ئه‌و شه‌وه‌ى بۆنى له‌شكرى شكاومان گرتبوو، ده‌ڕۆیشتین و ڕێگا كۆتایى نه‌ده‌هات، هه‌ر له سه‌فه‌رێك ده‌چوو كه پێشتر هه‌موو شته‌كان ڕهنگڕێژیان بۆ كرابێت، به‌ڵام تۆ به پاڵ و ته‌كانى خه‌ڵك هه‌نگاو بنێیت، به‌رده‌وام بیرى مه‌رگیش بێده‌نگى كردبووین. مه‌رگێك خۆى له تاشه‌به‌رد و دره‌خته زه‌لام و ڕه‌شه‌كانه‌وه ئاڵاندبێت و هه‌واى بستۆكهیهكى حه‌سانه‌وه‌مان نه‌دات، مه‌ترسى گه‌وره له‌وه دابوو كه كه‌سمان نه‌یده‌زانى پێشڕه‌وى كاروانه‌كه‌مان كێیه یان له كوێوه هاتووه! كه‌چى وه‌ك سێبه‌رى خۆمان پێمانه‌وه نووسابوو.
جار جاره فڕكهیهكى به‌لاماندا ده‌كرد، یان به‌ده‌نگه گڕو قهبهكهى بۆڵهبۆڵێكى لێوه ده‌هات كه لێى تێنه‌ده‌گه‌یشتن . له‌وساتانه‌دا نهگۆرانیى شه‌وانى تاریكمان له یاد ده‌ما، نه هه‌واڵى ئه‌و باڵندانه‌ى عاشقى خۆربوون، نه ئه‌و ڕووبارانه‌ى له نیوه‌ى ڕێدا سه‌رى شه‌كه‌تى شه‌پۆله‌كانیان له سه‌ر دوورگه‌یه‌ك داده‌نا، نه ئه‌و منداڵانه‌ى دوا سروودى ئه‌و ڕۆژه‌ى قوتابخانه‌كه‌یان ده‌وته‌وه و پاشان به فیكه لێدان و پاڵه په‌ستۆ ده‌رگاى چوونه ده‌ره‌وه‌یان له گریژهنه ده‌برد. له كاروانه‌كه‌دا من له هه‌موویان منداڵتر بووم و به‌رده‌وام نینۆكى په‌نجه‌یه‌كم له ژێر دانمدا ده‌كرۆشت، له كاتى ئاسایی‌دا به‌وه‌م زانیبوو كه ئه‌مه كارێكى باش نییه و ته‌نانه‌ت دزێویشه، به‌ڵام بۆ ئه‌و شوێنه هه‌وڵێكى ناچارى بوو بۆ خۆ فه‌رامۆش كردن . به‌ده‌م ههرههنگاوێكهوه كه مه‌ودایان له گهلۆرى ئه‌وساى خۆم و لێكدانه‌وه‌ى ئه‌وانى دى زیاتر بوو، ده‌موت: خودایا به ساده‌یى خۆمم له‌گه‌ڵدا بكه، من ئه‌م رێگایه‌م بۆخۆم هه‌ڵنه‌بژاردووه، له‌و ئاوانه پاكترم كه به‌م نیوه‌ى شه‌وه ده‌نگى خوڕه و ڕژاندنیان ده‌بیستم، خودایا لێم ببوره، من له‌وه گه‌مژه ترم له فێڵ و نهیڕهنگى نه‌گریسه‌كان تێ بگه‌م، هه‌ر به ساده‌یى خۆیشم بمهێڵه‌وه و چیم به‌سه‌ردێت قایلم، خودایا! هه‌ندێك جاریش كه ساتمه‌یه‌ك ڕه‌تى پێ ده‌بردم، وام هه‌ست ده‌كرد من له خه‌ونى دواى سهرخۆشیدام، ته‌مه‌نى خه‌ونه‌كه جگه له چركه‌ساتێكى وڕێنه و ههڵبزڕكاندن، هیچى تر نییه، به‌ڵام ده‌شێت ڕووداوى ناو خه‌ونه‌كه به‌شى ده‌یان ساڵ بكات. له‌وانه‌یه كۆتایى ئه‌م سه‌فه‌ره هه‌ر به‌گیزه گیزى مێشوله و قیڕه قیڕى بۆق و قاغه قاغى قاڵاوێك كۆتایى بێت، له‌وانه‌یشه ته‌قینه‌وه‌ى چیایه‌ك بێت كه كه‌پسولى مینه‌كانى له نێو په‌نجه‌ى تاریكیه‌كه‌دا یارى بكات. كىَ چووزانێت؟! به‌هه‌ر حاڵ له‌م جۆره سه‌فه‌رى هات و نه‌هاته‌دا وا باشه چاوى خۆت كوێر بكه‌یت و ده‌ست