رٍۆژھەڵەبجەیی
تەماشا لەجەنجاڵی نیشتمان…
لەتەنیشت قاقایە کییەوە پردی شانی,
تژییە لە تابووت گەرای حەسرەت…
لەناو قەدی ئومێدێکی کاڵیشییەوە,
پەرداخێکی نھێنی بەشکانەوە چۆتە,
یادەوەری درەخت..
ناخوداکان ناھێڵن… تۆزێک
لەسمۆرەی سۆفی
خۆی شەتەکدا لە سورمەی ئەستێرەو
دەست نوێژ بگرێ بەنەرمە باو
تەھلیلەیەکیش بۆ فەتحی فڕین…!!
ناخوداکان دڵی ئەم نیشتمانە نەخۆشە
دەشکێنن
وەک شکانی شوشەی عیشقی من
تەماشا شەوی بەلەرزوتاوە
جانتایەکی نیوداشتی لەشاندایەو
ھەنوکە سەفەر دەفرۆشێ..
تاقیامەت جگەرەیەکی خائینیش
لەمەلەفی لێوەکانیا نوستووە..
خیانەت تا ئەوپەڕی پاڕانەوەی نیشتمان,
خیانەت تا حزووری خوا..!!
خیانەت وەک نەخۆشبوونی,
دوێنێی من..
***
سپێدەیەکی ئەم نیشتمانە کۆنە
ھێشتا مەمکی نەگەییوە,
بەر ماڵی عومری ڕادەخا,
لەقیبلەی قەسیدەیەکا,
ئەوە گرمۆڵەی زکرێکە تا ڕاکشانی کازیوە
تا لەخەوھەستانی گزنگ
ئەوە ئومێدێکە دوور… ئەوە ماتڵ بوونی
ھەموو ئەو دیوارانەیە رایەڵی شەکەتیان,
پڕە لەدەرگای داخراو..
ئەوە پیادەڕەوی ھەموو ڕێگاکانەو
چۆڕی(بانە) فڕناکا!
ئەوە ڕۆحی مەلوولی پڕە لەنەزیفی تاریکی
و مەحاڵە بەئاشتبوونەوەی
لەفافی نوور…!!
ئەوە جەنجاڵ گەرایەکە مەرگ,
تا(حبل الورید)ی نیشتمان
وەک مەرگی شیعرە شپرزەکانی من…
***
شەستە ھەنگاوی پێی خۆر,
بە چاو برۆیەکی مەستەوە
لەدەرگای چێشتەنگاو ئەدا
ڕۆژانە کارتۆنێک متمانە ڕۆدەکا,
جێمان ناھێڵی..
شەوانە پاڵتۆیەک لەلا شانێکییەوە
سێبەر لێ دەکاتەوە,
جەنجاڵمان ناکا..
کەچی ھەر نقێمی خۆری دەلەرزێ
ئەم نیشتمانە کزۆڵە
وەک دڵی من..
تاقەمبوربوونی نزا، تا کوشتنی
تیشکی ھەناسەکانی
لەپەتووی عەسرێکی خائیندا
نەزەر دەکاو دڵی دەلەرزێ،
وەک نەزرە پووچەکانی من..
من-من منیش لەنیشتمانی جەنجاڵا
جەنجاڵ..
کچی دایکێکم وەزیفەم دەچێتەوە سەر
رۆژھەڵاتی قیژە..
ئازاری دایکێم مەیلم دەچێتەوە بۆ،
کۆمەڵەی بێوەژن کۆشی..!!
بەدەم ھەڵگرتنی وڕێنەکانمەوە
کەزەمەن بۆیاخی دەکا بەئاخەلێوەی
خەیاڵ..
پیاوێک دەیەوێت بەڕێکخراوی تەنھایمدا
بفڕێو ردێنی بشوا،
بەجوگرافیای پێستم..
من دەڵێم لێم گەڕێ ئەی پیاو
من دوورم لەتۆ، دوور، دوور
تێگەیشتنم دەفتەری ئاسمانێکە
کرانەوەی مەحاڵ…
چوون جەحێڵی کۆترێک
لەباکووری خەونیا گمەی لێ بدزرێ
چوون پەڕسێلکەیەکی شکۆفە
بۆ ھۆنینەوەی رستەی بەھار
کۆچی کۆپی کەن لەدەیەم کانوونی سال…!!
جەنجاڵم ئەی پیاو جەنجاڵ..
وەک رووتانەوەی قژەسەری نیشتمان
وەک بورانەوەی دایکێک
لەخەوی ئەبەدی مناڵەکان
ئەی پیاو تۆ لەکام گوێچکەی رەشەباو
لەکام درزی گریانەوە بۆ فەنتازیاو
لەچەند ئازاری کەناری بۆ،
شکانی قەفەسی دیلی
لەچەند راکردنی تریفەی مانگ،
بۆ ھەڵمژینی لێوی کانی
تۆ، تۆ لەکوێوە دەگەیتە
(ئەلیف- لامی) لێوو دەستەواژەی
دڵی من… ئەی پیاو!!
***
حوزنم بەقەد حوزنی پێغەمبەرێکی شەھیدە،
لەھۆزی گومڕاو
خۆرێکی گریاوە، لەژێر سەرپۆشی ھەوراو
ھەڵوەدای ھەڵۆیەکی پیرە،
لەپایتەختی لوتکەدا نەبێ،
خۆی تیرۆرناکاو
تیشکی بارانێکە لەمناڵانی سەحرا،
کە ھەر لەدایک نابێ
ئەوە تۆی ناگەیتە دەروازەی حوزنمو
رەنگ کردنی رۆحم ئەی پیاو..!!
