نزای نازەکانت ، ھەر بە بێنازی ماڵئاوایی دەکەن
تەمەنت مەسپێرە بە بەخت و
خەیاڵە تەم گرتووەکان
نیگات مەبرە بە رێگا تەنیاییەکان بۆ ھاتنم
گلەیی لەو عەشقە مەکە ،
کە خۆت ئاوازت بۆ گاتاکانی دانا
تۆ ، کە رۆژەکان لەخاچ دەدەیت و
مانگەکان دەکەیتە پرسەو
وەرزەکانیش نەزۆک…
مەستی بە رووخسارتەوە دیارە ، دیار
بۆنی شەرابی خەم لێ دێ ھەموو جار
خەریکە تەنیایی ، تەنیاترت دەکا
لێوەکانت .. سەماو ئاوازی ماچیان لە بیر چۆتەوە
بزەکانیش سەفەریان کردووە
وەرە بریاردە و دوو دڵ مەبە!
خۆشی ببەخشە بە خۆت و سەدان جار بە من
ھەنگاوت بە لەزترکە ، وەرە
باوەشم ، بۆ باوەشی گەرمت کرایتەوە
ژوان گوڵاو پڕژێن کراوە لە بۆنی نێرگزو رەیحان
دەستت بێنە ،
با لە ھێڵ و مۆنتیڤەکانی دەستت تێبگەم
عەشق لە چاوت بخوێنمەوە
لە ناو دڵت بیدۆزمەوە
وەرە وردە خەمەکانیش بە ماچ لە خاچ بدەین
عەشق پەیامی لێخۆشبوونە ،
گلەیی نییە لە زەمەنە بە سەرچووەکان
وەرە بە یەکەوە ، ئێستا جوانتر بکەین
بەیانی شیرینتر و پیرۆزتر
چیتر بە ھەدەر مەدە تەمەنت
ھەناسەیەکی تر ھەڵمژە بۆ ژیان
دە ماڵئازایی لە تەنیایی بکە !
کە ھاتی ، گیانم لە پێشوازیت دایە
پەیڤەکانی شیعرم پڕدەبن لە تریفە
دێرەکان دێنە سەما و
پیتەکانیش دەبن بە نۆتەو ئاواز
لەوە دەترسێم بە گەڕانەوەی تۆی فریشتە
زمانم لە گو بکەوێ
بەڵام ، ئەمە بزانە گوڵەکەم!
جوان تێبگە لە پەیامی دڵەکەم!
لە جاران زیاتر،
تۆی خوش دەوێ!!!
یاسین برایم _ رواندز
R_xarand@yahoo.com