تابلۆ حه‌سه‌ن
ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی تاجی میدیات له سه‌ره
ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی سه‌رپۆشی
ژنه ئهنفالێکت له سه‌ره
ناوت ده‌نێم حه‌مرین
ئه‌ی ئه‌و گوڵه‌ی گیانبازیت کرد به پیشه
ئه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌ی ئاسمان و زه‌مینت له یه‌کدا
ناوت ده‌نێم حه‌مرین
ئه‌ی ئه‌و جه‌سته زیندووه‌ی
خۆڵه‌که‌ت ،
ده‌بێته کێڵگه‌ی گه‌نم و جۆ
بۆ هه‌ژارانی کوردستان
ناوت ده‌نێم حه‌مرین
ئه‌ی ئه‌و مانگه گه‌شه‌ی،
له نێو،
چاوی گه‌شی کیژۆڵه‌یه‌کی سلێمانی هه‌ڵدێیت
ناوت ده‌نێم حه‌مرین
ئه‌ی ئه‌و هه‌ڵبه‌سته شێعره‌ی
پێشمه‌رگایه‌تیت کرد به پیشه
ئه‌ی ئه‌و سۆفییه‌ی شه‌وانه ،
سوره‌تی نیشتمان خه‌تمه ده‌که‌یت
***
تۆ ئه‌ی مۆمه گه‌شه‌که‌ی هۆڵی کڵێسا‌کان
تۆ ئه‌ی ئه‌و خه‌نه ئاڵه‌ی وا به په‌نجه‌ی عاشێقانهوه
ئه‌ی ئه‌و سرووده‌ی سه‌رله به‌یان
ده‌یخوێننه‌وه منداڵانی کوردستان
تۆ ئه‌ی قه‌ڵخانی
دوز و که‌رکوک و خانه‌قی
تۆ ئه‌ی ئه‌و هاوینه‌ی به‌فرت لێ ده‌بارێ
ئه‌و زستانه‌ی گڕت لێده‌تکێ
تۆ ئه‌ی حه‌مرین،
ئه‌ی پشتوێنی وڵاتی به‌فرین
تۆ ئه‌ی هێمای کوردستانی
ئه‌ی ئه‌و منداڵه‌ی سازش نازانی
ده‌ست ده‌گێرم به ناو پرچما
ده‌تبینم به وێنه‌ی ده‌مانچه‌یه‌ک دانراوی
ده‌ست ده‌به‌م بۆ دیوانی شاعیران
ده‌تبینم هه‌ڵبه‌ستێکی له سه‌ره‌تا
هۆنراوه‌یه‌کی پڕ واتا
که تفه‌نگێک ده‌بینم
ده‌بینم له لووله‌که‌ی به‌پێوه وه‌ستاوی
تۆی ئه‌ندێشه‌یه‌کی بێ بن
به هێزتر له ئێف شانزه‌ی دوژمن
دایکوته له حه‌مرین
له‌وێ سهوزبه وه‌ک نێرگز و نه‌سرین
تا رۆژێک مێژوو ده‌تنووسێته‌وه
وه‌ک فیشهگێک له که‌له‌سه‌ری تابووری پێنج
ئێمه گه‌لێکی دیلین
مه‌گه‌ر تۆ بشکێنی زنجیری دیلی
ته‌نانه‌ت ،
مهلهمۆتکهی ترسی هه‌ندێ بکوژی
که‌سمان نیه جگه له تۆ
به پێ خاوسی له سه‌ر ورده شووشه و درک و داڵدا بڕوات
تۆ ئه‌ی بزوێنه‌ری خه‌بات
تۆ ئه‌ی رێنیشانده‌ری جاده‌ی نه‌جات
که‌چی هه‌ندێکمان
وه‌کو مریشک
کڕ که‌وتوون له سه‌ر هێلکه‌ی خۆپه‌رستی
له کاتی جه‌نگدا له به‌ر ده‌که‌ن سه‌ڵته‌ی نۆکه‌رێتی
له کاتی ته‌نگانه هه‌ڵدێن به پێی په‌تی
ده‌سا ئه‌ی حه‌مرین
ده‌ستی هه‌تاو بگره و
بیچهقینه له پێده‌شتی گه‌رمێن
شێخان هاوارت بۆ ده‌کات حه‌مرین
که‌رکووک په‌نات بۆده‌بات حه‌مرین
خانه‌قی و مه‌نه‌لی سه‌نگه‌ریان گرتووه له حه‌مرین
نه‌هێڵی ئه‌نفالچیه‌کان چیتر بێنه
ئه‌و شوێنه‌ی کچانی کوردی تێدا ده‌ژین
ئه‌ی پاسه‌وانی سنووری حه‌مرین