به سه‌ر ڕه‌نگى ههڵهكانتا نه‌هێنیت. خۆت له بیر بكه‌یت و لێكدانه‌وه‌ت وه‌ك ئاره‌قه‌ى نێو چه‌وانت بڕێژیته سه‌ر زه‌وى. ده‌شزانم قه‌ده‌رى من هه‌ر ڕۆیشتنه له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا كه به خه‌یاڵیش ناویان به‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كى رۆژمێرى یاده‌وه‌رییه‌كانم نه‌كه‌وتوون و له‌وانه‌یه تاكۆتایى هه‌روا بمێنێته‌وه، به‌ڵام زه‌مانه‌یش چاكترین مامۆستایه بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كانت. ئێستا دواى ده‌یان ساڵ كه ئه‌و دیمه‌نه ده‌هێنمه‌وه یاد، بۆ چركه ساتێك له كات و شوێن داده‌بڕێم، له بۆشاییه‌كدا ده‌وه‌ستم هه‌ستى (بوون)م لاسه‌نگه و تاڕاده‌یه‌ك سڕاوه‌ته‌وه، مه‌ترسى ئه‌و دۆخه له‌وه‌دا نییه كه نا‌توانیت هیچ بكه‌یت، چونكه كردهوهكهیشت به ئه‌ندازه‌ى سه‌نگى ئه‌وكاته‌ى خۆته، به‌ڵكو له‌و چهپۆكان و خۆڕهتاندنهدایه كه مه‌له نه‌زانێك له نێو گه‌رداوى ده‌ریایه‌كى سامناكدا ده‌یكات و تا دوا چاولێكنان به‌ته‌ماى فریادڕه‌سێكه، ئه‌مه‌ش نه‌هامه‌تى بوونى مرۆڤه له دروست بوونیه‌وه تا ئێستا.
سه‌یر له‌وه دایه ڕێكه‌وت بتخاته ناو له‌شكرى كاروانێكهوه كه كه‌سى لێ نه‌ناسیت و نه‌زانیت پێش قهرهوڵت كێیه ! سه‌رى له كوێوه ده‌ست پێ ده‌كات و له‌كوێدا كۆتایى دێت! ئایا ئه‌مه بۆ دۆزینه‌وه‌ى شتێكه كه كه‌س په‌ى به نهێنییه‌كانى نه‌بردووه یان هه‌ر له پێناوى ڕۆیشتنى رووت و كلى تاریكى له چاوكردنه؟! له یه‌كه‌م ڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه‌ى ئه‌و نهناسهدا كه هه‌نگاوى چوست و كۆكینى پیرانه‌ى ده‌كرد ته‌زویه‌ك به له‌شما گه‌ڕا، ته‌زووى پڕ له‌چێژى نه‌ناسین، به‌ڵام لێوان لێو له ئاره‌زووى تێ گه‌یشتنى. له‌نێوان ئه‌و دوو هه‌سته‌دا په‌ناى ترم نه‌بوو، یان با بڵێم هه‌ڵكه‌وتى ڕێگاوبان و پێكهاته سه‌یره‌كه‌ى ئه‌و شه‌وه‌ى ئێمه هه‌ر ده‌بوو هه‌ستێكى وام تیا دروست بكات. بۆیه بێ پاكانه‌كردن بۆ گهمژایهتى خۆم زانیم ته‌نیا (ئه‌وه) شاره‌زاى هه‌موو ئه‌و كهندو لهندو چۆمودهرهیه بێت‌و شه‌یتانى هه‌ڵه په‌ى به هه‌نگاوێكى نه‌بات، ئه‌گینا ئێمه، به‌تایبه‌تى من، كوڕى چاتێكردنێك نیم ئه‌گه‌ر پیاڵه‌یه‌ك نه‌شكێنم و به‌زه‌ییم به زرنگانهوهكهیدا نه‌یه‌ت، كه‌چى ئه‌و له‌وه بێده‌ربه‌ست تر بوو خه‌م له كۆترێكى باڵ شكاو و ئاسكێكى بریندار بخوات. كه پرسیارى زۆر سه‌ری كردیت به هێلانه و بوارێكیش نه‌بوو بۆ كه‌م كردنه‌وه و ڕێگایه‌ك بۆ ده‌رچوونیان، ئیتر تۆ له ناو خۆتدا تووشى داخۆران ده‌بیت، من