به‌و دارستانه‌ی ئاوازی شمشاڵی لێ ده‌چۆڕێ و شه‌تڵی وه‌فای تا قووڵایی من لێداوه. ئه‌و هه‌میشه به دڵۆپێك شه‌ونم له عه‌شق ده‌مگه‌یه‌نێته دواهه‌مین ترۆپكی ئاوه‌دانی و تینوویه‌تی زه‌رنه‌قووته‌ی ئه‌وینم ده‌شكێنێت … پێشكه‌شه!
سارا عومه‌ر
چهرچهفهكانی قه‌تیسبوون بدڕێنه و
ڕه‌دووی سووپاكانی عه‌شق بكه‌وه، ئه‌ی یار!
كه‌له‌به‌ر و مناره‌ی گومانه ئه‌ڵقه‌ڕێز كراوه‌كان
به تنۆكی موشتاقیت
هه‌ره‌س پێ بهێنه و
دووقاچ بكه به دوو باڵی سپیكهلانهی ئه‌ندێشه و
به‌ناو ئاسمانه‌كانی خه‌ره‌نددا له شه‌قه‌ی باڵ بده بۆ لام،
خوایار!
به‌ناو توونێله‌كانی سینه‌ی مندا دێراوێك لێبده بۆ لای خۆشنودی
كه‌وشه قوڕئهنگێزهكانت تووڕ هه‌ڵده و
به پێی خاوسی به‌سه‌ر سوبحهكانی نه‌سیمدا هه‌نگاو هه‌ڵنێ
پێ له‌سه‌ر گوڵه قهیفهكان دامه‌نێ
نه‌كا له‌ناو عه‌شقی مندا بژاكێن
شه‌ق له لالهعهباسهكان هه‌ڵمه‌ده
ئه‌وان بۆن و بهرامی چركه‌كانی موچوڕكیان لێدێ!
وریای دڕكه تیژه‌كان به، له شه‌ڕواڵی شه‌كه‌تیت نه‌ئاڵێن و
گلت بده‌نه‌وه له بێستانهكانی خۆیان
چونكه تۆ؛
به ته‌نها به‌ره و لای من رێ ده‌گریت و
بوونی من فه‌قه‌ت له خۆتدا مۆر ده‌كه‌یت!
له چركه ساماڵه‌كانی سۆراخدا
ئاگات له چرپه‌ی بایهقووشه بهڵهكدارهكانی تارمایی بێت
ئه‌وان سڵاوی فیردهوسهكانی موحیبه‌تیان پێیه
چاو له شه‌مشه‌مه‌كوێره ڕهشۆڵهكانی خامۆشی مهتروكێنه
ئه‌وان له تاریكی‌دا دڵی منیان له‌سه‌ر پانتایی باڵه‌كانیان هه‌ڵگرتووه
ئامێزت له زه‌ردی گه‌ڵا وه‌ریوه‌كان بئاڵێنه
ئه‌وان به‌تانی سۆزی منن
گوڵه په‌مه‌ییه سیسبووهكان هێنده‌ی تر مه‌ژاكێنه
ئه‌وان كونجی حه‌وانه‌وه‌ی ڕۆحی منن
ته‌ڵه‌زمی ناخم دامه‌تاشه، چونكه خۆتی پێوه دهڕمێی!!!
دارلاستیك مه‌نێ به داركونكهرهكانی دارستانه‌وه
چونكه ئه‌وان جێشوێنی ژووانهكان له‌سه‌ر وشک و برنگی دره‌خته‌كان
هه‌ڵده‌كۆڵن!
تف ڕۆمهكهره سه‌ر مشكه كوێره‌كانی جه‌نگه‌ڵستان
چونكه ئه‌وان كه ئێمه ده‌بینن و ده‌زانن لێیان تێناگه‌ین،
له‌باتی گیزه گیز
شیر ده‌ده‌ن به ساواكانیان!!
له حه‌شامه‌تی ڕه‌شهه‌ڵگه‌ڕاوی له‌رینه‌وه‌ی (با)كاندا
هیواكان له ده‌ست مه‌ده
چونكه له گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌فه‌ریان له مهلهكوتهوه
له‌سه‌ر سووچ و توولهڕێگا و کۆڵانه‌کانی گومان لاده‌ده‌ن
تا ڕێگا سه‌خته‌كانی گه‌یشتن به به‌هه‌شتت پێشان بده‌ن
یاوه‌ری شه‌یدا!
