دایكیشم ببینم..كەس نەبوو پشتیوانیم بكات، كاتێكیش فاتمە بەم مەسەلەیە دەزانێتو لای باوكم باسی بێ گوناهی منی كردبوو، باوكم لە وەڵامدا تابۆی كرابوو جوێنی ناشرینی پێدابوو.
هیچ چارەم نەمابوو. كەس بڕوای بە راستیەكە نەدەكرد، هەمیشە هەستم بە حەیاچوونی خۆم دەكرد، لەهەمووشی سەیرتر، خزمەكانی خۆمان دەیانگوت”دلێر بەس بۆ رابواردن شنۆی دەویست…!” ئەم قسانە تەواو پەستی كردبووم، هەر بۆیە ترسناكترین بڕیارم سەبارەت بە ژیانی خۆم داو بە فاتمەم گوت”ئامادەم شوو بە براكەت بكەم” ئەوەش تەنها بڕیاری دڵو عەقڵم نەبوو، چونكە نە ئەم كوڕەم خۆشدەویست نە پێشم پیاوێكی باش بوو، ئەوەندەی من لێی تێگەیشتبووم لەبەر دەستی دایكی دابوو فەرمانەكانی ئەو هەموو شتێك بوو لای كوڕەكەی.
دواتریش كاتێ شووم بە دلێر كرد هەموو پێشبینیەكانم راست دەرچوون، خوداش دەزانێ، شوكردنم بەو تەنها لەبەر سوككردنی تۆمەتەكەم بوون دەنا من هیچ كات ئارەزووی ئەم كارە نەبووم لەگەڵ دلێردا. هەر لەبەر ئەمەبوو نەهیم لە ژیانی داهاتووی خۆم كردو لەماوەی سێ هەفتەدا ماڕەبڕینو نیشانەو گواستنەوەش ئەنجام درا. لەم رۆژەوە، من پێم نایە قۆناغێكی نوێوە..ئەوكات داوای ماڵی خۆم نەكرد، چونكە دڵنیابووم بۆیان نەدەكردم، لە خێزانێكی ئاڵۆزو قەرەباڵغدا، خەسوویەكی زماندرێژوو بە لۆمەم هەبوو، هەر مەپرسە ژیانم چۆن دەگوزەرا. لەهەمووی بێزراوتر ئەوە بوو هەرچی هەستە بۆ ئەم كوڕەم نەبوو. تەنانەت وام هەست نەدەكرد هەر مێردیشمە.
یەكەم شت كە هەستم پێكردو دەبوو بیكەم، ئەوە بوو كە نەهێڵم منداڵم هەبێت، تا دوو سێ مانگ حەپی سكپڕیم بەكار دەهێنا، دواتر خەسووم لێمی گرتو كردی بە فەرتەنە، مێردەكەشم زۆر لێم قەڵس بوو. هیچ شتێ دادی نەدام، تاكە شتێ كە ئارەزوویەكی زۆرم بۆی هەبوو، پیشەكەم بوو، ویستم دووكانێ دابنێم، هاوسەرەكەم قبوڵی كردو ویستی دووكانێكم بۆ بگرێت، بەڵام خەسوو شوبراكانم زانیان رێگەیان نەدا سەر بگرێو كردیانە هەراو دەیانگوت “بە چ پارەیەك كرێی دووكانەكە دەدەی ئەی مەسرەفی ماڵەوەت چی؟” ئەم كارەش سەری نەگرتو مێردەكەشم پەشیمان بۆوە لە بەڵێنەكەی خۆی.