له‌وێدا بووم به‌و مێرووهى له دۆخى مت بوون یان كهسیرهكهوتندایه، ئیدى ده‌نگه‌كان له گوێم‌دا بوون به بڕینه‌وه‌ى پارچه ئاسنێكى ژه‌نگ گرتوو یان كڕه كڕى مشارێك له بێده‌نگیدا، كه ویستیشم بدوێم شیلهیهكى لینج به‌لاى لێومدا داچۆڕایه خوارێ، له چه‌ناگه‌مه‌وه به‌ره‌و سنگ و به‌رۆكم هات، پاشان تنۆك تنۆك ڕژایه به‌رپێم و بێگومان بووم شوێنه‌كه‌ى ڕه‌ش دادهگێڕێت. (ئه‌و) له ئاوڕدانهوهیهكدا كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ڕووناكایى هه‌وره بروسكه‌یه‌كى كتوپڕدا پێى وتم: ها، تۆ له‌م سه‌فه‌ره سه‌خت و درێژهداو به‌وه‌ى له ده‌موچاوتا ده‌رده‌كه‌وێت له (گریگۆرى سامسا) ده‌چیت، ده‌ڵێى چى؟ پرسیاره‌كه‌م لاسه‌یر نه‌بوو. كه ویستم وه‌ڵامى بده‌مه‌وه نوزه‌م لێوه نه‌هات، ته‌واو وه‌ك یه‌كێك زمانى گرتبێتم وابوو، به‌ڵام ده‌متوانى له نزیكه‌وه به چاو پێى بڵێم تۆ كێیت و چۆن گریگۆرى سامسا ده‌ناسیت، نه‌ك ته‌نها ئه‌وه، به‌ڵكو هه‌ر به چاو ده‌متوانى وه‌ڵامى چ پرسیارێكى له‌وه قورس‌تر بده‌مه‌وه. كه‌چى بێدهنگیهكهى خۆمم لا په‌سه‌ندتر بوو، ئه‌گه‌ر چى خۆیشم هۆكارى بێدهنگیهمم نه‌ده‌زانى، ئایا پرسیاره‌كه له‌وه ساده‌و بێ به‌هاتره لێى بێیته ده‌نگ؟ یان هێزێك بزمارێكى واى بهزمانما داكوتیوه كه نه‌توانم وه‌ڵامێكى زۆر سانا‌و ئاسان بده‌مه‌وه؟ (ئه‌و) پێى وتمه‌وه: گریگۆرى پێش ئه‌وه‌ى ببێته قالۆنچه‌یه‌كى هێند گه‌وره كه نه‌توانیت خۆت بجوڵێنیت من ده‌تنێژم و ڕزگارت ده‌كه‌م. گوێم پێ نه‌دا، ده‌مزانى ده‌شێت ئه‌مه ڕاستیه‌ك بێت و ته‌نیا ئه‌و بیزانێت، بۆ ئه‌وه‌یش كه هه‌موو ئه‌وانیدى، به تایبه‌تى ئه‌و كه‌سانه‌ى گوێیان لێ نه‌بوو یان تێى نه‌گه‌یشتوون زیاتر خۆیان له مه‌سه‌له‌كه هه‌ڵنه‌قورتێنن. من هه‌ر بێده‌نگیم هه‌ڵبژارد. له ڕاستیدا لایشم گرنگ نه‌بوو ده‌ستبه‌ردارى دنیایه‌ك ببم كه به‌درێژایى ته‌مه‌نم به ئه‌ندازه‌ى هه‌ناسه‌ى عاشقێكى دۆڕاو خۆشى داومه‌تێ. به‌تایبه‌تى له‌م باره‌ى ئێستامدا كه هه‌ر لهئاژهڵێكى ماڵى ده‌چم و تواناى ئه‌وه‌م نییه ببم به‌و خاك و خۆڵهى گشت گه‌رد و ڕه‌گه‌زه‌كانى ژیانى لێده‌چۆڕێ و ده‌توانێت به بۆن و بهرامهكهى دنیایه‌ك بكاته گوڵ و شه‌به‌نگ. هه‌ر چۆنێك بێت له‌وه به‌دگومان نه‌بووم كه ته‌واو نائومێدى سهربكێشێته نێو ئه‌و هه‌ڵانه‌وه كه كردوومن و خۆم به سه‌ركێشیم زانیون، چونكه من هێشتا به‌چاكى نه ده‌زانم ڕاستیى چییه و نهههڵه كامه‌یه! جیا كردنه‌وه‌ى ئه‌و دوانه ئه‌وه‌نده ئاسان نییه كه هه‌ندێك گه‌وج باسى لێوه دهكاتو زۆر نابات لێى په‌شیمانه.
