سلێمانی
ئه‌ی مه‌ڵبه‌ندو کانزای جوانی
ئه‌ی شریخه‌ی گیانی ووڕو
ئه‌ئ بزوێنی جه‌سته‌ی سڕ‌و
ئه‌ی سروودی کامه‌رانی
ته‌مه‌نێکی ئێجگار سه‌خته
له‌تۆ دوورم
ئه‌شکی سوێرت بۆ ده‌ڕێژم
22 به‌هار
زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاو گه‌ڵای وه‌ری
22 به‌هار
گوڵه‌گه‌نم هه‌ر به‌سه‌وزی
ژه‌نگ به‌باڵایا هه‌ڵزناو ره‌نگی په‌ڕی
به‌ڵام منی شێت و شه‌یدا
ته‌نها شه‌وێک به‌بێ خه‌مت
چاوه‌کانم لێک نه‌ناوه
ته‌ها ساتێک ، برێنێکم
بێسهروهریت
ئاخێکی هه‌ڵنه‌کێشاوه
بێ گه‌وره‌ییت
هه‌رگیز هه‌رگیز نهخهنیوم
ووشه‌یه‌کم نه‌خه‌مڵاوه ..
(2)
ئه‌ی قیبله نمای دڵه‌که‌م
پیرۆزرتین په‌رستگای عێشق
له‌ورۆژه‌وه‌ی له‌ناو دڵتا
ئاوێنه‌ی خه‌میان شکاندم
ئاگردانی پڕلهجۆشی کوردایه‌تی
باپیره‌میان کوژانده‌وه
هه‌ردوو چاوم کز‌و کوێره
که‌لله‌م وه‌کوو زرکهکاڵه
دڵم شارێکی وێرانه
کاوله‌یه
پڕلهژانه
له‌و رۆژه‌وه له‌ناخمه‌وه
بۆ عه‌شقی پیرۆزت ئه‌گریم
وێڵم به‌دوای بێکهسیتا..
هه‌ناسه‌که‌م
وه‌ک شه‌ماڵ و رهشهباکهت
خۆی له گوێسوانه‌ی ماڵان و
گوێچکه‌ی کپی منارهکانت هه‌ڵده‌سوێت
ماچی هه‌موو مردوه‌کانی شارت ده‌کات
هاوارده‌کات
گوێ له‌ناڵه‌ی یاخێهکی نیوهشهوو
بیر پته‌وو
شاعیرێکی سه‌رکه‌ش بگرن
روولهرۆژی سه‌ربه‌خۆیی
بژین، بمرن..
(3)
سڵێمانی هۆ شاره‌که‌م
له‌و رۆژه‌وه‌ی عێشقیان کوشتی
هاوار ئه‌که‌م
له ئامێزی گه‌رمی خۆتا
گشت زامه‌کان کۆکه‌ره‌وه
خه‌می ئه‌و رۆژه‌م به‌ره‌وه
یه‌که‌م سروودی ئاوێستام
له‌سه‌ر ته‌رمی
شه‌هیدێکی ههڵهبجهخوێند
له‌سه‌ر کوڵکۆی گونده‌کانی ئه‌و گه‌رمیانه
یه‌خه‌ی ئاسمانم راتهکان
له جۆلانه‌ی دڵهشما
شه‌هیدانی ئه‌نفال وگشت کوردوستانم
رائهژان ..
(4)
هۆشارهکهی کاک ئهحمهدو عه‌وله‌سیسی قاره‌مان
خه‌می ئه‌و رۆژه‌م به‌ره‌وه
له‌ڕۆحی گه‌وره‌ی شیعرێکدا
ئاوێنهشکاوهکانی دوێنێ و
ئاهوناڵه‌ی بێ نه‌واکان
رۆژانی جه‌نگی پێشمه‌رگه‌و
فرمێسکه شهرابیهکانی کچان ..