هیچ چارە نەما، لە ماڵەوە وردە وردە خۆم سەرقاڵ كردو رۆژانە كچانو ژنان سەردانیان دەكردم، زۆریش بە پەرۆش بووم بۆ كارەكەم بۆیە تێیدا سەركەوتوو بووم، بەڵام لەگەرمەی هاتنە سەر سكەی ژیانێكی دیكە دابووم، دیسانەوە چقڵێكی دیكە هاتە سەر رێگەم، وام هەست دەكرد، ماڵی مێردەكەم پێیان خۆشە، گەرچی من كۆڵێك مەراقم هەبوو، هیچم بەسەر خۆمدا نەدەهێنا، وام نیشان دەدا زۆر ئاسوودەو دڵخۆشم، بۆ ئەوەی مشتەریەكان بە هیچ شتێك نەزانن، هەرگیز بیرم ناچێتەوە ئەو ڕۆژەی كە دوو سێ كچی لێ بوون، لەپڕدا خەسووم بە ژوور كەوت، بێ ئەوەی سەلامو سڵاوێك بكات، لەبەر چاوی ئەوانو بە دەنگێكی توڕەو بەرز گوتی “هێی مێرە گیڵ، وەرە چێشتەكەت لێ بنێو وەختی ئیشكردن نییە” بە بیستنی ئەم قسانەی كە هەرگیز چاوەڕێم نەدەكرد لە ژیانی خۆمدا ئاوام بەسەر بێ، لە تەریقیان لێوی خۆم گەست، سەرم نەویكردوو هیچم پێ نەگوترا..كچەكانیش كە ئەمەیان بیست، گوتیان” برۆ ئیشی خۆت بكەو دوایی ئیشی ئێمە بكە، با ئیشی ئێمە بۆ دوایی بێت”.
بەهانەو كێشەكانی ئەوان بەردەوام بوونو نەدەبڕان، جارێكی دیكەش برای مێردەكەم دەیگوت “نابێ فڵانە كچ بێتە ئەم ماڵە” منیش دەمگوت”بەهیچ شێوەیەك لە ڕووم نایەت بەكەس بڵێم ئیشت بۆ ناكەمو مەیە بۆ ئێرە، ئەو هەموو جارێك دێتو دەڕوات هیچم لێی نەدیتووە”بەڵام لەو كاتەدا خەسوەكەم دەمی خۆی هێنایە پێشەوەو گوتی ” یان ئێرەی پێ تەرك دەكەین یاخود من ئێرە بە تۆ تەرك دەكەم”. لەوكاتدا من نەمدەزانی چی بكەمو چی بڵێم، نەمدەزانی چۆنی پێ بڵێم كە واز لێرە بێنێت، تا رۆژێك بە بێدەنگی پێم گوت، بەڵام ئەو زۆر بە نیگەرانیەوە گوتی” خۆ ئارایشتگا لێرە زۆرە، بەڵام لەبەر ئەوەی من ئیشەكەتم پێ جوانە بۆیە سەردانی لای تۆ دەكەم” لەوكاتەدا ئەو رەنگی پەشۆكابوو، بەڵا م لەم رۆژە زیاتر هەرگیز نەمدیتەوە.
لە راستیدا ئەمانە هەمووی بەهانە بوون، لەبەر ئەوەی من لە ژوورێك دابووم پێیان ناخۆش بوو زۆرجار لەكاتی ئیشكردنم، خەسوەكەم بەس بۆ ئەوەی لێم تیكَ بدات، سۆندە ئاوی بە ژوورەكەدا دەكرد، تا لە دواییدا هەموو شتەكانیان بۆ خستمە دەرەوەو گوتیان، جێگامان تەسكە، تا وازیان پێ لەو كارە هێنام، لەگەڵ ئەوەشدا مێردەكەم هەستی بە ئازارەكانی من نەدەكرد، بەڵام هیچ دەسەڵاتیشی نەبوو.