له‌و ساته‌دا كه له‌و بیره ئاڵۆزانه‌وه هه‌نگاوم ده‌ناو زمانى ده‌ربڕینم لاڵ ببوو، ده‌یان به‌سه‌رهات و ڕووداوى سه‌یر به‌رۆكى ساته وهختهكانیان لىَ گرتم، به‌تایبه‌تى له‌سه‌ر ئه‌وانه‌یان زۆر وه‌ستام كه بارودۆخه‌كه له باربوو بۆ به‌رجه‌سته‌كردنیان: ئه‌فسانه‌ى شه‌ڕى ئاگرینى خوداكانى یۆنان، ئه‌نكیدۆ و په‌یڤه قوڵه‌كانى نه‌مرى، ئه‌فسانه‌كانى لیسترین وسیكۆلۆبین، ئیناسو ده‌رگا عاجیهكان، پاژنه سیحراویه‌كه‌ى ئاخیل، حیكایه‌ته ئیرۆسیهكانى ئامهى خاڵه‌ى نه‌نكم، گه‌وره‌یى ئه‌و سوار چاكه‌یش كه وه‌همى ئازایه‌تى و به‌خشنده‌یى، دڵسۆزى و داد په‌روه‌رى تووڕه‌ى كرد و سه‌دان شمشێرى دارینى پێ وه‌شاند، ئه‌و كه‌سه‌ى هه‌ندێك به‌شێتى ده‌زانن و كه‌سانى دى بهیاخیهكى سه‌رسه‌خت. ئه‌ویش خۆى به‌فریاد ڕه‌سى هه‌ژار و داماوه‌كان داناوه و ناوى به‌نه‌مرى ماوه‌ته‌وه، چونكه ئه‌وه چه‌نده خه‌ونى خۆشى كه‌سێكه كه به‌چاكى خۆى ناناسێت، هه‌وڵێكیشه بۆ ڕاست كردنه‌وه‌ى چهوتیهكانو سڵ نه‌كردنه‌وه له به‌دى هێنانى خه‌ونى مرۆڤ كه هه‌ندێك جار ده‌گاته سنورى مه‌حاڵ. خۆ ئه‌گه‌ر وایش بێت، هێشتا ئه‌و دۆنكیشۆته زۆر له‌وانه مه‌زنتره كه ناتوانن هه‌نگاوێك به ڕێگاى سه‌ختا بنێن بۆ به‌دى هێنانى ئامانجێكى له‌وانه‌ى ئه‌و ئاسانتر.
ئه‌و وه‌ك ئاگاى له ختورهكانى ناوه‌وه‌ى من بێت هاوارى لێ كردمه‌وه: گریگۆرى ده‌تنێژین تا نهمربیت!
