تۆ پڕى لەعەشقى خودا
منيش پڕم لەنيگاى چاوى تۆ
چۆن گوناهەكان بتوێنمەوە؟
مەگەر گلێنەكانم وردكەم
هەر پارچەیەکی بۆ پێغەمبەرێک بنێرم
تا پاكم كاتەوە
تا دواهەمين دڵۆپى تەماشا
من پڕم لەعەشق و شەهوەتی نیگات
بەرسيلەكانى ماچ تەڕ تەڕن
غەفڵەتەكان دەهێننەوە هۆش
سەماى بەدەن دەوەستێنی، و
چێژەكانى لێ دەسێنێت
سوكنايیەك چاوى لێ دەڕسكێ
عاتیفەى ئةو و سزاكان دەوەستێنێ
وەرە………وەرە
ئەى ڕەشتاڵ
ماچە مەیوەكانى زستان كاتژمێرى تەمەنى لەگەڵ خۆى بەستووە
ئەويش سزا دەكيشێ
گرێي بەختى بەستووە
من هەر چوار وەرزى ساڵم لێبووە بەپایيز
زوو دەسوتێم
پیاوەكان پڕيان كردم لەگوناه
گوناهەكان پربوون لەبێدەنگی
سەرچاوەی لەعنەتەكان،
ئۆقيانوسى شەرمى گرتۆتەوە
مەهێڵە ئەمجارە
مۆسيقاكان سەما بەبەدەنى نيگاكانمەوە بكات
مەهێڵە عەشق لەتاراوگەدا قەتيس بێت
تەنانەت ناتوانێ بەرائەتەكانيش بكەى بەخەون
ماڵۆچكەيەكى خەيال دروست كەى
من پڕم لەشەرمندەيى گوناه
هەڵمى دۆزەخى چاوت لة سييەكانم دەردەچێت
مەهێڵە ئەمجارە كوڕى ڕەشتاڵ
سكاڵاكان فريشتەكان بينوسن
پیاو،ئەم گوناهە گەورەیەت چۆن پێكردم؟
لێوەكانى سەرابت پێمژيم
ئەوەش گوناهى تۆ بوو
كاتژمێرى بێ حەجمانيت دادەستم
ئەى ڕەشتاڵ……………..
شـــەويار ســـروش