سەدیق سەعید رواندزی: لەدوای ئەوەی بەری درەختێکی حەرامیان خواردو گوناھیان کردو فرێ درانە سەر زەوی, ئیدی چیرۆکی نەھامەتیەکانی ژن, وەک بوونەوەرێک دەستی پێ کرد.گەرچی پیاو ھەڵەکەی کردو بەری دارەحەرامەکەی خوارد,کەچی بۆ ھەتا ھەتایە ئەو کەوتە بەرنەفرەت.لەو ساتەوە کە سەرەتای مەرگەساتەکانی ژن دەست پێدەکات,ھەمیشە ناسنامەی ئەو مرۆڤە,ناسنامەی کەسێکی گوناھکار بوە,کەھەڵەو تاوانێکی کردوە.ئیدی لە پەراوێزی ئەو ھەڵەی خۆیدا,
ناسنامەی ئەو لە دنیابینی پیاودا ناسنامەی کەسێکی تاوانبارە.کەسێک کە چیتر لە ئاستی شوناسدا,ھاوتای پیاو نییەو نابێت.بۆیەشە ھەمیشە شەری ژن لەگەڵ پیاودا,ھەوڵدان بوە بۆ گێرانەوەی ئەو ناسنامەیە.لەدنیابینی پیاودا,ژن ئەو بوونەوەرە کۆمەلایەتیە نییە,کەھاوتای پیاوە لە رووی شوناسی مرۆڤانەی خۆی.بەڵکو شوناسێکی تری ھەیە,ئەویش بونەوەرێکە لەخزمەت پیاو.بۆیەشە ھێندەی وەک,کاڵایەک کەلەخزمەتی ئەودایە دەروانێتە ژن,ھێندە وەک مرۆڤ تێی ناروانێت, کە ناسنامەی خۆی ھەیە.کاتێ مرۆڤیش بوە خاوەن ناسنامە,ئیدی دەبێتە خاوەن تایبەتمەندیەکانی دیکەش وەک,ئازادی ءسەربەخۆییءمافءژیان.لێرەوەش دەبینین ھەمیشە, جەنگی ژن لە پێناو گێرانەوەی ئەو ناسنامەیە بوە,لە ستەمء کلتووری پیاو سالاری.ناسنامەیەک کە ئیدی شوناسی مرۆڤ دەبەخشێتەوە بە ژنء چیتر,وەک کاڵایەک بوونی نابێت لە خزمەتی پیاودا. شیعری (تۆکێی) لە ناوەرۆکدا,ھەڵگری ئەو گوتارەیە کەباسمان کرد.کە ئەویش گوتاری پرسیار لە ناسنامەی خودو,ھەوڵدان بۆ گێرانەوەی ئەو ناسنامەیە.ناونیشانی شیعرەکە,کە شێوازی پرسیاری ھەیە,جۆرێک لەوەستانەوەی تیادەبینرێت,لە بەرامبەر قەدەرێکی مرۆڤدا,لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو,کە ئەویش قەدەری بوونءھاتنە نێو ژیانە.بەدەربرینێکی تر,شاعیر لە شێوەی سکاڵاو دادگاییکردنێکی خودیدا,جۆرێ لە رووبەرووبونەوەو پەشیمانی دەردەبرێت,لە بوونءژیانی ژندا.بەومانایەی کەژن ھاتۆتە بوون و دروستکراوە,ئیدی چۆن دەبێت,کارەکتەرێکی بێ ناسنامەو چەوساوە بێت.دیارە لە کۆ مەلگا رۆژھەڵاتیەکان بە گشتیءکوردیش وەک بە شێک لەو کۆمەلگایانە,ھەمیشە ژن مرۆڤێکی چەوساوەو پلەدوو بوە.مرۆڤێک بێ ناسنامە لە دنیابینی پیاووکۆمەڵگەدا,بێگومان کاتێ مرۆڤیش لە ئاستی بووندا ناسنامەی نەبوو, ئیدی ئەو مافانەشی نابێت,کە ئەو ناسنامەیە پێی دەبەخشێت.بۆیە شاعیر لە شیعری(تۆکێی)دا,کەدەلالەتێکی پرسار ئامێزی ھەیە,ھەوڵی ناساندنی ئەو ناسنامەیەی خۆی,وەک سیمبولێک بۆ کۆی ناسنامەی ژنەکانی تری کۆمەڵگاکەی دەدات.لە پەراوێزی ئەم گوتارەشەوە دەیەوێت,بە پیاو بڵێت,کە ئێمەش ھەین.شاعیر وەک ژنێک,لە ململانێ دایە,بۆ گێرانەوەو ناساندنی ئەو ناسنامەیە.بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە,کە ئاخۆشەری بەدەست ھێنانەوەی ئەو ناسنامەیە, ھێندە ئاسانە؟ بەدەربرینێکی تر چۆن بتوانێت,ئەوناسنامەیە بینا بکات؟ شاعیر دەزانێ بە بێ ئەو پرسیارە فەلسەفیءئەنتۆلۆژیەی کە مرۆڤ دەبێت لە خۆی بکات,ئەستەمە بتوانێت ئەو ناسنامەیە بینا بکات.بەومانایەی کاتێ مرۆڤ پرسیار لە چیەتی ژیانی خۆی دەکات,ئیدی لەوێوە بەدوای ئەو ناسنامەیە دەگەرێت,کە جارێکی تر ئەو شوناسەی پێدە بە خشێتەوە,کە ئەویش ھاوتای پیاوە.لە راستیدا لە کۆمەڵگای کوردیدا,ئەوناسنامەیەی ژن ھەمیشە ناسنامەیەکی ونبوە,بەومانایەی لە دنیابینی پیاودا,تەنانەت خودی کۆمەلگاش کە کۆمەلگایەکی پەتریاکیە, ژن وەک مرۆڤ بێ ناسنامەیە.یاخود ھەمیشە,بەرامبەر ئەو پرسیارە دەکرێتەوە,کەئەو کێیە,لە ئاست بوونەوەرێکی تر کە پیاوە.ئەمەش لە ئاستی سایکۆلۆژیدا ژن دەخاتە,بەردەم ئەو واقیعە کەدەبێ وەڵامی ھەبێت بۆ ئەو پرسیارە.ئەگەرچی زۆربەکەمی ژن لە کۆمەلگای ئێمەدا, ھەوڵی بە ئازادی ناساندنی ئەو ناسنامەیەی خۆی دەدات.چونکە ئەمە شەرێکی سەختەو قوربانی دانی دەوێت.بەدەربرینێکی تر بەگژداچوونەوەی کلتوری پیاوسالاریءگێرانەوەی ناسنامە بۆژن لە ئاست پیاودا,بەبێ پرسیار لەخودءسەربەستیەکانی ژیان ئەستەمە.بۆیە یەکەمین ھەنگاوی ئەو بیناکردنەی ناسنامە,بە ئازادکردنی خودوجەستەی ژن دەست پێدەکات,لە ھێزی پیاودا.بەدەبرینێکی تر ژن نابێتە خاوەنی ئەو ناسنامە تاکایەتیەی خۆی,ئەگەر مولکایەتی خۆی لە پیاو نەسێنێتەوە.چونکە ھەمیشە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ژن وەک بونەوەرێک مولکیەتی لەدەست پیاودایە,کاتێ لە رووی خاوەنداریەتیشەوە,مرۆڤ خاوەنی شتێک بوو,ئیدی مافی ئەوەشی دەبێت,چۆنی بوێت بەو شێوەیە مامەڵەی پێوە بکات.واتە سەربەستیەکانی ژیانی لەوێوە دەست پێدەکات,کە پیاو بۆی داناوە. لێرەوەش بۆ ئەوەی ئەو ناسنامەیەی خۆی,وەدەست بێنێتەوە دەبێ ھەوڵی ئازادکردنی بوونءژیانی خۆی بدات,لەدەست پیاودا.بەبێ رزگاربوون لەو مولکیەتەی کە باسمان کرد,ھەرگیز سەربەستیەکانی خود,دەستەبەر نابن.بەبێ ژیانیش لە دۆخێکی سەربەستیدا,ھەرگیز ناسنامەی خود بینا ناکرێت.چونکە شوناسء ناسنامە,دەرەنجامی ئازادیءسەربەستیەکانی مرۆڤە لە ژیاندا.کاتێ مرۆڤیش بوە خاوەن ناسنامەی تایبەتی خۆی,ئیدی سنوورەکانی بوونءژیانیشی لەدەست خۆیدایە.بۆیە گوتاری ھەرە سەرەکی لەو دەقەدا,کارکردنءگەرانە بەدوای ئەو ناسنامە خودیە,کەدواجار بیناکردنی, ژن لە مرۆڤێکی بێ مافءچەوساوەوبگرە کۆیلەو ژێردەستەش,دەباتە قۆناغی مرۆڤبوون بە ھەموو تایبەتمەندیەکانیەوە.بۆیە شاعیر ئازادانە دەڵێ:_
لەوەتەی تۆم جێھێشتووە..