جەنجاڵی تێی داوم، تەمەنی خەیاڵێکی
ئاوییم نییە، تا بگەمە
سونەتە مۆرەکانی حەقیقەت
تۆ چوزانی ئەی پیاو
من پاڵتۆی حەقیقەتم لەبەری لۆژیکادڕاندوەو
ھەموو ئارەزووەکانم سەر بەتوخمی تراویلکە…
ئارەزوومە بگەمە ئاستانەی،
بۆنی ئیرەمستان
گوڵێک بانگم کا بۆ مەعشەری ئینجانەو
حەرەم سەراکانی لاولاو…!
ئارەزوومە بگەمە حەزرەتی دوو چەھچەھەی
شین…بولبولێک فێرم کا چنینی فڕین…!!
چێم لێ ھەڵدەوەڕێت ئەی پیاو
من لەنیشتمانی جەنجاڵا، جەنجاڵ
حەقیقەت عومری ئێوارەیەکی،
بۆنەھێڵامەوە
زەردەپەڕ لەبەرکاو لەسەر کورسی رۆحم
دانیشێ…
کەچی ھێشتا دڵم دەلەرزێ..
چوون تەرزی مێو دڵی دیوار
دەخورێنێ،
گەڵای عیشقی ختوکەی ئەدا،
سەری سەودا…
***
پیاوێک بەفری نیشتمان کپ کپی کردووە
ئەو پێم دەڵێ ئاوێنە درۆناکا..
چوون ئاوێنە منم..
ببینە ئەی کچی جەنجاڵ،
چەند گوناھم بەتۆمەت،
بەتۆمەتی تەنزیم بەڕیشۆڵەی سیاسەت
لادێیی چاوەکانم ئەنفال کراو
شارەکانی دڵم کورد کوژی…!
منیش دەڵێم:- ئەو پیاوە لەئاسمانی داخراوا
نیشتمان چووە بەپیری پیربونییەوە..
ھەمووجارێک دەبێتە مامانی باران
مناڵی باران ھەڵدەگرێو
ئەدرەسی رووخاوی باخچە بێوەژنەکان
نادۆزێتەوە..
جانتایەکی کەسکی باران ھەڵدەگرێو
چیمەنە رەشپۆشەکان لەدەغیلەی،
ستیانەکانیان سەوزی ناشنێ..
قیتارەکان پڕدەکا لەئۆرجازمی بارانو
لەھیچ وێستگەیەکدا،
کچێنی گوڵێک بەعاتیفەوە ھەڵناچێ..
ماچەکان دەبنە دەزووی ھەڵمو
باران بەئەفسانەی ھاوینەوە دەخنکێ…!
ئەوپیاوە لەھەڵخلیسکانی عیشقەوە
دەیەوێت پیاسە بکا بەکلۆربوونی خەونەکانمو
پێکەنینم ببەستێ بەمۆمیای مۆزەخانەو
گریانم بەشنەشنی حەوسەڵە..
من لەنیشتمانی عیشقەوە دەگەمە لای
تۆ ئەی پیاو..
لەنیشتمانی جەنجاڵی چاوەکانما
جلیوەم شەڵاڵە بەفرمێسکی سورو
پرچم دڵۆپ، دڵۆپ سپی..
تۆ ئەوەندە بەکلۆربوونی خەونەکانما
رۆچوووی..
وێردەکانی ئیمانم کەوتە خواروی ئەژنۆو
ماچەکان بەدەم رەشەبای شبرەوە،
نەگەشتنە پایزی لێوەکانو
بەدەمدا کەوتن…!!
***
من لەنیشتمانی جەنجاڵا
باوەشێک نەبوو خەمم بەخێوکاو
گریانم ئارایشت..
کەچی ئێستا لەکەنار بۆنی پیاوێکا راوەستاوم
نیشتمانم بۆ شیتەڵ دەکا..
تەماشام دەگوازێتەوەو جەنجاڵیم
دەسڕێ..
تەماشام دەکڕێو پێکێک پایز،
لەئۆقرەی کاسێکا
دەیەوێ دەستو پەنجەکانم سەرخۆش کاو
بمباتەوە بۆ جوانی زەمەنێک،
ئاشنا بەموتوربەی ئەوین لەدرەختی عیشقا
دەڵێن عیشق یانی خودا..
کە گەڵایەک تەماشام ئەدزێ،
پێی دەڵێم ئەم ھەموو تەرمی تنۆکە
پێکەنینانە، لەسەحرای چ حوزنێکا بنێژم
ئەی دڵی من خودا..
گیا فێری گومانم دەکا، یەقین نەبم لە کێڵگەی
گڵۆبەرۆژە- لەژێر بنچکی تاریکییا
دەبورێتەوە..
یەقینم سەوزکە ئەی خودا..
چاوی چەمێک کە پایزی لەسەر نیشتۆتەوە،
تەڕی برژانگی لەئاویلکەی ھەناسەمدا،
دەگاتە سیس بوونی ئاو..
دڵۆپێک رەحمەت ئەی خودا..
ترێ لەباخی مێودا کە دەمو چاوی
بەنوتفەی خەزان ئەشوا
لەسوچێکی رۆحمدا،
بەرسیلەی دڵەراوکێم،
دەگاتە شلۆی بوونی شەراب
جەنجاڵی تێی داوم
کاولم مەکە بەتامی شەراب ئەی پیاو،
ئەی عیشق، ئەی خودا..!!