ئه‌مجاره‌یان زمانى ڕوانینم له‌وه به ئاگا‌و هه‌ستیار تر بوو كه به‌ته‌نها نیگایه‌ك وه‌ڵامى نه‌ده‌مه‌وه‌و پێى نه‌ڵێم: گه‌لحۆ تۆ به پێچه‌وانه‌ى خه‌ڵكى تره‌وه ده‌ته‌وێت نه‌مرم بكه‌یت! زینده‌به‌چاڵ كردنى كه‌سێك چ به‌هره‌و مهزنییهك ده‌داته تۆ‌و كامه نه‌مرى به من؟! نازانم چه‌ند له مه‌به‌سته‌كه‌م گه‌یشت، به‌ڵام گرێیه‌ك كه‌وته ناوچاوانى كه له‌خه‌مى پادشایه‌كى ئاڵا شكاوى ناو شهڕگایهك ده‌چوو. پاش كه‌مێك وتى: تۆ ده‌بیته قوربانى و هه‌موو قوربانییه‌كیش نه‌مره. هه‌ر به چاو پێم وت: من له‌م چركه ساته‌دا له‌وه بێده‌نگترم كه سه‌ر بۆ هه‌موو فه‌رمانێك دانه‌نه‌وێنم. (ئه‌و) چاوى ته‌واو كرانه‌وه، زانیم زۆر له زمانى بێده‌نگییه‌كه‌م تێگه‌یشتووه، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌ویش وه‌ك من له به‌رده‌م چه‌قۆى فهرمانێكدایه كه هه‌ر ده‌بێت بیوه‌شێنێت یان گومانێكى هه‌یه!! كه به‌ره به‌ره‌و له‌ژێر هه‌ڵهاتنى مانگدا هه‌مووان له‌سه‌ر خه‌ره‌نده قووڵ و ترسناكه‌كه كۆ بووینه‌وه. (ئه‌و) ئاماژه‌ى بۆ گۆڕێكى پان‌و درێژكرد و پێى وتم: ئه‌و گۆڕه به تایبه‌تى بۆ تۆ هه‌ڵكه‌نراوه. وایش بوو، گۆڕێكى تازه دروست كراوبوو كه هێشتا خۆڵ و خاكه‌كه‌ى ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌رى به ته‌واوى وشك نه‌بووبووه‌وه. من بێ ده‌ربه‌ستانه و ته‌نیا به‌چاو تێمگه‌یاند كه ئایا ده‌توانم پێش ناشتنم دوا جگه‌ره‌ى سه‌ر ئه‌م زه‌ویه بكێشم؟ وتى: ئه‌وانه‌ى وه‌ك تۆ وان له‌وه په‌له تریانه كه له كێشانى جگه‌ره‌یه‌كدا كاتیان به فیرۆِبدهن. به‌ڵام من ههرجگهرهیهكم داگیرساند، وه‌ك پێكى مه‌ى هه‌ڵده‌م چاوم لهناوچاوى بڕى، ئه‌وسا به‌تاسه‌وه دووكهڵهكهیم هه‌ڵمژى و پاشان به‌ره‌ولاى ئه‌وم ڕادا. ئینجا به پلیكانه‌ى ناو گۆڕه‌كه‌دا چوومه خوارێ، هه‌ر له‌سه‌ر شێوه‌ى گۆڕى ڕۆماى كۆن دروست كرابوو، به هه‌مان ڕه‌ونه‌ق و ساختمانى به‌هێزیه‌وه. له دواپلهیدا تارماییه‌ك وه‌ك بروسكه هاتو نه‌ئه‌ستێره و نهتریفهى مانگه‌كه ئاسه‌واریان ما، دۆخێكى ته‌واو جیاواز له‌وه‌ى كه پێى ڕاهاتبووم. كه‌چى له‌و ته‌نیایى و دنیا هێورهدا نه‌ترسى به‌سه‌رهاتى كتوپڕم هه‌بوو نهخهونهكانم شلوێ بوون، نهتووشى ههراسى نائومێدى بووم‌و نهههستى دنیایه‌كى نامۆ، به‌ڵكو سه‌یر خۆم له‌ناو گه‌له‌رییه‌كى هونه‌ریدا دۆزییه‌وه كه تیشكى ڕه‌نگه‌كان كردبوویانه چراخان، له سووچێكیدا په‌یكه‌رێكى به‌ردین دانرابوو، هه‌ر