خۆ من هەور نیم لەبارینێ بۆت دابارێنم!
خۆمن ئەسرێرە نیم
پاساریش نیم
بەردەوام ئاسمانت بۆ تەی بکەم
ڕۆژێک دێت بگەم بەخۆم و نەمێنم!
***
ئەو
ئەو ڕۆحی خودا بوو
ئەو بەشێك بوو لەجوانییەکانی خودا
خوداش بەشێك بوو لەجوانییەکانی ئەو
ئەو مەستی عیشق بوو
دۆزەخ چواردەوری گرتووم
و
منیش بوومە بەشێك
لەدۆزەخ
***
تەنیایی
ئەمشەو چاوەڕوانی موسافیرێکی عاشقترم لەخۆم
بێت حیکمەتی ئەم هەموو تەنیاییەم تێبگەیەنێ
و
دنیایەک دیواری بێکۆتایی ببڕێت
تاکو بەکۆتا بگات بەکۆیایی، و
گوزەرێک بکات بەناو یەک بەیەکی خەیاڵە دەست بەستراوەکان و خەوە زڕاوەکان
بەسەر پەنجەرەیەکی تەزیوەوە جەنگ دەکەم
بەمەستی لەهاوکێشەی ووشکەڵاتووی بوونا، و
مردن ئاشا دەکەم بەخۆم و تۆش ئازاد تر لەئازادی بەژیان
هاوار طیب