مەسعودی مەلا ھەمزە: بەبۆنەی رۆژی جیھانی شانۆ و بەھاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان خەڵاتی رێزلێنانی بەخشیە ٢٠ شانۆکار لەھەرچوار شارەکەی کوردستان.
بەگوێرەی راپۆرتی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان ھاتووە، وەک ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتیو بە ئامانجی زیاتر خزمەتکردنی شانۆکاران، لە رۆژی جیھانی شانۆدا سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانیوە خزمەت بە شانۆکاران بکاو لەپای ھەوڵ و ماندووبوونیان خزمەتیان بکاو رێزیان لێ بنێ.
لە بەشێکی دیکەی ئەو راپۆرتەدا ھاتووە کە بەبۆنەی رۆژی جیھانی شانۆ سەندیکای ھونەرمەندان بەھاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە ھەر چوار شاری “ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، کەرکووک” رێزی لە ٢٠ شانۆکار گرتووە، کە لە ھەر شارەو ٥ شانۆکار خەڵاتکراون.
لەکۆتابەشی راپۆرتەکەی سەندیکای ھونەرمەنداندا ھاتووە کە لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی بە ئامادەبوونی نەقیبی سەندیکاو سەرۆکی لقەکانی سەندیکا خەڵاتەکان دابەش کراون و لەشاری دھۆک و کەرکووکیش بە ئامادەبوونی سەرۆکی لقەکان ئەو خەڵاتانە دابەش کراون و بڕوانامەی رێزلێنان بەو ھونەرمەندانە بەخشراوە.