(پێش ئەوەی چیرۆکەکە بخوێنیتەوە باشترە سێوێکی سوور بگریتەدەست)
ن/جەلال قادر : لەگەل یەکەمین بینینی سێوەلاسوورەکە بەقەد لقی درەختێکی کێویەوە یەکسەر عاشقی بووم. تاکە درەختێبوو بەقەد بناری شاخێکەوە، کۆمەڵێ سێویی ڕەنگینی بە سینەوەی هەلواسیبوو، لەناو هەموو سێوەکان سێوەلاسوورەکەم ناوازە و جوودا لە ڕەنگەکانیتر شۆڕببوەوە خوارێ. سێوەکان پێگەییبوون تەنیا سێوەلاسوورەکەی من نەبێت، چەند ڕۆژێکی مابوو خۆی بە سینەی دایکیا هەلواسێو و بێتە خوارێ!.
هەموو ڕۆژ سەردانی درەختەکەم دەکرد و لەژێر سێبەرییا ڕادەکشام لە سێوەلاسوورەکەم دەڕوانی، هەر ڕۆژ بۆنم دەکرد و چاوەڕوانبووم پێبگات و بیبینم، یاخود بەربێتەوە ناو دەمم و تێر ماچیکەم. سێوەکانیتر وەک گەلای پاییز هەلدەوەریین وتەنانەت( با)ش نەدەهات کۆیانکاتەوە. سێوەلاسوورەکەم پێنەدەچوو پەلەی بێتو پێبگات و بەربێتە خوارەوە، منیش هەر ڕۆژ چاوەڕێمدەکرد، لە دیدی چاوەکانی مندا سێوەلاسوورەکەم دەتگوت ئەستێرەی پڕ ڕەنگە بە ئاسمانەوە دەدرەوشێتەوە.
ڕۆژێکیان لەگەل سپێدە دۆڵ و سەرتەپڵکەکانم بڕی، لە دوورەوە بینیم سێوەکەم بە درەختەکەوە نەمابوو!.. سەیری ژێر درەختەکەم کرد جگە لە گەلای هەلوەریوو پوشوو خۆڵ چیترم نەبینی. هەستم کرد کەسێک هاتووە سێوەکانی ڕنیوە و سێوەکان کۆچیان کردووە.
بە شوێن پێی ڕێبوارەکە کەوتم لەناو گوندێکدا هەواڵی سێوەکانم پرسی. وتیان : دوو سەبەتە سێو بەرەو شار بارکراوە.
وتم : هەرکێ بێ سێوەکانی ڕنیبێت نەزانبووە چونکە سێوەلاسوورەکەی من هێشتا پێنەگەییبوو!.
چووم بۆ شار بە سۆراخی دۆزینەوەی پیکابە شڕەکەی گوندەکە… دوای گەڕان و ماندوو بوون، دوو سەبەتە سێوەکەم لەلای مێوە فرۆشێکی ناو شار دۆزییەوە . چیرۆکەکەم بۆ کابرای میوە فرۆش گێڕایەوە. ئەویش وتی : کوڕم ئەوە سەبەتەیەکی بەتاڵ دەتوانی سێوەکانی تیا بگوازیتەوە ناوی، هیوادارم سێوە لاسوورەکەت بدۆزی.
هەر لەگەل گواستنەوە و بژارکردنی چەند دانە سێوێک لە ناو دەیان سێو، سێوەلاسوورەکەم دەدرەوشایەوە. لە چنگم گرت وبە کامەرانییەوە وتم: مامەگیان ئەوە سێوەکەم دۆزییەوە نرخی چەندە ؟ وتی : کوڕم تۆ ئەو ڕێگا دوورەت بڕییوە بۆ خاتری سێوێک چۆن دڵم دێ پارەت لێبسەنم.
کابرای مێوەفرۆش سێوەکەی لەدەست وەرگرتم و سەیری کرد و وتی : ڕاستدەکەیت ئەمە سێوێکی تایبەت وکێوییە ئەگەرچی زوو لە درەختەکەی کراوەتەوە، هێشتا تەواو نەگەییوە، لی تا چەند ڕۆژێکیتر نەیخۆی دەتەپێ و بۆگەن دەبێت!.
سێوەکەم لە باخەل کرد و تا ماڵ ڕانەوەستام، تێکەڵ بە هەنار و پرتەقال و مێوەیتر لەناو سەبەتەیەک دامنا. ئەوەندە خۆشمدەویست دوو سێ ڕۆژی بەسەر چوو بوو دڵم نەدەهات قەپی لێبگرم. دواجار بەناچاری گەزم لە گۆشیەکیگرت، ئای کە سێوێکی بەتام و شیرین و ئاودار بوو. لە خۆشی تامەکەی خۆم پێنەگیرا قەپ لەسەر قەپم لێگرت. لە کۆتاییدا چەند دەنکە سێوی ڕەش مایەوە لە ناولەپی دەستم.
ئاواتەخوازبووم بتوانم سێوکیتر بەو شێوەیە و بەوتاموچێژە بدۆزمەوە. زۆر دڵتەنگ بووم بۆ لەدەسچوونی سێوەلاسوورەکەم. بەدیار سەبەتە پڕ لە مێوەکەم دانیشتبووم و دامابووم،هەستی تەنیایی باریگرت بەسەرما، یادی بۆنی سێوەکە هێشتا لە ژوورەکەم مابوو.
لەم بێئارامیەمدا بووم و هێشتا دەنکە سێوەکە لەناو لەپی دەستمدا بوو چاوم بە باخچە بچکۆلانەکەی مالدا کەوت. چالێکم لەباخەکەم هەڵکەند و دەنکە سێوەکانم چاند وقومێ ئاوشمکرد بەسەریا، بەو ئاواتەی سالێکیتر ببێت بەنەمام و خزمەتی بکەم!.