یەکێک لەم یاریانەی لەوانەیە بۆ خوێنەر یان یاریزانی کورد نامۆ بێت ئەویش یاری (شۆگی Shogi ) یە. بەم یارییە دەتوانین بلێین شەترەنجی یابانی بەڵام بە جووڵەی زیاتر لە یاریکردندا و جیاوازی لە شێوە لەگەڵ شەترەنجی جیهانییدا. لە ئەلمانیا شاری شتوتگارت مناڵێکی ٩ساڵانی کورد لەسەر قوتابییەکانی ترو لە تورنەی شارەکەی و دەرەوەی سەردەکەوێت.
بۆ یەکەم جار مەکوان یوسف تاهیر لە قوتابخانە بە یاری شۆگی ئاشنا دەبێت و خۆی خۆی پێدەگەیەنێت، لە زاری باوکی مەکوانەوە بۆی باس کردین و ووتی ” ڕۆژێک مامۆستاکەی لێیدەپرسێت لەمالەوە کێ فێری یاری شۆگی کردوویت ئەمیش دەڵێت کەس فێری نەکردووم خۆم لێرە فێری بووم لەم کاتەدا مامۆستاکەی گرنگی زیاتری پێدەدات و ڕەزامەندی ئێمە وەردەگرێت بۆ بەشداری پێکردنی لە پێشبڕکێکان”.
مەکوان تا ئێستا چەند پلەیەکی باشی بە دەست هێناوە، سەرەتا لە سەر ئاستی قوتابخانەکەی خۆی سێهەم دەبێت دواتر لە سەر ئاستی شتوتگارت بەشداری پێدەکرێت لەوێش سێهەم و لە پاڵەوانێتی ئەوروپاش لە تەمەنی خۆی دووەم دەبێت لە چەند پێشبڕکێی تریش مەدالیا بەدەست دەهێنێت.
جگە لە یاری شۆگی (شەترەنجی یابانی) مەکوان حەز بە هەواڵی کەش و هەوا دەکات و بەردەوام ڕۆژانە سەرقاڵی گرنگی دانە بە حەزەکەی. دوای لافاوەکەی یابان و کێشەی ئەتۆمی ئەم ووڵاتە پرسیاری زۆر لای مەکوان دروست دەبێت و لە قوتابخانەکەی خۆی لەگەڵ مامۆستاکەی دادەنیشێت و دەکەوێتە پرسیارکردن لەوەی ئایا ئەم ڕووداوە تا چەند زیانی بۆ ئەڵمانیا هەیە و چۆن خۆمان بپارێزین لە ڕووداوێکی هاوشێوە لە ئەڵمانیا و کاریگەری بۆ سەر ژینگە و زۆر پرسیاری تر کە مامۆستاکەی پێی سەرسام دەبێت لەم تەمەنە بچووکەی.
لە مەکوانمان پرسی حەز بە چیتر دەکات ؟ ئەویش لە وەڵامدا پێی ووتین ” حەز دەکەم سەربکەوم، حەزم لە دۆڕاندن نییە “.
هیوای سەرکەوتنی هەمیشە بۆ کاکە مەکوان..