ئەمشەو لەدیەی تۆدا
خۆم دەروێنم
لەهۆشیشمدا تۆ
هەتا شیعرێك
چۆك دادەدا و
ئازایەتی دەیگرێ و
دەربەدەری ئەو دیوی
سنووری قیبلەی
تەنیاییمان دەبڕێ
لەوێشدا
دەگەم بەئاهی تۆ
تۆش!
دەگەی بەهەستی من
ئەوە منم
لەنیگاکانمدا هەڵمگرتوی و
تۆش!
بێئاگای لەسوتانی من
سوتانێ کەناڵەی نەییش
ناتوانی وەك ڕۆحم بناڵێنێ.
ئەمشەو
نزاکانی تۆ
عەرشی ئاسمانی هەژاند و
خودای لەحەوتەمین
تەبەقەی ئاسماندا هێنایە خوارەوە،
کەچی ئەو هێشتا بێدارە و
دەستی هەر سوورە
بەخوێنی عیشق
ئەو لەسەفەری مەرگی من نەگەڕاوەتەوە،
کەچی لەڕێگای کوشتندا
چاوی خۆری
کوێر کرد و
تاریکی بەشکرد
بەسەر مەعشووقەکانا و
ڕۆژی لەکچێنی خست و
.رەوایەتی دا بەخوێنی ڕشنتی عیشق
ئای چ زاڵمێکی
مەزڵومە مەزڵوم.
لەسەفەری مەرگی مندا
مناڵێکی ساوا
لەسکی دایکیا بوو،
کەکرایە قوربانی
بۆ گێڕانەوەی شەڕەفی
خێڵێك
ئاخر خودایە !
ئەوە چ نەفرەتییەکە
بەرۆکی عیشقی گرتۆتەوە،
لەگەڵ بەیەك گەیشتنی هەستی عاشقان
جوانی دێتە بوون!
کەچی جەللادێکی نەفرەت لێکراو و
دەستی سوور سور بەخوێنی عیشق
دێ ئەو جوانییە سەردەبڕێ
بۆ گێڕانەوەی
شەڕەفی
شەڕف چووی خێڵێك!
ئەو نازانێ
کەشەڕەف
ناوگەڵێ ژنێك یان کجێکی
عاشق بەجوانی نییە!
خودایە!
چ دنیایەکی سەرە
ئەو دێ و
سەری منی عاشق بەعیشق
دەبڕێ و
کەچی خۆشی
تابەیانی ………
ئاخرخودایە ئەوە چ نەفرەتییەكە!.
هاوار طیب