كه هاتیت
قومێك له ماچی لێوه‌كانتم بۆ بهێنه له‌گه‌ڵ شینایی په‌رده‌ی ڕۆحت
پهلكێك خونچه‌ی متمانه بده له درێژایییییییی زوڵفی چاوه‌ڕوانیم
فهرشێكم له ئومێدی مانه‌وه‌ی چاوه كاڵه‌كانت بۆ ڕابخه
له ڕێگا به شه‌فاعه‌تی به‌ده‌ر له عهبدبوون دوعا بكه تا
وهتهرهكانی دڵم وه‌ك جاران
دڵۆپ
دڵۆپ
عه‌شقیان
لێ
بچۆڕێت!!!
وه‌ره سه‌ر سه‌كۆ بڵندگۆكانی دڵنیایی و
پڕ به سینه‌ی شینت هه‌ڵم مژه
بزانه هه‌ناسه ئه‌ده‌م؟
ژێر هه‌نسكی خونچه و ناو سێبه‌ری ده‌نكه هه‌ناره ههڵوهریوهكانم بۆ بگه‌ڕێ
نه‌كا له كزه سه‌رمای نه‌هاتنی ئومێددا بۆ خۆیان ڕایانخستبێتم!
قه‌راغ كه‌ناره‌كانی عه‌شق و په‌نا زیخهكانی ڕووبارم بۆ بگه‌ڕێ
پێده‌چێت به‌دیار قۆرییه‌ك ئه‌وینه‌وه
(ئاو) خۆی كردبێته نیو مه‌تر برنجۆك بۆ داپۆشینی جه‌سته‌م و
خه‌وێكی جاویدان به ئه‌ندێشه‌كانی تۆوه ختووكه‌ی ڕۆحم بدات
وه‌لێ پێ ده‌چێت به ته‌نیا بم له‌وێ…
گه‌ر خاكه یاخیبووه‌كانی عهدهمیشت تهی كرد
بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پارچه‌كانم و
له‌وێ نه‌بووم
گه‌ر بن ڕه‌گ و ڕیشاڵی گوڵ وهنهوشیشت پشكنی و
هه‌ر له‌وێ نه‌بووم
دواجار ورده ورده‌ی پروشكهكانی ڕۆحم له‌نێو هه‌نسكه‌كانی خۆتدا
شه‌ونمێكی شه‌رابین و به خاكی سینه‌تدا
پیش ده‌خۆنه‌وه و ده‌ڕژێن!
چون قایمگاترین كێونشین:
وای بۆ ده‌چم له تۆ زیاتر كه‌سێك نییه ده‌ستی ڕۆحی بمگاتێ ..
شكۆترین ئه‌میر!
… به ته‌نها له په‌ڵه‌ی شه‌ونمی خۆتدا بۆم بگه‌ڕێ!
من له‌وێم ..
بۆ خزمه‌تی عه‌شقت هه‌میشه قامچییهكهی ده‌ستم گۆزه‌یه‌كه پڕ له شكۆفه!
له چوار وه‌رزه‌ی نیلییشدا وا هه‌ست ده‌كه‌م
ئه‌و پهپوولهیهم
ئه‌وینی تۆم كردۆته كۆڵوانهیهكی نارنجی و
ده‌سته وه‌ستان به‌ر شه‌واره‌ی تروسكه‌ی ڕووناكیت كهوتوووم…
كه هاتیت
به نیگایه‌ك خێوه‌تی توێخههڵدانی باڵكووتانی نائومێدیم به‌ناو خۆتدا
به ته‌نها ڕاموسانێكی سه‌وزی پیرۆزه‌یی ناو ڕیشاڵه‌كانی ئه‌وینت
پێ له‌بار به‌ره
یاوه‌رم!
با منیش .. با .. ئیدی .. منیش
له‌ناو گڕ و كڵپه‌ی هه‌ناسه‌كانی تۆدا
دڵنیات بكه‌م چۆن .. خودا
به هه‌نسك هه‌ڵدانه‌وه له عه‌شقم ده‌بارێت
خ … و … ا… ی … ا … ر … !!!!!
شوێنی نووسین؛ سه‌ر ته‌ختی بیماریم له بیمارستان، پێده‌چێت چاوه‌ڕوانی شفا بكه‌م ته‌نها له‌به‌ر ئه‌و! –
كاتی نووسین؛ دره‌نگانێك ههڵترووشكاوم و له نهۆمه به‌رزه‌كانه‌وه له نههاتنهكانی ئه‌و ده‌ڕوانم! –
ئه‌م هۆنراوه‌یه بۆ یه‌كه‌م جار له 2007.12.05 له ژێر ناونیشانی ”خودا له عه‌شقم ده‌بارێت” له ئێواره هۆنراوه‌یه‌كی هێمندا له كۆپنهاگن خوێندراوهته.
دانیمارك
گه‌ڵاڕێزانی 2007