م. عه‌ونی خۆشناو : ئێمه‌ی کورد وه‌ک گه‌لێکی دابه‌ش و داگیرکراو و ژێرده‌سته، بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ماف و ئازادییه‌کانمان تێکۆشاوین، ئه‌و خه‌بات و به‌رخۆدانه پێویستی به که‌سانێکی گیانباز و فیداکار هه‌یه، که ببێته پێشڕه‌و بۆ به‌رگریکردن له خاک و نیشتمان، ئه‌و فیداکاره که ئاماده‌ی خۆبه‌ختکردنه له پێناوی ڕزگاری ووڵات بۆته هێمای ئازایه‌تی و خۆڕاگری، ئه‌وه پێشمه‌رگه‌یه. پێشمه‌رگه ئه‌و چه‌مک و ناوه مه‌زن و پیرۆزه‌یه، لای کۆمه‌لانی خه‌ڵکی کوردستان بۆته وێردی سه‌ر زمان و لای دوژمنانیش بۆته چقڵی چاوی داگیرکه‌ران، چونکه له پێناوی ماف و ئازادی گه‌لێک ئاماده‌ی قوربانیدان و مه‌رگ بووه، بۆیه میژووێکی پڕ سه‌روه‌ری و شانازییه بۆ ئه‌و مرۆڤه نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی که ئه‌وێ ڕۆژێ له ساته سه‌خت و دژواره‌کان توانیان ئه‌و سه‌روه‌ری یه بۆ خۆیان گه‌له‌که‌یان تۆمار بکه‌ن، هه‌ر ئه‌و مێژووه پڕشنگداره‌یه که پێشمه‌رگه‌ی کردۆته سیمبول و خۆشه‌ویستی گه‌ل. پێشمه‌رگه ئه‌و مرۆڤه به‌هه‌ڵوێست و ئازادیخوازهن که ئازار‌و خه‌می ووڵات و نه‌ته‌وه‌که‌یان کردۆته کۆڵ و تا دوا ساته‌کانی ته‌مه‌نیان له خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمانن، دوای شه‌هیدبوون و مردنیشیان ده‌بن به سیمبولێك له ئاسمانی بێگه‌ردی کوردایه‌تیدا هه‌میشه به دره‌وشاوه‌یی ده‌مێنه‌وه و نه‌وه دوای نه‌وه به نه‌مری و شکۆمه‌ندی باس ده‌کرێن، وێرای هه‌ل و مه‌رجه سه‌خت و دژواره‌کان، سیاسه‌ته ڕه‌گه‌زپه‌رست و داپلۆسێنه‌ره‌کان له ئه‌نفال و کیمیاباران و سووتماککردن و خاپورکردنی کوردستان پێشمه‌رگه خۆڕاگر و به‌رده‌وام بوو له خه‌بات..
ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت له‌و بابه‌ته‌دا ئاماژه‌ی پێبده‌م، هه‌ر به‌و شۆڕشگێڕانه ناوترێت پێشمه‌رگه که له ڕۆژه سه‌خته‌کان به چه‌کی شانیان به‌رگریان له کورد و خاکی کوردستان ده‌کرد، به‌ڵکو به هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه تێکۆشه‌ر و دڵسۆز و په‌رۆشانه ده‌وترێت پێشمه‌رگه، که له‌خزمه‌تی گه‌ل و نیشتماندان، ئه‌و مامۆستایانه‌ی ئه‌وی رۆژێ که سه‌ری به‌رز و بڵندیان بۆ مووچه نه‌وی نه‌کرد پێشمه‌رگه‌ن، ئه‌و دکتۆرو په‌رستیار و کارمه‌ند و کارگوزاریانهی که به باشی ئه‌رکه‌کانیان له خزمه‌تی نه‌خۆش ڕاده‌په‌ڕێنن پێشمه‌رگه‌ن، ئه‌و خوێندکارانه‌ی که له هه‌موو شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کان سه‌ری ڕمن پێشمه‌رگه‌ن، ئه‌و جووتیار‌و زه‌حمه‌تکێشانه‌ی لادێ که نانی قوڕگی منداڵه‌کانیان ده‌رخواردی پێشمه‌رگه ده‌داو پشتیوانیان له شۆڕش ده‌کرد پێشمه‌رگه‌ن، ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی که له هه‌وڵی باشترکردنی باروگوزه‌رانی ههژاراندان پێشمه‌رگه‌ن، ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ئه‌رکه‌کانیان به یه‌کسانی دادپه‌ره‌وه‌ری له خزمه‌تی