له‌سه‌ربازى ناو سوپایه‌كى شكست خواردووى یۆنانى ده‌كرد كه تازه لهشهڕهكانى خۆرهه‌ڵات گهڕابێتهوهو بێجگه له قه‌ڵغانێكى ڕووت هیچ چه‌كێكى تر‌ى پآ نه‌مابێت، ته‌نانه‌ت خوودهكهى سه‌ریشى ئه‌وه‌نده بهناڕێكى له‌سه‌رنابوو ده‌ت وت بهرچهپۆكى سزادانى ئه‌فسه‌ره‌كه‌ى كه‌وتوه. له ناوه‌ڕاستى گهلهریهكهدا دره‌ختێكى بێ گه‌ڵا هه‌ر به به‌رزى 165سم كه به ئه‌ندازه‌ى باڵاى خۆمه دانرابوو، داره‌كه چ له‌و بۆشاییانه‌دا كه هونه‌رمه‌نده‌كه به مه‌به‌سته‌وه تیایدا كردبوو، یان له‌و قڵیشانهدا كه به ماده‌ى تر پڕ كرابوونه‌وه، ده‌تزانى ئه‌مه كارى هونه‌رمه‌ندێكى به‌توانا و به‌هره‌یه و بێجگه له خه‌یاڵى ڕه‌نگ بیرى ناوهزهیشیان تێدایه. من له‌وكاته‌دا پڕ به‌دڵ حه‌زم له شیعرێكى ڕۆمانسى كرد كه به‌سه‌ر یه‌كێك له تابلۆى سهردیوارهكانهوه هه‌ڵواسرابێت. شیعرێك بمگێڕێته‌وه بۆ سه‌ر زه‌وى، بۆ لاى هاوڕێ هه‌ژاره‌كانى منداڵیم، بۆلاى تاقه خوشكه لاڵهكهم كه ته‌نیا وشه‌ى (كاكه) به ڕه‌وانى ده‌ڵێت. بۆ ناو ئه‌و ژیانه‌ى ته‌نیا چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌ك به خۆشییه‌كانى ته‌فره‌م خواردووه‌و ئه‌وى تر‌ى له ده‌رگایه‌كى شه‌قوشڕ ده‌چێت به دیوارى ڕووخاوى كه‌لاوه‌یه‌كه‌وه، له داڵانى باریكى ئه‌وبه‌ر گهلهریهكهوه كه ده‌چووه سه‌ر ڕووناكییه‌كى تر، گوێم له ژاوه ژاو بوو. ته‌زووى دهمارێكى كۆنى خۆمم تێ گه‌ڕا، چونكه له ده‌نگ و ئاهه‌نگى ئه‌و قه‌ره‌جانه ده‌چوو كه له وه‌رزى به‌هاردا و له‌وبه‌ر چه‌مه وشكهكهى پشت ماڵمانه‌وه خهیوهتیان هه‌ڵده‌دا. كه ده‌گه‌یشتن ده‌كه‌وتنه گۆرانى و ژن و پیاویان پێكه‌وه هه‌ڵده‌په‌ڕین، ئێمه‌ى منداڵیش ده‌ستمان بۆ چهقۆو سووزن و شیش و قه‌فه‌زى كه‌وه‌كانیان ده‌برد و ئینجا ئێمه تۆپى هه‌ورى و دایكمان بنێشت و تیرۆكیان لێ ده‌كڕین. كه سه‌رم بۆ لاى داڵانه‌كه كێشا بۆ ئه‌وه‌ى له ههراوزهناكه بگه‌م، هیچى وام نه‌بینى. وه‌ك ده‌شتى دواى بارانێكى زۆر هێورو ڕووناكبوو، به‌ڵام (ئه‌و) به ته‌نیا به‌رامبه‌رى لىَ گرتبووم، ئه‌مجاره‌یان له كه‌سێكى تۆڵه‌سێن نه‌ده‌چوو، به‌ڵكو پیاوێكى به‌ویقار كه له چاوه‌ڕوانیى موژده‌یه‌كى خۆشدابێت، ئیتر موژدهكه ئه‌و بیدات یان تۆ پێى بگه‌یه‌نیت. به‌ڵام ئه‌مجاره -كه ڕه‌نگه ئه‌و به‌خه‌یاڵیدا نههاتبێتو یان هه‌ر بیرى لىَ نه‌كردبێته‌وه- بێ سێ و دوو لێ‌كردن زمانم لىَ دهركێشاو پێم وت:
