ڕەخنەکانی ئێمە لە گۆشەی ئێسپرێسۆ زیاتر گرنگی دەدات بە هونەر و هونەرمەندانی کورد، هەتا ئێستا زیاتر ئاراستەکەمان ڕووی لە هونەری گۆرانی گووتنە. هۆکاری سەرەکی لە هەڵبژاردنی ئەم ڕێرەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە موزیک پەیوەندیەکی خۆڕسکی لەگەڵ هەموو تاکێکدا هەیە، وە شارەزایی ئێمە زیاتر لەم بوارەدا خۆی دەبینێتەوە. ئەو ئەدایەی کاری لەسەر دەکەین زیاتر زمانێکی ساکار و تەنزئامێزە و پەیوەستە بە هەموو مۆراڵە مرۆڤایەتییەکانەوە. لە بەرنامەی کارماندایە بە هیچ شێوەیەک پەنا نەبەین بۆ تەشهیر و ناوزراندن و قسەی ناشرین بەرامبەر بە هیچ کەسێک نەکەین. لەگەڵ ئەمەدا هیچ کەس و گرووپ و لایەنێک ناکەوێتە دەرەوەی ئەو بازنەیەی چاودێری دەکەین، کە هونەری کوردییە.
ئێمە لە ژێر ناوی ئێسپرێسۆدا دەمانەوێت قاوەیەکی تاڵ بکەین بە قوڕگی ئەو کەسانەدا کە دەکەونە داوی ڕەخنەکانمانەوە، لە پاڵ ئەمانەدا هونەرمەندانی تر هان دەدەین بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ کاڵا هونەریەکانیان و بەرهەمە نوێیەکان و کەسێتی خۆیاندا بکەن، هەتا ئەوانیش لە داوی ئێمەوە نەگلێن. لە هەمانکاتدا پەیامێکی سادەمان پێیە بۆ خوێنەری کورد، کە پێویستیان بەوەیە گۆشەیەک هەبێت بۆ بەیانکردنی بۆچون و گلەیی و گازەندەکانیان لە مەڕ رووداوەکان.
وەک چۆن ڕەخنەگرتنمان هەڵبژاردووە بۆ کارکردن لەسەری، بە هەمان شێوە خۆشمان لە ئامادەباشیداین بۆ گوێگرتن لە بەرامبەرەکانمان. لە خوار هەر بابەتێکەوە پەنجەرەیەکمان واڵاکردووە بۆ بەرپەرچدانەوە و گوێگرتن لە خوێنەران و نوسەران. هەمووکەس وەک یەک دەتوانن ئەوەی هەیانە لەسەر خۆمان و بابەتەکانمان قسە بکەن. تاکە مەرجمان ئەوەیە بێڕێزی کردن بە هیچکەسێک لەم گۆشەیەدا جێگای نابێتەوە. ئیتر هەرچەند بە قورسی هێرشبکرێتە سەرمان سنگمان ئاوەلایە بۆ وەرگرتن.
هەتا ئێستا چەندین کۆمێنت لە ژێر بابەتەکاندا نوسراوون، ئێمە سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ هەموو دەستخۆشیەکان و بەوە دەزانین خوێنەرەکانمان لە کات و توانا ی خۆیان دە بەخشنە ئێمە بە دەستخۆشییەک. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، غیابی ڕەخنەیە لە ئەدای ئەو کەسانەدا کە بابەتەکانی ئێمەیان بە دڵ نییە. تەنها هەڵکێشانی ڕهخنە لێگیراوەکان و تێنەگەیشتن لە ڕەخنە و ئەم چەمکە گرنگەی ژیان. بەو هیوایەی خوێنەرانمان لەم بوارەدا کەمێک بە جدیی ناوەڕۆکی ڕەخنەکان بخوێننەوە و لێمان تێبگەن. وە لەسەر ئەو ئەساسە کۆمێنتەکانمان بۆ بنێرن.