ئاکۆ عارف: دواى ماندوبون و چاوەڕوانیەکى تاقەت پڕوکێن ، دواى بڕینى کەند و کۆسپەکان و هێشتا بون مانەوەى کەند وکۆسپى تر ، دواجار ئەوەى دەمانویست بەدیهات ،دواجار ئەوەى دەمانویست و دەمانخواست ئامادیمان تیایدا هەبێت بووە واقع و یانەى سلێمانى گەیشتەوە خولى بژاردەى یانەکانى عێراق .
دابڕانى تیپى تۆپى پێى یانەکانى سلێمانى لە خولى بژاردەى یانەکانى عێراق ، بەتایبەتى دورکەوتنەوەى یانەى سلێمانى وەک سومبلى یەکەمى شارەحەیاتەکە لەوخولە بۆشاییەکى گەورە و دابڕانێکى بە ئازار و نیشانەیەک بوو لە نیشانەکانى ئاستى لاوازى یانەکانى ئەم دەفەرە کە لەچەندان سەرەوە کاریگەرى خراپى لەسەر ناو و ڕەوشى وەرزشى شارەکە هەبوو ، ئێستاش کە یانەى سلێمانى گەیشتۆتە خولەکە هەنگاوێکى گەورەیە بەڵام هێشتا ئامانج گەلێکى زۆر ماون بەتیرى دەسکەوت و بردنەوە و سەرکەوتن بیان پێکین .
گەیشتنەوەى یانەى سلێمانى بەخولى بژاردەى یانەکانى عێراق دەسکەوتێکى جوان و پڕبایەخە ،خۆ ئەگەر بێتو هەموومان لە کاریگەرییەکانى ئەو دەسکەوتە تێنەگەین و پشت و پەناو کۆڵەکەى لەسەر پێ وەستانى یانەکە نەبین ، رەنگە لەخولە گەورە و بەهێزەکەدا دووچارى کەوتن و پاشەکشە بین ،ئەو دووحاڵەتەش واتە ( کەوتن و پاشەکشە ) ئەگەر بێتو لەوەرزى نوێ ى چاوەڕوانکراوى یارییەکاندا رووبدات کەیەکەم وەرزى بەشداریکردنەوەى یانەى سلێمانیە رەنگە شکستى گەورەى بۆ یانەى سلێمانى و وەرزشى شارەکەش بەدوادابێتەوە کە ئەمە حاڵەتێکى تەندروست نیە و باجەکەشى قورس و گران دەبێت .
ئێستا سەروەختى ئەوەیە ئەم سەرکەوتنەى یانەى دایک بەهەند وەربگرین ، بەڵام لەهەمووشتێک گرنگ تر ئەوەیە کە خوێندنەوەو قسەوپلان مان بۆ رکابەریەکانى یانەى سلێمانى لە خولى بژاردەداهەبێت ، چونکە ئەوەى سەرە واو ێک لە وەرزش بزانێت و شارەزاى پاڵەوانێتیەکان بێت دەزانێت و تێدەگات کەخولى بژاردەى یانەکانى عێراق توند و بێ ئامان و سەخت و ئاڵۆزە و لەم ساتەوە یانەى سلێمانى پێویستى بە زۆرترین پشتیوانى و پشتگیریکردنە و بەر لەهەر شتێک دەبێت مادى و مەعنەوەى لە خزمەت تیپەکەماندابین ، خۆئەگەر ئێمە گەیشتنى تیپەکانمان بە خولە بەهێزەکان گەرەکە ئەواتیپى یانەکانیشمان تیمارى دەرد و بە کۆتاهێنانى ئەو قەیران و خەمانەیان دەوێت کە بەرۆکى پێگرتوون .
ئەوەى یانەى سلێمانى لەم وەرزەدا دەستەبەریکرد بەماناى تەواو دەسکەوتە بەڵام رەنگە ماناى کۆتاى هاتنى ئەو کێشەو گرفتانە نەبێت کە تاساتى سەرکەوتنەوە بۆ خولى بژاردە بەرۆکى تیپەکەى گرتووە ،هەروەک ڕەنگە ماناى بوونى تیپێکى پۆشتەش نەبێت ، بۆیە ئەرکى هەموومانە بەر لە دەسپێکى خولى بژاردە چارەسەرى زۆربەى کێشەکانى تیپەکە بکەین ، هەروەک دەبێت هەرچى زووە تەواوى درز و کەلێن و بۆشایەکانى هێڵەکانى یاریکردنى تیپەکە پڕکەینەوەو ئاست و تواناى راهێنەر و یاریزانانى تیپەکەش بە ڕێز و بایەخەوە لە بەرچاوبگیرێت .
سەرکەوتنى یانەى سلێمانى ، ئێستا زیاتر لەوەدا دەدرەوشێتەوە کەسەر بارى بوونى کێشەگەلێکى زۆر توانى خەونى سەوزى هەوادارانى تیپە سور پوشەکە بەدیبێنێت ، بەڵام هەڵەى گەورە ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ خواست و ئامانجى تیپەکەدا رێ نەکەین و لەخەمى ئێستایاندا و لەساتى سەرهەڵدانى گرفتى تردا لەگەڵیان نەبین .
کاتى ئەوە هاتووە و کات درەنگەو زوونیە تا یانەى سلێمانى بەقەد بەرزى و پیرۆزى و جوانى ناوى شارەکە خزمەت و پشتیوانى بکرێت ،هەروەک دەبێت سلێمانى چۆن لە زۆربەى کایەکاندا پێشەنگ و یەکەم و داهێنەرە ، یانەکانى ئەم شارە بەتایبەتى تیپى تۆپى پێى یانەى سلێمانى ناوى سلێمانى لە کایەى وەرزشى دا درەوشاوەتر بکات و لەمەشدا شارەحەیاتەکە خاوەنى پشکى شێربێت ، گەر ئامانجى یانەکە لەم قۆناغەدا تەنیا مانەوەش بێت لە خولەکەدا دەخوازم هەموومان لەگەڵیاندا سروودەکانى سەرکەوتن بڵێینەوە .