گه‌ل و نیشتماندا جێ به‌جێ ده‌که‌ن و کۆیله‌ی حزب نین پێشمه‌رگه‌ن، ئه‌و زیندانه سیاسییه خۆڕاگرانه‌ی که سڵیان له مردن نه ده‌کرده‌وه بێباک ده‌چوونه ژێر په‌تی سێداره پێشمه‌رگه‌ن، ئه‌و ژنه چاڵاکوانانه‌ی که به‌رگری له ماف و ئازادی ژنان ده‌که‌ن پێشمه‌رگه‌ن، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که به ڕێگای هونه‌ره‌که‌یان ڕه‌سه‌نایه‌تی و کوردایه‌تی ده‌رده‌خه‌ن پێشمه‌رگه‌ن، ئێوه‌ش ئه‌ی لیژنه هاوبه‌شه‌کانی شار‌و شارۆچکه‌کانی هه‌رێم، چاودێری و به‌دواداچوونتان بۆ شوێنه خزمه‌تگوزاریه‌کان پێشمه‌رگه‌ن، ئێستاش که ئه‌م ئه‌زموونه‌ی هاتۆته به‌رهه‌م، به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیده نه‌مره‌کان و به‌رهه‌می رۆژه سه‌خته‌کانی پێشمه‌رگه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه هه‌ندێک له بازرگانه چاو چنۆک و هه‌ندێک له به‌رپرسه گه‌نده‌ڵ و مشه‌خۆره‌کان، جارێکی تر کوردستان به شێوازی تر ژه‌هرباران ده‌که‌ن!! بۆیه ئه‌وه‌ی ئێوه‌ی تێکۆشه‌ر ئه‌نجامی ده‌ده‌ن کارێکی مه‌زن و پیرۆزه، به هۆی چاودێری و به‌دواداچوونه به‌رده‌وامه‌کانتان ده‌توانن پارێزگاری له گه‌لێک بکه‌ن، که رۆژانه له‌لایه‌ن که‌سانی نابه‌رپرس و دژ به به‌هاکانی مرۆڤ ژه‌هرخوارد ده‌کرێن، ئه‌رکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه ئه‌وانه‌ی به پاره‌ی گه‌ل کۆمه‌ڵکوژی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به توندترین شێوه سزا بدرێن، به مادده‌ی تیرۆر لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ل بکرێت، ئێوه‌ی تێکۆشه‌رو ماندوونه‌ناس خه‌ڵات بکرێن، چونکه ئه‌وه‌ی کردووتانه تاکو ئێستا جێگای ستایش و ده‌ستخۆشییه، کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان شانازی به ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی و کاره پڕ له بایه‌خ و بهرههمدارهکهتان ده‌کات، به‌ڵام هه‌نگاو و ههڵمهتهکانتان فراوانتر‌و کاریگه‌رترو گه‌وره‌تر بکه‌ن، بۆ ئاشکراکردنی گه‌وره بازرگانه‌کانی مه‌رگ و ڕیسواکردنی ئه‌وانه‌ی که له پشت بازرگانه‌کانن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان چه‌ند که‌سێکی گه‌نده‌ڵ و پاشه‌ڵ پیسیان له‌گه‌ل بێت، ئه‌وه ئێوه سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانتان له‌گه‌ل دایه، چاوپۆشی و ده‌ستتێوه‌ردان له هیچ که‌سێک له هه‌ر پله‌و پایهکدابێت قبوڵ مه‌که‌ن!! کاره‌کانتان به‌و شێوازه ده‌بێته ئه‌رکێکی پیرۆز‌و ناوی ئێوه‌ش وه‌ک پێشمه‌رگه‌ی ئه‌مڕۆ وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌ش له ئاسمانی گه‌لێکی ته‌ندروست به دره‌وشاوه‌یی ده‌مێنێته‌وه..
له کۆتاییدا به پێویستی ده‌زانم سوپاسگوزارتان بم و له دووره‌وه ده‌ست و په‌نجه‌کانتان به گه‌رمی ده‌گوشم و چاوه‌کانتان ماچ ده‌که‌م، هه‌وڵ و کۆششه‌کانتان لای دڵسۆزانی گه‌ل و نیشتمان به‌رز ده‌نرخێنرێن..
م. عه‌ونی خۆشناو
هۆڵه‌ندا / لاهای