بەر لەوەی ڕۆژی ھەینی ، شەشەمین خوشکی بچێتە مانگی ھەنگوینی ، جانتای سەفەری تێکنا و بە گیرفانی چەور بۆ پایتەخت کەوتەرێ . ھەموو جار وای دەکرد ، پێی شەرم بوو لە پێش چاوی ئەو ، دەستی خوشکی بگرن و لە ماڵەکەی ببەنە دەر ، لە بە شوودانی خوشکەکانی تریش ، دوو ڕۆژ پێش زەماوەندەکانیان ماڵی بەجێدەھێشت . ئەو ڕۆژەی دواخوشکی چووە مانگی ھەنگوینی ، ئەویش لە گەڵ ژنە سۆزانیەکان شەوی سووری بە سەر دەبردو، وەک بڵێی تۆلەی خوشکی دەکاتەوەو ببووە مەلەوانێکیی
دەریای شەھوەت !
ھێشتا بووکەکە بیستو چوار کاتژمێری بە سەر تێنەپەڕی ، ھەواڵی ئەوەیان پێدا ، لە نێو بازار ، ئەجەل نووکێکی بۆ باوکی کردووەو بۆخۆی بردۆتەوە . ئیدی بووک، تارای داناو ڕەنگی ڕەشی پۆشی و بووکیش بووە میوانی پرسە .
دوای ھەفتەمین شەو ، براکەیان بە مەستی لە سەفەری شەھوەت ھاتەوە بینی لە نێو ماڵ ، خوشکەکان جلی ڕەشیان پۆشیووە ، کە زانی باوکی نەماوە ، لە شەرمان لە بەردەم خوشکەکان ھاتە چۆک و دەستی بە گریان کرد ، ئەوانیش بە جنێو وقسەی ناشیرین پێشوازیان لە براکەیان کرد ، تۆلەی ئەو ھەموو زڵم و ستەمەی خۆیان لەو برایە کردەوە ، کە چەندین ساڵ ، ببوە دیکتاتۆرێک بە سەرسەریان!!
یاسین برایم