ھەست بە ئاسودەیی دەکەم..
لەو کاتەی دڵم لە تۆسەندەوە..
خۆم و ژیانم بیرکەوتەوە…
بێ خەمم…بێ ترسم لەوشەکانت…
ھەرچی دەلێی..ھەرچی دەکەی سەربەرزم…
ئەگەرچی دابرانءجێ ھێشتن,وەک حالەتێک ھەمیشە مرۆڤ لە رووی کۆمەڵایەتیءسۆزەوە دەخەنە,بارێکی سایکۆلۆژی قورسءرووبەرووی غەریبی دەکەنەوە.بەدەربرینێکی تر کاتێ مرۆڤ لە خۆشەویستەکەی دادەبرێت بەھەر ھۆیەکەوە بێت,ئیدی تووشی خەفەتءغەریبیەکی گەورە دەبێتەوە.بگرە ئەستەمیشە بەرگەی ئەء دابرانە بگرێت. کەچی بە پێچەوانەوە,لەوکۆپڵە شیعریەدا, شاعیربەخۆشننودیەوە,باسی ئەو دورکەوتنەوەیەء جێھێشتنە دەکات.دیارە شاعیر دەزانێت,ھەموو پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیءخۆشەویستی نێوان ژنءھەردوو رەگەزی جیا,لە کۆمەلگەی کوردەواریدا سەرەنجامی بەکۆیلەبوونی ژن کۆتایی دێت.بەدەربرینێکی ترئازادیەکانی ژن وەک مرۆڤ ,لەوێوە کۆتایی دێت کاتێ لەرووی پەیوەندی کۆمەڵایەتیەوە دەبەسترێتەوە,بەرەگەزەکەی جیا لەخۆی کە پیاوە, ئیدی دەبێتە موڵکی ئەو.لێرەدا کێشەکە ئەوەنییە کە ئەو پەیوەندیە دروست دەبێت لەرووی کۆمەڵایەتیء سایکۆلۆژیەوە,بەڵکو کێشەکە لەوەدایە,ئەو پەیوەندیە نوێیە سەرەتای بەکۆیلەبوونی ژنءزەوت کردنی ئازادیەکانیەتی.ئەمەش درێژە دانە بەو کلتوورە پەتریاکیەی, کە ژن وەک کاڵایەک لەخزمەت پیاودا دەبینێتء ھەموو ئازادیەکانی لەوێوە دەست پێدەکەن, کە پیاو بۆی دیار دەکات. بەدەبرینێکی تر ژن وەک بوونەوەرێکی چەوساوە,مەرگەساتەکانی لە یەکەم رۆژی چاوھەڵێنانیەوە دەست پێدەکات,کاتێ بەچەندین گوتاری تابۆوحەرام جۆش دەدرێت.کاتێکیش دەچێتە نێوتەمەنێکی دیکەوە ئیدی بوونی ئەو لەدەست خۆیدانییە,بەڵکو لەدەست کە سانێکی دیکەیە.کاتێکیش دەیەوێت ئەو ژینگە پەروەردەیە کە خێزانە, جێبێڵێت بۆ ژینگەیەکی ترکە ئەویش, پەیوەندی نێوان ھەردوو رەگەزی جیاوازە لە کۆمەڵگای ئێمەدا,بەمەبەستی دەرچوون لەو زیندانەو بیناکردنی ناسنامەءگەیشتن بە ئازادیء سەربەستی,ئیدی نەک ھەر بەو سەربەستیە ناگات,بەڵکو لە زیندانێکەوە دەچێتە نێو زیندانێکی تر.