ئەگەر ئەم دڵە بچکۆلەیەم تۆزێکی تری بەسەرەوە بەندبا
قەوارەیەکی گەورەتری لە نێو سینەما داگیر بکردبا
پێم دەگوتی دە راچڵەکێ لە خەوی نێو پێخەفا..
ئاخر ئەم پێخەفە شوێنی تۆ نیە
تەنانەت لەوانەیە
وەک شوێنێکی نەرم و نیان بتوانێ لە باوەشی خۆیا بتگرێ..
بەڵام….
خۆ ناتگوشێ بەخۆیەوە ناتوانێ پر بەدەزوولەکانی دورمانی خۆی هەڵت لوزێ
گەر تۆزێکی تر ئەم دڵەم بارەستایی بازنەیەکی تری لەسەربا…
هەرنا لەم قاوغەی خۆت تێپەرت کردباو بڕێ لە لەش و لارا چوکتر بای
لەسەر ئەم دەزگایەی کە خۆت لەسەر بنایات نراوی…
بروات وابێ..
وەک چەپۆک تیژێک دەست نیشانم مەکە خۆمن باز نیم
چرۆنۆکەکانم بچەقێتە نێو پێستی هەنوکەیت…
بەڵکو وەک دوورە ئازیزێک پرم پێ دادەکردی..
لەنێو دنیای دڵی خۆما پر پر بە ئامێزی خۆم……..
ئاوێتەی نێو ئەو دنیای ئەو دیو سینەم دەکردی…
چونکە…
ئەزانم زیندەگی لەسەر ئەم گۆی زەوییە هەمووی ئازاری خشت و
خاڵی ژیانە….
ئەگەر خۆشیەکیش خۆی کووتایە نێو گوێچکە و هەست و بیر و بۆچونت
ئەویشیان زوو تیپەر دەکا…
من دەمەوێ خۆشیەکانی تۆ جاویدانی بن..
بۆ هەمیشە هەر
لە گەشەو هەر لە باڵا دابن….
دەمەوێ ئەو شادییە و راحەتیەی تۆ
بەهشتی بێ..
نەبراوە هەر لە زیاد بوونا… هەر لەپتر بوونا
تامەزرۆیەکەی تۆش وەک کانیاوێک
کە لەبەهاران گەنجینەیەکی نەبراوەی لەژێر زەوی کۆکاتەوەو
بۆ هەر چوار وەرز وەک مەمکە مژێ لەکاتی تینویەتی دا تامەزرۆی
تینیوێتیت بشکێنێ….
ئابەم شێوە لەم وێنە…. لەم ئاکارە پاوانێکم بەدەوری دا…
هەڵێن جابای بەخۆم نەبا کەسێ تر پەی پێ نەبرد بای
تەنانەت نەمدەویست کزەیەکی شەماڵیش ئارەقەی ماندوو بونی
رۆژگارت لێ بسرێتەوە….
چونکە شەماڵ بەسەر هەموو کەسێکدا رادەبوورێ…
گەردی سەری هەموو نازەنینێ دەسرێ…
بەسەرخشت و خاڵی تەواوی سەر ئەو زەوییە رادەبورێ
هەموو رادەماڵێ..
جا من چۆن ئەو بریارە دەدەم
کە حەز بکەم ئارەقەی تەویڵی تۆ شەماڵ بیسرێ…
یا بە وشکی هەڵی بکڕێنێ…
من نامەوێ دەستێ پەنجەیێ هەستێ نەستێ بیرێ…
بۆچونێ تیشکێ کە لەمننەوەری رۆژەوە دەردەچێ
بەسەرگیانی تۆدا هەڵتۆقێ…
گەر پێویستیت بە تیشک و پرشنکێ بێ…
دەها لەچاوانی منەوە وەری بگرە…
ئەگەر ویستت شەماڵێ.. دەستکا بەئەستۆتا
هەناسەی من لە پێشترە
گەر پێخەفێ بۆ خەوتن و بۆ وچانێ
ئامێزت بۆ واڵا بکا…
هەرکیز…..
وەکو چوار چێوەی دڵی من نابێ
دڵی من شایستە ترین جێگایە بۆ ئەوەی پر پر….
بە باوەشی خۆیدا بەسەردا هەڵوێزنێ…
دەزوولەکانی خوێن هێنەری من…
خوێن بەری من…
ئەوانە هەریەک لەلایێ گرەو لەسەر ماچ و مژینی تۆ بکەن
بەوەش ئۆقرەم نایێ کاتێک پێویستیت بە موچرکەی خۆش بوو..
کەحەزت لە دامورکاندنی هەموو هەگبەی ئۆخەی بوو ئەوا
بەبار و دۆخی رۆحما هێندەی موچرکەی سەر ئەم زەوییە تام و بۆی
لێ دەچێژی….
لەوانەیە هەر موچرکەیەکی سەر تۆپی زەوی لەزەت بەخشێکی کاتی بێ
بەڵام….
داچڵەکانی نێو تەزوو موچرکی خۆشی نێو رۆحی من بۆ هەمیشە لە خۆشی دای
ئاخر….
لەسەرما وەرزی پایزدا… لەکرێوە بەندی رێبەندانا
لەو کاتەی کە چادری گوڵاڵە سوورە لە نەورۆزدا وەدەر دەکەوێ
یا لەم گەرما بەتینەی کە لەرۆژانی خەرمانان و لە رۆژانی
هەڵپەی پێش گەڵاوێژ…
کە تەنانەت دار و بەردیش بەهەڵمەوە خۆ دەنوێنێ ئەمە جیهانێکەو
بۆ هەموو گیانداران رەخساوە…
بەڵام ئازیزم…
دەبا کاتێ کە من لەرزی خۆشی و چێژتنی موچرکی تۆ دەمگرێ
ئەتۆش هەمان سەرما بتجولێنێ بۆ ئەوەی زیاتر خۆت بەگیان و روحمەوە
هەڵبواسی…
کاتێ ویستت شەکەتی گیان و لەشت بەگەرمای نێو سینەم جۆش بگرێ…
دەبەنێو لولەکێشەکانی خوێنما گوزەر بکە…
بەهەر جۆرێ کە تۆ ویستت کوێت پێویست بوو… قەدەغە نیە
هەموو گیان و هەموو لاشەو هەموو جیهانی بوونی من بۆ تۆ دەرگای لەسەر پشتە
ئەو شوێنەی کە تۆ مەبەستە بێ قەدەغەیەو هەموو کار و گوزەرەکانی
بۆ تۆ نیعمەتی بەهەشتە..
لەنێو ناخ و جەستەی من دا تۆ هەر بەزیندویی دەمێنی…
کەوابێ نامری لەرووی تام بۆ هەر میوە جاتێ بەچاوی خۆراکیەوە بمروانێ،،
هەموو گیانم بەخشەری ئەو حەزەیە کە تۆ دەتەوێ لە رووی چێژو تام و حەزو
تامەزرۆیی تۆ لە نێو هەموو گیانمی
کوێت گەرەکە بێ پاسەپۆرت ماڵی تۆیە و لەوێ سەر هەڵدا…
گەر بتەوێ بۆ گەشتێ لەدڵەوە بۆ رۆح گەشتێ سازکەی
ئەمەش دنیایەکی بەربڵاوە کۆتایی نایە
تا بوونی من…