دوای ئەوەی سكم پەیدایوو دوو منداڵم بوو، كە كچو كوڕێك بوون، وەكو ئەوەی من خاوەنی ئەو دوو منداڵە نەبم، خەسووم دەیگوت “تۆ نازانی منداڵ بەخێو بكەی، نەخۆشیان مەكە…” ئەمەش بەزمی بەردەوامی خەسوەكەم بوو، رۆژ بە درێژایی رۆژ تاقەتم لێی دەچوو، مێردەكەشم خاوەنی دینارێك نەبوو، هەمووی لەدەستی خەسووم دابوو، وەكو سەگ دینار بە دینار بۆی هەڵدەداین، ئەوان وەكو مرۆڤ حسابیان بۆ نەدەكردم، ئەمە جگە لەوەی ماڵێكی قەرەباڵغ بوو، زۆرجار شت ون دەبوو، بەڵام هەموویان ڕوویان دەكردە من وەكو ئەوەی من دزیبێتم..هیچ چارەیەكم نەما، هەركەسێك لە جێگای من بایە دڵی دەتەقیو تەنها دەیتوانی ئەوەندە بكات، خەسووم ژیانی پێ نەهێشتبووم، هەمووشتێ باس ناكرێ، هەر بۆیە بە مێردەكەم گوت “یان ماڵی خۆم بۆ دەكەی یاخود دەقەیەك چییە لێرە نابم” بەڵام ئەو فەقیرحاڵە دەیگوت” بەدەست من نییە، لە ماڵەوە باسی دەكەم بزانم چۆن دەبێ”، كە لە ماڵەوە باسی كردبوو، خەسووم گوتبووی”من ماڵی خۆم بكەم(شنە)پێی ناچێتە ماڵی خۆی” كاتێ خەسوەكەم قسەی خۆی دەكات هەر قسەی ئەویش دەبێت.
كاتیكیش لە ماڵكردنی خۆم بێ ئومێد بووم، تەحەمولم نەماو رۆیشتمەوە ماڵی باوكم، ئەوكات لەبەرچاوی خەسوم رۆیشتم كەچی هیچی نەگوت..!دوو منداڵەكانی لەدەست رفاندمو گوتی”ملی خۆت بشكێنە”. دوای ئەوە دوو مانگ لەماڵی باوكم بووم، كەسیان نەهاتن بەلامەوە، تەنانەت مێردەكەشم، خەریك بوو شێت بم لەتاوی منداڵەكانم، سێ مانگ تێپەڕی ماڵی خەسووم نەویستیان ماڵی خۆم بۆ بكەنو نە هاتیشن بەلامەوە، تا لە كۆتایدا چی بڵێم، باوكم..ساویلكەیی، خۆشباوەڕی، ئەوە بوو بە قسەیەكی هەڵبەستراو چاوی لە حەیاو شەرەفی من پۆشیو منی گەیاندە ئەم رۆژە، گوتی”چار نییە با لێك جوودا ببنەوە، بەڵام منداڵەكانی نەهێنێت، ئەوە دواتر لێك جوودا بووینەوە، دوو منداڵەكانیشم لە چنگی خەسوومدا مانەوە، مێردە بێ دەسەڵاتەكەشم هیچی پێ نەكرا.. باسكردنی ئەم رۆژانەی دوور لە منداڵەكانم بەسەر بردووە زۆر قورسە، ئەوەندە نەبێت كە دەزانم رۆژ نەبوو لە تاو منداڵەكانم لە هۆش خۆم نەچم، لەماوەی یەك ساڵ مانەوە لە ماڵی باوكم توانیم تەنها سێ جار چاوم بە منداڵەكمانم بكەوێت، دواتر داخوازیم هات، كوڕێك هاتە داوام كە تەمەنی پێنج ساڵ لە خۆ بچووكتر بوو، باوكو براكانم زۆر پێیان خۆش بوو، منیش قسەم تێدا نەكردو رازی بووم.
من مرۆڤ بووم وەك هەر مرۆڤێكی دیكە، دڵو نەفسم هەبوو، بەڵام لەهەموو ژیانمدا تاكو ئێستا، بە ویستی ئەوان نەبێت نەژیاوم..دوو مێردم كرد بێ ئەوەی هیچیان هەڵبژێرمو دڵخوزای خۆم بن، ئاخر چۆن لە من چاوەڕوانی ژنێكی باش دەكرێ..ئێستاش ئەوەی تەنها خەونو چاوەڕوانی ئومێدی منە، خۆشگوزەرانی ئایندەی كچو كوڕەكەمە..تازە من تەواو….!.