لە باوەشی مەستبوونێکدا کەوتمە دامێنی خەونێکەوە
لە دامێنی خەوندا ماچم دەهۆنییەوە
لە هۆنینەوەی ماچەکاندا گەردنی ڕووباری تەڕووبڕم دەڕازاندەوە
لە ڕازاندنەوەی گەردنی تەڕوبڕی ڕووباردا
ئەفسانەی دڵتەڕی باخچەیەکم دۆزییەوە
لە باخچەی ئەفسانەدا
نوقمی هەڵاڵەی ئەودیوو حەزەکانی شێت بوون بووم
من شێتی بۆ ناو باخچەی خەیاڵی ئەگریجەی ئارەزووی خەواڵووی بردووم
تنۆک ، تنۆک ، گوڵاوی ئارەقەی ئارەزوو لە ئەگریجەی ئەشق و خەون دەتکێت
شانەی پڕ لە عەترم ، تینوێتی ئاوێنە دەشکێنێت
لە ئاوێنەشدا روخساری یارێکی لە ناکاوم نەخشاند
ئەی یارەکەم
سێبەرێک بە درێژای باڵامدا هەڵگەڕاو
لە بەرە بەیاندا
هێندەی دڵمی
لە نیوەڕواندا
ڕۆشنایی چاوەکانمی
لە ئێواراندا
رەنگی ئاوابوون دێنیتە دەستمەوە
کە شەویش داهات
ئاسمانی جەستەم پڕ لە ئەستێرەی چاوەڕوانی دەکەیت.
١٤/٥/٢٠١٢
هەولێر