عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی :لەوانەیە ئەم پرسیارە بیرکردنەوەیەکی زیاتری پێویست بێت لەوەی کە ئێمە تەنها هەڵبژاردنێکی سادەی بۆ بکەین. هەڵبژاردنی هەریەکێکیان بۆ هەر تاکێکمان پەیوەندی بەزۆر فاکتەرەوە هەیە، بۆ نمونە: ئایا ئێمە دەروون دروستین؟، کەسێکی ئەرێنین؟، بۆ ئەم دونیا دەژین یان ئەوی دوای مردن؟، زۆر بیر لە ژیان و مردن ئەکەینەوە؟، دووچاری زۆر ناڕەحەتی و نەهامەتی بووین؟، لە دەوورووبەرماندا چی باسە؟، ئایا بە ئاگاین لە خودی خۆمان و ژیان؟، ئایا کەسێکین کە ڕووداوەکان ئاسان کار ئەکەنە سەر ژیانمان؟ ئەمانەو زۆر بیرو سەرنجی تری ئێمە وا دەکات کە هەڵبژاردنەکە ئاسان نەبێت.
زۆرجار مرۆڤ هەرچەندە خۆی بە بەهێزیش بزانێت، لەبەردەم هەندێ شکستی ڕۆژانەدا بێزارو دڵگران ئەبێت و خۆی دەداتە بەردەست واقیع. لەم کاتانەشدا ئەوەی بەرۆکی کەسەکە بەرنادات هەستەکانیەتی کە لەگەڵ بیرکردنەوە تیکەڵ و ئالۆزەکانیدا یەك بەدوای یەك دێن و دەڕۆن. هەندێکمان هەر زوو ژیان تاوانبار ئەکەین و لاواز ئەبین، وە هەندێکیترمان پاش ماوەیەك دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بیرکردنەوەکانی بکات و ژیانەکەی بۆ ئاسای ببێتەوە. ئەو ژیانەی کە زۆر پیرە ئێمە تەنها ئەوەندە هەستی پێدەکەین کە بەئاگاین لێی و هەست دەکەین ئێمەش بەشێکین لە ژیان، بەبێ بوونمان ژیانیش بوونی نیە بۆمان، بەڵام هەر کە بێ ئاگابووین لێی و خۆمان لەبیرچوویەوە ئەوکاتە هەست بە ژیانیش ناکەیت. ئێمە ڕەنگە بەهۆی بەئاگا بوونمانەوە لە بیرکردنەوەکانمان بتوانین باشتر هەست بکەین کە ئەژین و ئەتوانین هەستەکانی ( بینین، بیستن، بەریەککەوتن، بۆنکردن، تامکردن، خۆشەویستی، سەربەستی و هتد) هەست پێبکەین.
لەبەر ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەماندا هەستەکانمان بەردەوام سەرقاڵمان ئەکات، بەداخەوە زۆرجار ئێمە خۆشمان لەبیر ئەکەین لەناو بیرکردنەوەکانی خۆشماندا، کە بەمەش ئەوە لەدەست ئەدەین کە ئێستایەو ڕاستیەو ڕوو ئەدات لەبەردەمماندا. بیرکردنەوەکانمان زۆربەی جار سەبارەت بەو ڕووداوانەن کە ڕابردوون یان دەیخەینە بەرچاومان کەبە بۆچوونی خۆمان لە داهاتوودا ڕودەدەن. ئەزانی ئەمە چەند وزەمان لێ ئەبات!.
کەوابوو ئێمە هەمیشە لە نێوان ڕەخنەیەکی بەردەوامدا بە تاوانبارکردنی ژیان یان خودی خۆمان بە بیرکردنەوەکانمان ئەم سەرو ئەو سەر ئەکەین. ئەو کاتانەی کە بەسەرهاتەکان خۆشن و لەوێدا هەست ئەکەین شادومانین تەنانەت ژیان و بوونی خۆشمان لە بیر ئەکەین. وە بە پێچەوانەشەوە ئەو کاتانەی ناڕەحەتیەکمان بۆ یەتە پێشەوە دیسانەوە لەناو بیرکرنەوە لە خۆمان و ژیاندا دەخنکێین.
ئاسان نیە کە مرۆڤ بیت، مرۆڤ بەواتاکەی خۆی. ئەویش لەبەر ئەوەی کە خوا ئاگایی و نائاگای بەخشیووە بە مرۆڤ بۆ ئەوەی کە هاوسەنگی لە نێوانیاندا بکات و بتوانێت لەکاتە پێویستەکاندا بە ئاگابێت و بۆ زۆر پێویستی تریش نائاگایی خۆی بخاتە گەڕ. ئەگەر چی هەندێ پێیان وایە کە ئەو دوو جۆرە لەئاگایی و نائاگایی خۆیان ئۆتۆماتیکی کار ئەکەن پێکەوە، بەڵام بۆ ئەوەی دروست کار بکەن پێویستیان بە کارتێکردن و کۆنترۆڵکردن هەیە. کە ژیان پڕیەتی لە یاسا و ڕێسا و ئاین و داب و نەریت و کولتور و ڕۆتینات وە خوێندن و زانست، ئیتر چۆن ئەبێ مرۆڤ بوون ئاسان بێت و هەست بە سەربەستی بکات. نەزانین لە بەکارهێنانی ئەو دوو ئاگاییەدا زۆرجار کۆسپ دروست ئەکات بۆ مرۆڤەکان وەك تێکچونی باری دەروونی، تەمەڵی، دواکەوتنی مێشك بەگشتی، دوودڵی، سەرهەڵدانی نەخۆشی جەستەی و کێشەی کۆمەڵایەتی و بەریەککەوتن ئاستەمتر ئەکات.
هەروەك هەر کارو خۆڕاهێنانێك لەسەر هەر شتێکی نوێ پێویستی بە کات هەیە هەتا پڕۆگرام ببێت لە زهن و مێشکماندا، هەر بەو شێوەیەش دەتوانین ڕاهێنان بکەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی دروست بکەین لەنێوان ژیان و بیرکردنەوەکانماندا بۆئەوەی ژیان بکەین و خۆشمان بە بیرکردنەوەی ئەرێنی ڕابهێنین.
بۆ ئەم مەبەستەش ئەتوانم بڵێم ڕاهێنانی دەروونی یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە ئێمە دەبات بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا و ڕاستمان ئەکاتەوە. کردنی ڕاهێنانی دەروونی کۆمەڵێ کاریگەری ئەرێنی ئەبێت تەنانەت لەسەر جەستەشمان کە دیارترینیان پەستانی خوێن و شەکرە دێنێتە خوارەوە، سترێس کەمتر ئەکاتەوە و بیرکردنەوەی ئەرێنی زیاتر ئەکات، ڕێگای ڕاست بۆ ژیانی خۆت ئەدۆزیتەوە، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانت باشتر ئەبێت و ڕیگایەکە بۆ باشتر ناسینی خۆت و مرۆڤەکان و خودای تاك و تەنها و باشتر لەژیان تێگەیشتن.
سەرکەوتوبن