ئەگەر دێیت بۆ قاوە خواردنەوەیەک و
هەڕاج کردنی حەزە پرتەقاڵیەکان
مەیە
نە وەک جاران قاوە ئەخۆمەوە
نە حەزەکانیشم پرتەقاڵین
ئەگەر دێیت
بۆ ڕووتاندنەوەی مووە سپیەکانی قژ
و داپڵۆسینی
فۆرمی خەندە
مەیە
ئێستا نە سەرم قژی پێوە ماوەو
نە لێوەکانیشم
خەندە
ئەگەر دێیت بۆ شکاندنی شوشەی بیرەو
پیکی شەڕاب و
ئیستیکانەی چا
مەیە
ئێستا نە کحول ئەخۆم
تا سەرخۆش بم
نا چا ش بۆ نوسینەوەی شعرێ
ئەگەر دێیت بۆ
خنکاندنی هەناسەکانی لالەنگی و
ژێر خۆڵ کردنی عەتری
سێو
مەیە
ئێستا نەلالەنگی لێرە ئەژی
نە بۆنی سێو ئێرە ئەناسێ
ئەگەر دێیت بۆ
سەیرکردنی تابوتی شکاو و
ئاوینەی ژەنگ گرتوو
مەیە
نە تابوتەکان لێرەن
نە ئاوێنە
هەموویانم بەخشی
بە زبڵدان
ئەگەر دێیت
بۆ ئاوس کردنی خۆر و
فڕێدانی دەرپێی مانگ مەیە
مەیە بۆ وڵاتێک کە
خۆت مایەی حەیات لێ دڕان و
بە بنمیچی تاریکیدا
شەقاوت نا
سەرکەوتی بۆ فڕێدانی
لەچکی ڕاهیبەکانی ئاسمان ..؟
….. هاوڕێ ڕەش ……