شاعیر دەزانێت بۆ ئەوەی بگات بەو ئازادیءسەربەستیەی خود,دەبێ ژینگەی ئەو زیندانە جێبێڵێت کە پیاو بۆ ی دروست کردوە.بەدەربرینێکی تر شاعیر دەزانێ گەیشتنی ژن بە ناسنامەی خودءئازادیەکانی خۆی ,بەبێ پچراندنی ئەو رایەلە بە پیاوەوە مەحاڵە. بۆیەشە دەبینین ئەو بەو دابرانء جێھێشتنە نەک ھەر خەفەتبار نییە,بگرە خۆشحاڵیشە. لەراستیشدا بۆ مرۆڤ ئازادی گەورەترین سەرمایەیە لە ژیان.ھەموو دنیا ھی مرۆڤ بێت, کە ئازادی نەبوو مانای وایە ھیچی نییە. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ,ئایا گەیشتن بەو ئازادیە, ئاسانە؟ بەدەربرینێکی تر کاتێ ژن لە کۆمەڵگا پەتریاکیەکان بەگشتیءکۆمەلگای ئێمەش بە تایبەتیدا,بەگژ ستەمی پیاو سالاری دەچێتەوەو شەری ناسنامەی خۆی دەکاتءپشت دەکاتە کلتوورو ترادیسیۆنی خێڵەکیانە, ئایا رووبەرووی ھیچ ئاستەنگێک نابێتەوە؟بێگومان, دەکەوێتەوە بەر نەفرەتی کۆمەڵگا.بەلام لە پێناو گەیشتن بەو ناسنامەو ئازادیە دەبێ ئەو قوربانیە بداتء وێرای ئەمە باکیشی پێ نەبێت.ھەروەک شاعیر خۆشی دەڵێ:_
بێ خەمم..
بێ ترسم لەوشەکانت…
ھەرچی دەڵێی…
ھەرچی دەکەی ھەر سەربەرزم…
لێرەدا دەبێ ئاماژە بەوە بدەین,کە یەکێک لە تێروانینە کۆمەڵایەتیە ھەرەدواکەوتوەکانی پیاو لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەوەیە, کەھەمیشە چەمکی ئازادیءسەربەستیەکانی ژن لەبەرەڵاییدا دەبینێت.بەومانایەی کاتێ ژن ھەوڵی ئازادیەکانی خۆی وەک مرۆڤ دەدات,ئیدی لە تێروانینی پیاودا داوای ژیانێکی بێ مۆراڵءسەربەستءبێ پەیوەست بوون دەکات.لەراستیدا ئەمە تێروانینی بە شێکی ھەرەزۆری پیاوە لە کۆمەڵگای کوردیدا,تەنانەت بەوانەشەوە کە لەژێر ماسکی تێگەیشتن و روناکبیریءرۆشنبیریشەوەخۆیان مەڵاس داوەء دەیانەوێت بەوشوناسەوە ژن چەواشە بکەن.!!