نامەیەکی بێ کۆتا بۆ تۆ هاوڕێ…..
نیگەرانم پێت ئەڵێم،
بەڵام ئەبێت دەستی ئەو خەمە بنێیتە ژێر سەرت…..هاوڕێ…..
تازە منی قەلەندەر،
بەم باڵە شکاوانەوە
ئاسمانی بستێ فڕین نی یە بمگرێتە خۆ….
تازە مەحاڵە من بتوانم
جانتا مودمینەکانم بەسەفەر
بە شەمەندنەفەری مەنفایەکی ترا بنێرم و
خۆشم …….. دەست بە پەڵەی هەورێکەوە بگرم و
لەم قەدەرە راکەم……….
مەحاڵە عیشق،
لەو هەموو بەردی دڵڕەقی یە هەڵنوتێ و
گۆزە شەرابی یەکانی سەرشانی بەساغی بێنێتەوە….
مەحاڵە دوای ئەو هەموو بێ مروەتیەی دەریا،
تاری لەدووری پڕ حوزنی گولفرۆشێ بمهێنیتە سۆزو،
بتوانم دڵی شکاوی نەورەسەکان بەمەوە……
بەو گوڵفرۆشە بڵێ:
چ دەبا ئا لەوێدا،
هەر زیندانی یەکەی نێو دەستەکانی ئەو بوومایە،
نەک ئاوەها،
باوەشێ بم لە تەنیایی……
پێ ی بڵێ:
من سەدەیەک چاوەڕێ بووم کە ئەو بێت…..
ئەوی بەجێماو لە خۆم و شیعرم…
بەیانی یەک بێت و،
ئینجانەکانی شعورم
پڕ کات لە گوڵی پەشیمانی…….!
بێت و گۆرانی و ڤالانتاین بگێڕیتەوە نێو
ماڵە چۆڵەکانی دڵ….؟
کە بێت و،
فەرشی گوڵ لەبەر پێ ی عیشقا ڕاخات و
لەسەر بەرماڵی ئێوارەیەکی پەمەیی
ڕووت بێتەوە ….!
دوا ئێوارە کە سەفەر
دەستی دایە جانتا خنراوەکانم بە مەراق،
دڵم پێ ی ووتم:
*هیچت لێ جێ نەماوە؟
ووتم: با….
ووتی: چی؟
ووتم: تۆ…….
پێ ی بڵێ:
با بمبەخشی کە دەستەکانی من هێند بجوک بوون
نەمتوانی مشتێ کامەرانی یان تیا هەڵگرم و
لە بەرقاپی میهری ئەوا ڕۆی کەم…..
هێند کورت بوون نەمتوانی لە ڕەزی ئەوینی ئەوا
هێشوی خەونێکی بۆ بچنم…..
نەمتوانی ئەستێرەی خۆزگەیەکی بۆ داگرم…..
ماڵەباجێنەیەکی لە خۆشبەختی بۆ دروست کەم…
با بمبەخشێ….
پێ ی بڵێ:
ئەو لەکوێ بوو،
کە منی شیعر هەورم ئەکردە مەرەکەبی جاویدانی و
بارانم لە باخچەکەی بێ دەنگی ئەوا پێ ئەنوسی یەوە……؟
بۆ جارێک منی نەخوێنەوە….
تا لە خۆی بگات……لە دڵم….!
ئێستا ….چەکمەجەکانی بێ تاقەتیی
پر کردووە لەکتێبی تاریك،
بەشوێن چی یا ئەگەڕێت؟
خۆی…یان دڵی بەجێماوی من؟
بەو گوڵفرۆشە بڵێ:
ئەو بێهودە لە بێستانە زڕەکانی پەشیمانی یا
بەشوێن شەمامەی ئەوینێکا ئەگەڕێت
تا دڵی شکاوی من باتەوە…
پێ ی بڵێ:
من لەمێژە ئەوم بەخشیوە بە بە گۆرانی یەکانی سەبوری….
لەمێژە لێبوردنم،
تابلۆی باوەشێکی کراوەیەو
لەبەردەرگای گەڕانەوەی وەفا
بۆ ماڵەکانی ئاسودەیی هەڵمواسیوە…..
من لەمێژە نەک لەئەو
تەنانەت لەو ڕەشەبایەش خۆش بوم
کە بە ناوی خۆشنودی یەوە
دەستی گرت و فریوی دا……
پێ ی بڵێ:
ئەو بە گوڵەکانی یەوە جوان بو
ئەو ئێوارانەی بەرلەوەی شەڕ
بەکۆڵانەکەمانا گوزەرکات،
لە بەرچنەی ژوانێکا ئەیچنی و
ئەینانە بەردەم پەنجەرەکانی عاتیفە….
تازە زەمەنی گوڵەوەچنێ ی ئێوارانی من و ئەو بەسەرچوو….
من جارێکی تر ناتوانم
لەژیرشۆڕەبی سۆزی ئەوا راکشێم و
لێوی ئەویش جارێکی تر خونچەی شیعرێکی من ناگرێ…
تازە من و ئەو
لەدوو بەندەری لەبیرکراو ئەچین
پرین لە کەشتی غەریب…..
دوو ئەستێرەین هێند دوور …بێ هەتاو
مەحاڵە جارێکی تر ژیانمان لەسەر سەوزببێت…
بەو گوڵفرۆشە بڵێ:
ئەو نازانێ من بەدوای حەقیقەتدا،
بە چ وەحشەتێک،
شەقاو شەقاو کۆڵانە تەنگەبەرەکانی بوون ئەپێوم….
نازانێ سێوی دڵم،
بەچڵی وشکی ئەم غوربەتە وە،
چۆن ڕۆژی دەیان جار بەرئەبێتەوە کۆشی میحنەت…
ئەو نازانێ چۆن لە باخچەکانی وەهما،
گەڵا گەڵا لەدرەختەکانی ئەندێشە ئەبمەوە……
نازانێ چۆن سەرابی خۆشبەختی،
پێکەکەی دەستم پڕئەکات لە شەرابی نیگەرانیی….
ئەو نازانێ دەنا،
گوڵەکانی لەسنگیا ئەڕوان و
وا بە سانایی نەیئەبەخشین بە ئینجانە سادەکانی فەرامۆشی….
ئەو نازانێ هاوڕێ …
پێ ی بڵێ:
ئامانەتی ئەوو گوڵەکانی یادەوەری…
ئەوەتا من لێرەش،
دەستەکانم وەک دوو سنەوبەر
بەئاسمانا هەڵچووەو ئەپاڕێمەوە….
پێنج فەرزە دەست نوێژی عەشق ئەگرم و
ئەچمە سەر بەرماڵی شیعرو دوعائەکەم….
کەشیی پاکیزەترین پیاوچاک ئەبەستم،
ئەچمە بەر قاپی هەورو….نزائەکەم….ئەڵێم:
بارانێ ببارێ،
پەپولەش ڕێگای باخچە نەدۆزێتەوە….
بارانێ ببارێ،
پاساری پێ ڕانەگا چەتری گەڵایەک هەڵدا…
با ئەو ئاگای لەگوڵەکان بێ …….
من خۆش ناکەمەوە….
تا ئەو هاوڕێم بێ……… من ئەبارم…..
وریا
فێبریوەری/ مارچی- 2012