-تۆ له كه‌سێكى ئه‌فسانه‌یى ده‌چیت، له‌ماوه‌ى ئه‌و چه‌ند سه‌عاته‌دا كه ڕه‌نگه له‌جێگاى تردا ساڵانێكى خایاندبێت، له په‌ناى نه‌ناسین‌و ئامادهبوونتا من لهماسیهكى گێژ ده‌چم! وتى: من ده‌مێكه به‌دواته‌وه‌م یان بابڵێم هه‌ر له‌گه‌ڵتام، یان هه‌ر خۆتم. وتم گۆڕه‌كه یه‌ك ده‌رگاو یه‌ك نهردهوانى هه‌بوو، تۆله كوێوه گه‌یشتیته ئێره؟ وتى: ده‌رگاكان چاو خه‌ڵه‌تێنن، ده‌شێت به‌بێ پهیژهیش بچیته سه‌ربان، وه‌ك ده‌شێت تۆ به‌بێده‌نگى نهمربیتو من به‌زۆر وتن و خۆهه‌ڵكێشان! من تێگه‌یشتم، به‌ڵام ویستم بزانم به‌ڕاستى ئه‌وییش هه‌ر ئه‌وه‌ى منى مه‌به‌ست بووه، بۆیه پێم وت: تێت ناگه‌م! وتى: مه‌رج نییه ئه‌وه‌ى تێى نه‌گه‌یت یان لات مه‌حاڵ بێت نه‌توانیت وێناى بكه‌یت. وتم: ئاشكراتر. وتى: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه من تۆ به‌وه نه‌مر ده‌كه‌م كه ده‌تكه‌م به قالۆنچه. تۆیش وه‌ك ئه‌و سواره وێناى من بكه كه له‌گه‌ڵ ئاشه هه‌واییه‌كاندا به‌شه‌ڕ ده‌هات، شمشێرى له شوان‌و گاوان‌و كاروانچى هه‌ڵده‌كێشا، سه‌ر ڕێگاى دهگرتو خۆى به فریادڕه‌سى هه‌ژاران دهزانىو هیچیشى بۆ نه‌كرا.
بێده‌نگبووم، ئه‌و وتى : له ڕاستییا ئه‌مه‌ى تۆ ناشتن نییه وه‌ك له پێشدا باسمان كرد، به‌ڵكو هه‌وارێكى ئارامه بۆ گونجانى هه‌ردووكمان، وتم: كه‌واته كۆتایى دنیا نییه، وتى : نا، به‌ڵام دنیایه‌كى تره بۆ خۆى. وتم: ئه‌ى مه‌سه‌له‌ى نهمریهكه؟ وتى من و تۆ تواناى خه‌ون و وێناكردنى یه‌كمان هه‌یه. ڕه‌نگه تۆ حه‌زت به‌وه‌بێت ببیته دۆن‌كیشۆت، منیش بهگریگۆرى سامسا، یان به پێچه‌وانه‌وه، بۆیه بهجووتهو بێ ئه‌وه‌ى به‌یه‌كتر بزانین له جێگایه‌كى راساوو ئارام ده‌گه‌ڕێین. تا ده‌نگى كه‌سمان نه‌گاتێ و خه‌یاڵمان شلوێ نه‌بێت. پێكه‌وه بێدهنگبووینو ڕاماین، ڕامانى په‌نجه‌ره‌یه‌ك له‌بن میچى ژوورێك، كتێبخانه‌یه‌ك له گوڵى قاڵیهكى داخراو، یان ڕامانى نووسه‌رێك بۆ دروستكردنى كاراكته‌رێك كه خۆى ئیره‌یى پێ به‌رێت. چیا دووره‌كه‌ى ئاسۆ كه به جووته لێمان ده‌ڕوانى، ته‌متوومان لهداوێنیهوه ببوو به پۆلێك كۆترى سپى، بههێورى سهردهكهوتو پاشان پێچێكى نیمچه بازنه‌یى ده‌كرده‌وه‌و ده‌گه‌ڕایه‌وه، دهشتو دهرهكهیش كه تا ئه‌و چركه‌ساته له هه‌موو ژیانى خۆمدا به‌و جوانى و دڵگیریهوه نه‌مدیبوو، كۆپیكراوى تابلۆى ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌ورانه بوو كه چاوى خودا ئیلهامیان پێ ده‌به‌خشێت و خه‌یاڵه شه‌یتانیه‌كان به‌رجه‌سته‌یان ده‌كات. كه