لە کاتێکدا بە پێچەوانەوە,ئازادیەکانی ژن رەھەندێکی دیکەی ھەیە, کە ئەویش یەکسانیە لە ئەرکءمافدا لەگەڵ پیاو.ئازادیەکانی ژن ھەوڵێکە, بۆتێکشکاندنی ئەو دیدگا پەتریاکیەی پیاوکەھەمیشە لای وایە ژن ئامێرێکە لە خزمەت ئەوداو ئەرکی ژن تەنھاخزمەتکردنی پیاوە.ئازادیەکانی ژن گەرانە بەدوای ناسنامەی خۆیدا,سرینەوەی ئەو دنیابینیەی پیاوە کە ھەمیشە ژن کورتء بچوک دەکاتەوە بۆ سێکسء تێرکردنی غەریزەکانی.لێرەوەش ژن ناتوانێ بەو مافانەی بگات, ئەگەر ناسنامەی خۆی نەبێت,ناشتوانێ ناسنامەی ھەبێت,ئەگەر شەری لابردنی ئەو تەوق وزنجیرە نەکات کە پیاولە ملی کردوەء ئازادی بە دەست نەھێنێت.دەنا مانای وانییە کاتێ ژن لە کۆمەڵگای ئێمەدا داوای ئازادی دەکات بۆ خۆی,ئیدی کارەسات دەخولقێت.بە پێچەوانەوە ئەو دەیەوێت دواجار شوناسی ئەو, شوناسی مرۆڤبێت بە تەنیا,نەک شوناسێک لە سەر دیدگای رەگەزی بونیاد بنرێت.چونکە ئەگەر تەماشای ژنمان کرد وەک مرۆڤ,ئەوا چیمان بۆخۆمان ویست, ئەوەشمان بۆ ئەو دەوێت.
شاعیر لە شیعرەکەیدا,ئەو پەیامە مرۆڤدۆستیە ئاراستە دەکات ,کە پێویستە مرۆڤ ھەڵگری بێت.بەدەربرینێکی تر بوونی مرۆڤ لە ژیانیدا,پەیوەستە بەو رەھەندە مرۆڤدۆستیەی کە لە ناخءھزرو دەروونی دایە.بەو مانایەی لەو روانگە مرۆڤدۆستیە بروانێتە ژیانی کەسانی تر.بۆیە شە کاتێ مرۆڤ دەبێتە ھەڵگری ئەو دیدگایە,ئیدی دائەماڵدرێت لەو تێروانینءھەستی خۆپەرستیءنەرجسیەتە کە لە ناخیدایە.ھەربۆیەشە ماناءبوونی مرۆڤانەی مرۆڤ پەیوەستە بەو خەسڵەتە مرۆڤدۆستیانەوەک, خۆشەویستیءمیھرەبانیءتەماشاکردنی مرۆڤ وەک خۆی.بۆیە شاعیر مرۆڤ دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتێکی گەورە لەرووی کۆمەڵایەتی.بەوەی چۆن دەتوانێ دەستی بچێتە تاوانءشەرانگێزیەتءخوێن رشتنی کەسانی تر.بۆیە شاعیر بەھەستێکی سەر سامییەوە دەپرسێ:_
کەسێک مرۆڤ بێ..
چۆن دەتوانێ..
