خۆ دڵنیام ، هەروەك چۆن ئاسمان و زەوی ،
.. دڵی جەللاد و بەزەیی ، بە یەك ناگەن ،
.. من و تۆش قەت یەکتری نابینینەوە ،
.. چۆن ڕووبار ناڕژێتە سەرچاوە ، زەمەن ناگەڕێتەوە دواوە
.. دەستی منیش جارێکی تر ، نائاڵێتەوە گەردنت ،
.. خۆ دڵنیام تا پاییزە گەڵا ، خاشاك نەبێ ،
.. سەوزایی یەك لە جێی ناڕوێ ، . تا مەزارگەمان خاپوور نەبێ ، ..
.. ژووانی نوێی تیا ناڕەخسێ ، ..
بەڵام ئازیز ، سەد هێندەی ئەو دڵنیاییانە ، ..
هەقیقەتێ باش دەزانم ، ..
کە دوای نیوە عومرێ وون بوون ، ..
وون بوونێ تۆ لەم مەنداوە ، فیزەی دابڕانیت مۆر کرد ، ..
دەزانم هەر چۆن ، شەوان پێخەفم لێ دەبێتە تاتە شۆرێ
، .. تۆش ڕۆژانە .. کە بەسەر پشکۆی شیعرەکانما ڕائەبووری
، .. کە عەزابی وویژدان .. گڕ لە هەناوت بەر ئەدا
، . با سەد جاریش تارای بووکێنیت ، بکەیتە بورکە و چادریی
.. یا ڕۆحت لە دەریا ئەشکی ،
.. – کۆمبا میلا – ی ، هەزاران تۆببەش هەڵکێشی ،
.. بەڵێ دەتبینم ،
لەگەڵ سەرنجی هەر وێنەیەکی ، بەفری پیریی لێ باریووما
.. لەگەڵ وەستانی هەر ئامبووڵانسێکی بەر قاپییما ،
.. چۆن چەکمەجەی پڕ یاقووتی ، جوانیی بە سەرچووت
… نەفرەت دەکەی ،
.. چۆن ڤێللاکەت لێ دەبێتە کەمۆڵە جیوە و ،
.. لە باتی جارێ ، هەزاران جار ،
.. تف لە ئەڵقەی پەنجەت دەکەی ؟
…………………………………………….
– نەوزاد شێردڵ –