شەو / ڕووت بوونەوەیە لە بەردەم ئاوێنەی
خەیاڵە خورماییەکانی ئەوین و
گیان بە بەردا کردنەوەی
هەموو ئەو نیگایانەیە
کە لە نێوانی من و تۆدا
بە بەرسیلە یی لە ناو چوون .
شەو/ دەست گرتنی ئومێدە رۆمانسیەکان و
پیاسەیەکی دوور و درێژە لە سەر
توولە رێگاکانی کاکێشان و
رووانینە لە داڕژانی ئەستێرەیەک و
خوێندنی دوعایەکی چاو تەڕە.
شەو/ گەڕانە بە دوای دەست و قاچی
بووکە شووشەکانی منداڵی و
سوورانەوەیە لە نێو بازنەی
کۆڵانە داخراوەکانی هەرزەیی و
ئومێدی گێڕانەوەی چرکە بە چرکەی
ساتە بە هەدەر چووەکانی تەمەنە .
شەو/ ورووژاندنی شارە میروولەی
پرسیارە بێ ئامارەکانی ئەندێشەیە و
ئەبلەق بوونی چاوی
وەڵامە سڕبووەکانی هزرە.
شەو درێژ بوونەوەی
ڕێگا پێچاو پێچەکانی گومان و
گڕگرتنی گوڵدانەکانی
ئارەزووە
لە بالکۆنەکانی تەنیاییدا.