گول َھەڵبوەرێنێ!!؟
شاعیر لێرەدا,ئاماژە بۆ یەکێ لە دیاردە کۆمەڵایەتیەکانی نێوکۆمەڵگای ئێمە دەکات,کەتارادەیەکی زۆر بوە بە کلتوورێک, کە ئەویش دیاردەی کوشتنی ژنە,بە ھەرپاساوێکەوەبێت.شاعیر جەستەی ژن بە گوڵ دەچوێنێت.بەو مانایەی گوڵ خاسیەتی جوانیءناسکیءبۆنخۆشی ھەیە.ئیدی لە دیدی شاعیردا ژن ئەو گوڵەیە, کە چۆن دەبێت,ھەڵبوەرێندرێت.وێرای ئەمەش گوڵ وەک درەختێکی سروشتی ھەمیشە سیفەتی جوانکاری بە ژیان دەدات بە شێوەیەکی گشتی.ئێمە کاتیچ لە شوێنگەو ژینگەیەک دەژین,کە رازاوەتەوە بەگوڵ,چەند لە رووی دەروونیەوە ھەست بە ئاسودەیی دەکەین.جگە لەوەی ھێزێکی سیحریانەی جوانیش بەو شوێنە دەدات.بۆیە ئەگەر گوڵ لەرووی سروشتی سمبول بێت بۆ جوانکردنی ژیان,ئەوا ژنیش لە رووی دەروونیەوە سیمبولێکە بۆ جوانترکردنی ژیانی پیاو.ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە,وەک باسمان کرد,ھەموو ماھیەتی مرۆڤ لەو خاسیەتە مرۆڤدۆستانەی دایە کە ھەڵگریەتی,بەومانایەی دەبێت خۆشەویستیءسۆزومیھرەبانی ھەبێت لە ژیاندا.کاتێ مرۆڤێکیش بوە ھەڵًگری ئەء خاسیەتانە ئیدی بە دڵنیایەوە,ژیاندۆستانەو مرۆڤدۆستانە دەژیتءئازاری دەوروبەرەکەی نادات.بۆیە پەیامی شاعیر ھوشیارکردنەوەی مرۆڤە لەوەی دیدگایەکی مرۆڤدۆستانەی ھەبێت,بگرە بۆ مرۆڤءتەنانەت سروشتیش.
بێگومان وەک باسمان کرد,گوتاری ئەو شیعرە گەرانە بەدوای ناسنامە.ناسنامە وەک شوناسێک کە دەبێتە سمبولێک بۆ بوونی مرۆڤ,بەھەردوو رەگەزی جیاوازەوە.لێرەوەش بۆ ئەوەی ژن بگاتە ئەو ناسنامەیە,دەبێ قوربانی بداتءبەگژ ستەمءکلتووری پەتریاکیانە دابچێتەوە.دەبێ کار بکات بۆ ئەوەی ئەو دیدگا مرۆڤدۆستیە لە دنیابینی پیاودا بینا بکات, کە ژنیش ھاوتای پیاوە.وەک ئەویش مرۆڤە.بەڵام بە تەنیا لێرەدا ئەو ناسنامەیە گرنگ نییە. بەقەد ئەوەی ئازایەتی نیشاندانی ئەو ناسنامەیەش گرنگە.بەدەربرینێکی تر دەبێ بوونی خۆی لە ژیان بسەلمێنێت.تاکو ئەو دنیابینیەی پیاو تێکبشکێنێ,کە پێی وایە ژن لاوازو بێ دەسەڵاتەو بە تە نیا ناتوانێ ھیچ بکات,ئەگەر پیاو لە پشتیەوە نەبێت.لەکاتێکدا ژن خۆشی دەتوانێ ئەو بوونایەتیەی خۆی بسەلمێنێت.ھەروەک شاعیر دەڵێ:_
کە سایەتیءبەرزی سەرم…
لەئازادیءئارەزووی ژیانم دایە…
ناوی من…
دەنگی من..
روحءھەناسەی گەرمی من…
لەدەستی ئازادیءجورئەتی چاوەکانم دایە…
ئەمەش وەڵامە بۆ ھەموو ئەوانەی پێیان وایە.ژن وەک بوونەوەرێک لااوازەوشوناسی ئەو لە شوناسی پیاودایەء, ناتوانێت ھاوشێوەوھاوتای پیاو بێت لە ژیاندا. لە کۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم, کە ئەوەندی وەک خوێنەرێک تێبینم کردبێت,ھەست دەکەم ,باریکان وەک شاعیرێک جورئەتێکی جوانی ھەیە لەنووسین. ئەمەش ئەو خاڵەیە کەنووسینی ژن جیادەکاتەوە لە پیاو.چونکە کەم نین ئەو نووسەرە ژنانەی لە نێوەندەکەدا بە ھەناسەی پیاو دەنووسن….
تێبینی/ تۆکێی؟شیعرێکی شاعیر باریکان ئیسماعیلە, لە ژمارە(٩٤٥)رۆژی ٢٧/٧/٢٠١١ ھەفتەنامەی رێگای کوردستان بڵاوکراوەتەوە….