ئێسپرێسۆ
لە قاوە تاڵەکەی جاری پێشووماندا بەڵێنمان پێدان درێژە بەو بابەتە هەستیارە بدەین، ئەویش مەسەلەی پەرتەوازەیی هونەرمەندان و بێنرخی بەرهەمە هونەریەکانیان و نەبوونی جەماوەرێکی ڕاستەقینەی هونەری لە کوردستاندا. ئێمە نمونەی ئەو ئاهەنگانەمان هێنایەوە کە لە بۆنە و جەژنەکاندا دەگێڕدرێت، چ لە ناوەوەی کوردستان و چ لە دەرەوە. باسمان لە لایەنە نێگەتیڤەکان کرد و تێکهەڵکێشمان کردن لەگەڵ ئاستی هونەری کوردی.
لەم بەشەدا دەمانەوێت ئەوە بسەلمێنین کە هونەرمەندان بۆ بەرەوپێشبردنی هونەرەکەیان کەمتەرخەمن و بەپێی پێویست ئاکتڤ نین. دەمانەوێت بڵێین مانەوەی هونەری کوردی لەم بازنە داخراوە پەنگخواردووەدا و دابڕانی لە هونەری جیهانی ئێستا لە ئەستۆی هونەرمەنداندایە بە پلەی یەکەم. ڕاشکاوانە دەڵیین ناهۆشیاری کاکی هونەرمەند و نەبوونی خوێندنگایەک بۆ ڕۆشنبیرکردنی، بەشدارە لەم بەجێمانە نابەجێیە.
لێردا ئێمە دەوەستین و ئێوە بپرسن … چۆن؟
لەکاتی کارەساتە سروشتییەکەی( هاییتی ) دا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٣٠٠،٠٠٠ مرۆڤ و بریداربوونی زیاتر لە ٣٠٠،٠٠٠ مرۆڤی تر، گروپێک لە ئەستێرە بەناوبانگەکانی هونەری ئەمریکا و جیهان گۆرانیەکی ناوازەیان بۆ ئەو کارەساتە چڕی، مەبەست لەو پڕۆژە هونەرییە زیاتر سەرنجڕاکێشانی جیهان بۆ بەدەنگەوەهاتنی قوربانیان و کۆکردنەوەی یارمەتی بوو بۆ لێقەوماوانی ئەو کارەساتە مرۆییە. ئەوەبوو سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەست هێنا و توانیان کۆمەکێکی بەرچاوی ئەو خەڵکە قوربانییە بکەن.
بێمانایە ئەگەر ئێستا بمانەوێت هونەری کوردی وێنا بکەین بەو هونەرە زەبەلاحە تۆکمەیەی ئەمریکا، بەڵام شەڕی ئێمە لەگەڵ هونەرمەنداندا ئەم دواکەوتنەیە، ئەم دابڕانەیە، ئەم کەم و کورتییەی هونەرەکەمانە. بۆیە ئەم باسە دەخەینە ڕوو.
ئێمەی کورد خاوەنی چەندان کارەساتی گەورە و ماڵوێرانی بێوێنەین لە جیهاندا، قوربانییەکانی ئێمە بەدەستی مرۆڤە دڕەندەکانی چواردەورمان و دەسەڵاتە گومڕاکان هاتۆتە ئاراوە. ئەنفال و هەڵەبجە دوو کارەساتی تاوانکاری گەورەن کە هونەرمەندان دەیانتوانی کاری لەسەر بکەن و پشتگوێی نەخەن، دەتوانرا بە هونەریی کردنی ئەم کارەساتانە، گەورەییان پێشانی دنیا بدرایە. ئەوکاتە سۆزی جەماوەری کوردستانیشیان بۆخۆیان دەقۆستەوە و ڕێز لە ماندووبوونیان دەگیرا.
بەڵام پرسیاری ئێمە لە ئێوەی هونەرمەندان ئەمەیە:
ئێوەی هونەرمەند چیتان کردووە بۆ ناساندنی قوربانیدانی میللەتەکەتان.. بە جیهان؟
کێ لە ئێوە بیری لەوە کردۆتەوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی هونەریتاندا دەنگ و ڕەنگ و توانا و موزیکتان تێکەڵ بکەن و داهێنانێکی نوێ پێشکەش بکەن؟
کام لە ئێوە لە یادی کارەساتەکاندا کۆنسێرتێکتان ڕێکخستووە؟
کام لە ئێوە ئامادە بووە داهاتی یەکێک لەو ئاهەنگانەی ببەخشێتە منداڵانی گەرمیان و هەڵەبجە؟
چ خزمەتێکتان هەیە بۆ ئەوەی ڕێزی لێبگرین؟ ئێمە ڕێزمان پێیە بۆ خزمەتەکەتان، بەڵام کوا؟ کامەیە خزمەت؟
ئەوەی ئێوە دەیکەن و پێی دەڵێن هونەر تەنها خزمەتکردنە بە خۆتان، تەنها درووستکردنی ناوی خۆتانە، تەنها پێشاندانی وێنە و دەنگ و ڕووەکانی کەسێتی خۆتانە، خۆدەرخستن و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانتان باڵادەستترە لە خزمەتی ڕاستەقینە بەم چەمکە گرنگە.
ئێمە گەلێکین پێویستمان بە دەنگێکی بەتوانایە بۆئەوەی بچینە هەموو گوێیەکانەوە، ئێمە موزیکێکمان دەوێت هەموو شاشەکان ببینێت و لەهەموو دەنگدەرەکانەوە ببیسترێت. پێویستە لەناو خۆتاندا بێنە دەرەوە و شتێک پێشکەش بە ئێمە بکەن، ئەگەر دەتانەوێت ڕێز بۆ خۆتان و بۆ بەرهەمەکانتان بەدەست بهێنن. هەتا بکڕوزێنەوە بۆ بێنرخیتان، واتای کورتهێنانی ئەدا و تواناکانتانە. بەو ئومێدەی بێنەدەرەوە لەم بازنە داخراوە.
ببورن لە تاڵیی ئەم قاوەیە، لەم ڕاستیانەمان مەتۆرێن و پشت لەم پرسیارانە مەکەن. وەڵامتان هەبێت، پێشنیار بکەن، ناڕازی بن، دەنگتان پێکەوە گرێ بدەن بۆ دەستپێکردن بە بنیات نانی بناغەی هونەرێکی پڕۆفشناڵ، بۆ سەندنی ڕێز، پاداشت، بەروبومی بەرهەمەکانتان.
تێبینی: کەسی ڕۆشنبیر چێژی ئەو هەنگوینە دەکات لە تاڵییەکانی ئەم قاوەیەدا هەیە.