رۆحی هه‌ڵچووی کوڕهکانتم ئه‌هۆنیه‌وه
بۆ ملوانکه‌ی ملی ئاسۆ
بۆ گه‌ردانه‌ی گه‌ردنی تۆ..
(5)
سلێمانی وه‌بیرت بێ
تکاو نیزای هه‌ڵقرچاوی دایکه‌کان و
ووردو ته‌هلیله‌ی شه‌وانی باپیرانتم
له‌سه‌ر به‌رماڵێکی خهستهوماندوو
به‌ره‌و ئاسمان و لای خودا
حه‌وا ئه‌دا ..
(6)
سلێمانی هۆ شاره‌که‌ی( سه‌یوانی) و
(کاوانی) و
(ئه‌که‌ی حه‌پسه)
جێ نزرگه‌ی( نالی) و (مه‌حوی)و
ئه‌مڕۆژه بێکه‌سه
تاکوو من هه‌م
بهدووچاوو هه‌ردوو ده‌ستی ئه‌مڕۆژگاره
برینداره
به خڕکه به‌ردی خوێناوی
به‌جێماوی
دوای شه‌هیدان
بارانه شیعر
به‌سه‌ر دڵه‌ی خهمبارتاههڵدڕێژم..
(7)
سلێمانی
تۆ شاوشادهی رۆژگارێکی
ئه‌م باشووری کوردوستانه‌ی
هێنده‌ی گه‌ڵای داره‌کانی باخی گشتی
ده‌ردی هه‌بوو !
سه‌دان هێنده‌ش تۆ به ئاگای
زۆڵه‌کانی العروبهو
کوردفرۆشان
وه‌ک شهمشهمهو مشکی زێراب
ره‌نگیان هه‌بوو !
ئه‌و بێشه‌رمه دڵکوێرانه چی‌یان نه‌کرد
له‌خه‌زێنه‌ی دڵی تۆدا چی‌یان نه‌برد..
(8)
هۆشارهکهی دایه (شه‌مسه) و دایه(خه‌جێ)
به‌هه‌زاران دایکی ترم
منیش شاده‌ی ئه‌و رۆژانه‌م لهههناوتا
هه‌ر هه‌ڵۆ بوو چاوه‌کانیان ده‌رده‌هێنان
گوڵه‌کانی دوور ئاوایی و جه‌رگه‌ی دڵتیان
ههڵدهوران
شوشه‌ی دڵی عاشقان و
بێشکه‌ی ساواکهتیان ئه‌شکان ..
(9)
دهڕاپهڕه
بائه‌و زامه جوانخاسانهی ژوور سه‌رینت
ژێر پێ نه‌خه‌ن
باسهروهری ئه‌و رۆژانه‌ت لێنهستێنن
هه‌ر ده‌وه‌ن بوو ئه‌بوو به‌دار
ههرداریش بوو خۆی ئه‌سووتان
بۆ سوتانی ده‌ستی زۆردار..
(10)
دهڕاپهڕه
بێده‌نگیه‌کان بورووژێنه
ته‌ختی زورداری پر مه‌ینه‌ت
دادهپێنه
شه‌قام پڕکه لهههرزهکار
کۆڵان پڕکه لهخڕکه به‌رد
بازاڕپڕکه له تۆڵه‌و رق
تانهفرهتی ئه‌م ده‌ستووره
بێسنووره
ماڵهوماڵت نهپشکنێ
تاڵاوی ره‌ش
ژه‌هرت به‌نێ ..
(10)
هۆشارهکهم
ئه‌و جه‌للاده خوێنخۆرانه
زۆر ده‌مێکه له‌تۆ پڕن
گهربێنهوه
بهزۆڵهکورد ده‌ستت ئه‌بڕن
دهووریابهو ههستهسهرپێ
کێ دوژمنه بیخهژێرپێ
بیخهژێرپێ….
خاڵه‌حه‌مه/ دانمارک/ڤالبی/20/10/2012