خولیا حسێن
کەنەدا
سی هەزار جار کوژراوم و
بریسکەی سی هەزار خەنجەری دەبان
لەنێو برینەکانی مندا هات و چۆ دەکەن و
ڕۆژانە سی هەزار جار
زامەکانم دەرزی ئاژن دەکەنەوە
سی هەزار جار فڕێیاندامە نێو دۆزەخی نائومێدی
لە نێو شەپۆلە سوورەکانی ئاگر
لە گەڵ ڕێژنەی ترس و
خوڕەی فرمێسک و
برووسکەی ئازارەکانی خۆمدا
شایی مەرگم دابەستاوە
ڕۆژانە
دووکەڵی سی هەزار جەستەی سووتاو،
هاواری سی هەزار خەونی کوژراو،
هەناسەی سی هەزار ئومێدی خنکێنراو
دەستە دەستە
دەفڕن و
لە ئاسمانی ئەم نیشتیمانە
دەسوورێنەوە
بوونەوەرەکانی نێو ئەم ئەم نیشتمانە
هەموویان سەربەرەو خوار دەڕوانن
چاوەکانیان کوێرە ، گوێچکەیان کەڕە،
لووتیان پڕ بووە لە بۆنی بارووت و
خوێن و
لە بۆنی بۆگەنی شار !
ئەم بونەوەرانە
نە دەمان بینن،
نە هاوارەکانمان دەبیستن و
نە بۆنیش بە برینە تەڕەکانمانەوە دەکەن
٢
پیاوەکانی ئەم نیشتیمانە
هەموویان شەیدای ڕەنگی سوورن
ئەم پیاوانە
سەیارەکانیان سوورە،
نێوچەوانی ماڵەکانیان بە ڕەنگی سوور بۆیە دەکەن
ژوورەکانیان بە فەرشی کاشانی سوور دەڕازێننەوە
شەوانەش
لەسەر سووچی شەقامەکان و توولە رێگاکان
گلۆپی سوور دادەگیرسێنن
نەبادا ڕەنگەکانی تر دزە بکەن و
لەڕقی بێبەهابوونی بەهاکانیان
پەرستگا سوورەکانیان بەردە باران بکەن
ئەم پیاوانە
ڕەمزی سووریان لە هەموو ڕەمزە پیرۆزەکانی تر
خۆشتر دەوێ
سوێند بە ڕەنگی سوور دەخۆن
نازناوی هەڵۆی سوور لە خۆیان دەنێن و
دیرۆکی ئەم نیشتیمانەشیان
ناو ناوە مێژووی سوور !
پیاوەکان
گەورەیی خۆیان لە ڕەنگی سوور دەبیننەوە
بەچاو سوورکردنەوە داوای خۆشەویستی و
داوای ماچ و
داوای تێکەڵبوونە زایەندییەکانمان لێ دەکەن
ئەم پیاوانە
هیندە مەستی ڕەنگی سوورن
خۆشەویستیش بە ڕەنگی سوور پێوانە دەکەن
لە نێو کەفی دڵۆپە خوێنەکانی شەوی پەردە
بەهاکانی ژیان بە ڕوو سووری دەبینن
ئەم پیاوانە
هیندە چاوچنۆکن
قەت دڵیان نایە
گوڵێکی سوور پێشکەشی خۆشەویستەکانیان بکەن
هەر خۆیان چیژ لە رەنگە سوورەکان وەردەگرن
ئەو لێوانە دەسووتێنن کە بەتینی ماچ سوور دەبنەوە
ئەو لووتانە دەقرتێنن کە بۆنی گوڵی سووری خۆشەویستی دەکەن
ئەو قەڵەمە سوورانەش دەشکێنن کە خەونەکانی خەڵک وخۆیان و
خۆشەویستەکانیان بە ڕەنگاو ڕەنگی
دەنووسنەوە
پیاوە کانی ئێمە
بە بۆینباخی سوور دەچنە ئاهەنگی هاوسەرگیری و
بە نووکی شمشێرە سوورەکانیشیان
پەیامی جیابوونەوە و ماڵاوایی مۆر دەکەن!
٣
ئەم پیاوانە
سی هەزار پیاوی نێو ئەم نیشتیمانە سی هەزار جار کوژراوەن
کە سی هەزار جار منیان کوشت و
سی هەزار جار فڕێیاندامە نێو گڕی ئاگر و
سی هەزار جار زیندەبەچاڵ و
سی هەزار جاریش،
بە سی هەزار بەردی ئەم نیشتمانە،
بەردە بارانیان کردم!
لەگەڵ ئازاری هەر بەردێکدا
شەپۆلەکانی مەرگ
سی هەزارجار سەمایان پێ دەکردم و
نەشیاندەبردم
هەر چرکەیەکم لێ دەبووە سی هەزار ساڵ و
هەر نەشدەمردم!