به‌ته‌نیاو له ڕێگایه‌كى تره‌وه لهگهلهریهكه هاتمه ده‌ره‌وه‌و به ناو ته‌م تومانهكهدا گه‌ڕامه‌وه، له‌شم ببوه ئاورێنگێكى ڕووت. بیركردنه‌وه‌یه‌كى تازه‌تر وه‌ستاندمى. زانیم تا ئه‌و چركه ساته من نیوهكهسێك بووم‌و به دواى ته‌واوكردنى خۆمه‌وه بووم. ئه‌وى دیم نه‌مبینییه‌وه‌و ئیدى مه‌وداى گفت‌و گۆیهكى زیندووترم پێ نه‌بوو، یان ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وێت -كه ڕێ ناكه‌وێت- له ته‌نگژه‌یه‌كى وه‌ك ئه‌مشه‌وى مندا جارێكى تر ڕابه‌ریى ڕێگاى سه‌ختم بكاته‌وه. ئێستا، دواى ئه‌و ده‌یان ساڵه، كه خه‌یاڵى ئه‌و شه‌وه‌و نێوگهلهریهكه پێم له‌سه‌ر زه‌وى هه‌ڵده‌گرێت، خۆم به‌و باڵنده‌یه ده‌چوێنم كه هه‌ر به ئاسمانه‌وه جووت ده‌بێت و هێلانه ده‌كات، هه‌ست به‌وه ده‌كه‌م كه ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ گێڕانه‌وه‌ى حیكایهتو به‌سه‌رهاتێكى وا نه‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌یشم له‌بیرنه‌ماوه كه به‌ڕاستى من و (ئه‌و) ده‌بێت كێ بین؟
ئه‌و هه‌ر به خه‌ون و بۆ به نهمركردنى خۆى منى كردبوو به گریگۆرى سامساو له شێوه‌ى قالۆنچهیهكدا ناشتبوومى، منیش بۆ ته‌واوكردنى خۆم وێناى ئه‌وم له‌و پیاوه سهركێشهدا كردبوو كه له قۆناغى سوارچاكیدا خه‌یاڵى ڕاستكردنه‌وه‌ى چه‌وتییه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى دنیا شمشێرێكى دابووه دهستو وه‌ك قاره‌مانێكى نموونه‌یى به‌رگرى له‌و به‌هایانه ده‌كرد كه بۆ ئه‌وسا شێتى و بۆ ئێستا نه‌مریه و هیچیشى بۆنه‌كرا ! نازانم هه‌وڵه‌كه‌مان چه‌ند ڕاسته! به‌ڵام ڕاستى ئه‌وه‌یه كه من له گێڕانه‌وه‌ى ئه‌م حیكایه‌ته‌دا له دوو دنیاى زۆر جیاوازدا ژیاوم، یه‌كه‌میان دنیایه‌كى خه‌یاڵیه كه من و ئه‌وى كرد به یه‌ك و خۆشه‌ویستیه‌كى هێند گه‌وره‌ى پێبه‌خشین كه بتوانین ته‌نانه‌ت له گۆڕێكدا پێكه‌وه هه‌ڵبكه‌ین و ڕاز‌و نیازى خۆمان بۆ یه‌كتر بگێڕینه‌وه. دووه‌میان ئه‌ودنیا راستهقینهیهیه كه پێى ده‌ڵێن ژیان و من و ئه‌وى كردبووه دوژمنى یه‌كدى، به‌جۆرێك نه‌توانین له‌و په‌ڕى خۆ به قوربانی كردنیشدا نه‌مر بین، به‌ڵكوو به‌رده‌وام خۆمان به لقێكى هێند له‌رزۆكى دره‌ختێكه‌وه هه‌ڵواسیبێت، كه له‌گه‌ڵ هه‌ڵكردنى بایهكى ئاسایی‌دا خۆمان و لقهكهیش به‌ره‌و ناخى چاڵێكى قووڵببینهوه و ئیتر ئه‌وه ئه‌و كاته‌یه كه نه له بیرى كه‌سدا ده‌مێنین و نه تواناى خۆشه‌ویستى یه‌كترمان هه‌یه.
2007-3-24