دارا ئەحمەد
پێشکەشە بە داکم کە سەرلەسپێدەی دوونێ (٦\٦\٢٠١٢) گیانی خۆی سپارد.
هێشتا لە پشتی بابیشم نەمەییبووم
زڕەی زنجیری نەریتم هاتە بەر گێ
کە دەستی داکم پساندی!*
* * *
گرمە و شریقەی ئاسمانان..
گرمەگرمی زەمین لەرزە..
دەنگ و گرمەی داڕووخان و بەریەککەتن..
گرمەی تۆپان
کە لە پەنات زرمەیان دێ و داتدەبێژن…
گشت گرمەکانم بیستبوو
وەلی هیچ یەک
وە قەد گرمەی مەرگی دایۆم نەیهەژاندم!
* * *
مەرگی هاوڕێ و هاودەمانم
مەرگی خزم و ناسیارانم
مەرگی هەرچی مرۆڤ هەیە
پڕ لە سفتوسۆنە لەکنە من
وەلی هیچیان..
هیچیان هێندەی مەرگی دایۆم بە سۆ نەبوون!
* * *
هەر لەو گۆڕەی بە تاراوگە ناوی نابەن؛
تێکڕای رێکان – رێ و بزنەڕێ –
وە دڕکەزیی زەرد و کەسک
وە گوڵی زەقنەبووت تەنرابوون!
دوا پەنای من
ئاسۆی ئاسمانی بەرین بوو
رۆشناییەکانی دایۆمی لێ ببینم..
وەلی لەوێش
لە جێی کوڵمە توند و تورت و سۆرەکانی
تەنێ تارمایی و تەمتومان..
لە جێی چەخماخە و ئاورینگی ژێر پایانی
دیسان هەر تەنێ تارمایی و تەمم
دیتن!
* * *
هێشتا لە پشتی بابیشم نەمەییبووم
زڕەی زنجیری نەریتم هاتە بەر گێ
کە دەستی داکم پساندی!
تکایە یاران لێممەگرن؛
جەرگ و دڵم هەڵپڕووکان
کە مەرگی داکم گرماندی!
__________________________________
* چەند بەختەوەرم ئەمن کە کوڕی (خوچێ میرزا)م؛ ئەو ژنە بوێرەی لە پەنجاکانی سەدەی رابردیی بە دەستبەردان لە هاوسەرە نابەدڵەکەی و هەڵبژاردنی بابم.. کۆنەپەرستیی دینیی لە بن پێی خۆی نا و دابونەریتە پیاوسالارییە دڕندانەکەی ئەو سەردەمی تێکوپێک شکاند! بە دەیان جار بە چاوانی خۆم دیتیتم کە داکم لەتەک بابم – کە هەردەم قاچاغ بوو لە دەسەڵاتداران – دەچوونە هەر جێیەک دەمانچەکی لە بن بەرباغەڵی کراسە شۆڕە کوردەوارییەکەی لە کەلەکەی خۆی دەبەست و بە چەندین جێی پڕ مەترسییداری وەک بازگەکانی رژێمی گۆڕبەگۆڕی گۆرینێ تێدەپەڕین. سڵاو لەو ژنانەی کە دەتوانن لە پێناو ماف و ئازادییەکانی خۆیان وەک داکم ئازا و جەربەزە بن.
٧\٦\٢٠١٢ – لەندەن