وێنەگری کورد توورج ئەسڵانی بە فیلمی “وەرزی کەرکەدەن” لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین فیستیڤاڵی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” (ئوسکاری ئاسیایی) لە ئوستوڕاڵیا بەدەستھێنا.
توورج ئەسڵانی دوای بەدەستھێنانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی بەشی سەرەکی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا، بە فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” Rhino Season لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد بەھمەن قوبادی، خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” (APSA) ناسراو بە “ئوسکاری ئاسیایی” لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا پێبەخشرا.
ئەسڵانی لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” ASIA PACIFIC، ئەم خەڵاتەی پێشکەش بە بێھرووز وسووقی ئەکتەری ئەفسانەیی و ناوداری سینەمای ئێران کرد.
ئەم وێنەگرە کورد بۆ بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە لەگەڵ “چارین پێنگپانیچ” وێنەگری فیلمی سینەمایی “بۆناھان” Bunohan نوێنەری وڵاتی مالیزیا لە ڕێوڕەسمی ئۆسکاری ئەمساڵ، “چین تینگ ـ چانگ” وێنەگری فیلمی سینەمایی Seediq Bale لە وڵاتی تایوان، “حەجیک پۆلای” و “لای یوفای” وێنەگرانی فیلمی سینەمایی Wu Xia لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ و “یووری رایسکی” وێنەگری فیلمی سینەمایی Orda لە وڵاتی رووسیا لە رکابەریدابوو.
ڕێوڕەسمی کۆتایی شەشەمین خولی پێشکەش کردنی خەڵاتی ساڵانەی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” چەند رۆژ پێش ئێستا بە شێوازێکی بەشکۆ لە شاری بریسبین لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەچوو، و براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵ، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرھێنان، باشترین وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیکۆمێنتی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین ئەکتەری پیاو و باشترین ئەکتەری ئافرەت، دەستنیشانکران و خەڵات بەسەریاندا دابەشکرا.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.asiapacificscreenacademy.com/٢٠١٢/١١/winners-of-the-sixth-annual-asia-pacific-screen-awards-announced/