حەمەسوار عەزیز
تێکستەکەی چیخۆف و ئامادەکردنی بەختیار:
سەرەتا بەشَیکی گرنگی سەرکەوتنی ھەر نمایشێک بەندە بەدوو خاڵی بنەڕەتییەوە، یەکەمیان ھەڵبژاردنی تێکست ، دووەمیان مەبەست و ئامانجی دەرھێنەرە لە ھەڵبژاردنی ئەم تێکستە.
بەختیار جەلال وەک دەرھێنەر لە ھەڵبژاردنی تێکستی “مەلی دەریا” ی چیخۆف بەدوای دوو مەبەستتدا دەگەڕێت، یەکەمیان کارکردن لە تێکستێکی جیھانی و بەرجەستەکردنی لەسەر
تەختەی شانۆ لە فۆرمێکی پڕ جوانکاری و فەزایەکی گونجاو لەگەڵ خودی فەزای تێکستەکە، کە لەوەیاندا زۆر بەسەکەوتوویی و بەخەیاڵێکی داھێنەرانە کارییکردووە، دووەمیان تێئاخنین و جێکردنەوەی کۆمەڵێک لێکدانەوەو بیروبۆچووونی تایبەت بە خودی خۆی لەنێو فەزای نمایشەکە بە ئاوێتەکردنی لەگەڵ چەند ئاماژەیەکی نزیک لەو دیدگایە کە لە خودی تێکستەکەی چیخۆف کاری لەسەر کراوە، لە مەیاندا بەختیار خۆی تووشی حاڵەتێکی نەخوازراو دەکاتەوە کە ناتوانێ ئەو دیدگایەی خۆی بەشێوەیەک لەنێو نمایشەکە جێگا بکاتەوە کە کاریگەری نەرێنی بەسەر نمایشەکە جێنەھێلێت.
سەرەتا لە تێگەیشتنی ئێمەو کاک بەختیار بۆ چەمکی ئامادەکردن دەستپێدەکەم و نیشانەیەکی پرسیار دەخەمە سەر ئەم چەمکە، ئایا ئامادەکردن بەو مانایە دێت کە ئەو تێکستە ئامادەنییە بۆ نمایش، یا تێکستەکە ئامادەیە بەڵام تۆ دەتەوێت بەشێوەیەک دەسکاری بکەیت کە نمایشەکە لە فۆرم و فەزایەکی چیخۆفییانە گوزارشت لە تۆی دەرھێنەر بکات؟
من پێموایە دەکرێت دەرھێنەر بەسێ ڕێگا مامەڵە لەگەڵ تێکستی شانۆیی بکات، یەکەمیان دەسکاری بکات، دووەمیان بینووسێتەوە (تولیف) و سێیەمیان دایڕێژێتەوە، مەرجیش نییە دەرھێنەر بۆ دروستکردنی تێکستی خۆی دەسکاری خودی تێکستی نووسەر بکات، من ئەوەی بەختیار لەم تێکستە دەیکات بە دەسکاری دەزانم تا ئامادەکردن، چونکە چەمکی ئامادەکردن بۆ شتێک بەکاردێت کە پێشتر ئامادەنەبێت بۆ مەبەستی تۆ، وەک ئەوەی چیرۆکیک یا رۆمانێک یا قەسیدەیەک بکەیتە شانۆ، بەڵام بۆ تێکستێکی شانۆیی کە ئامادەیەو سەدان جار نمایشکراوە ئەم چەمکە گونجاو نییە.
بەختیار لە دەسکاریکردنی ئەم تێکستە دوو ئامانجی پێکاوە، یەکەمیان ھەوڵیداوە ئەو دیالۆگە درێژانە لاببات یا کورتییان بکاتەوە کە ھەندێجار ھەم کاریگەریان بەسەر ڕێتم ھەیەو ھەمیش ڕەنگە بارگرانییەک بۆ ئەکتەرێکی کەم ئەزموون دروستبکەن، لە ھەمانکات دەسکاری فۆرم و پانتایی ھەندێک کارەکتەر بکات بە قازانجی کارەکتەری تر لەنێو نمایشەکە، دووەمیش وەک پێشوتر باسمکرد جێکردنەوەی کۆمەڵێک پەیام و دیدگای تایبەتی بەختیارە لەنێو نمایشەکە کە بەختیار مەبەستیەتی بە زەقی و بە تووندی بیانگەیەنێت.
بۆ یەکەمیان ڕەنگە لەرووی ڕیتمەوە ئەو کارەی بەختیار تا ڕاددەیەک کاریگەری باشی بەسەر ڕیتمی نمایشەکە دروستکردبێت، بەڵام لەڕووی پیناسەو ناساندنی کارەکتەرەکان ھەندێجار کەلێن دروستدەکات، بۆ نمونە کارەکتەرەکانی (نینا_شایی رەزا، تریگۆرین_گۆران عوسمان) بەشێک لە خەسڵەتەکانیان لە دەستدەدەن و بۆ ئەوەش ھەندێ لە ڕەفتارەکانیان نامۆ دەردەکەوێت، بۆ نمونە نینا کە ئەو شوێنە جێدێلێت خەونی ئەوەی ھەیە ببێتە ئەکتەرێکی بەناوبانگ کە ئەمە ھێلێکی زۆر گرنگە لە تێکستەکەی چیخۆف و زۆرینەی رووداوەکانی دواتری لەسەر بنیاتنراوە بەڵام لە نمایشەکەی بەختیار زۆر وونەو روناکی لەسەر نییە.
بەختیار کە قورسایی و پانتایی ھەندێ کارەکتەر بچوکدەکاتەوە مەبەستێتی بە بچوککردنەوەی ئەو کارەکتەرانە کارەکتەری تر زاڵبکات و بەرزی بکاتەوە بۆ ئەوەی بیکاتە پاڵەوانی نمایشەکە، وەک بچووکردنەوەی کارەکتەرەکانی (تریگۆرین، کۆستیا، نینا) لەبەرژەوەندی کارەکتەری (ئەرکادینا_دالیا چیوار)، ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی لەبەرژەوەندی نمایشەکە دەبوو ئەگەر ئەو کاریگەرییە سلبیەیەی سەرەوەی دروستنەکردبایە، لەلایەکی تر بایەخدان بە کارەکتەری (مێدفیرینکۆ_ئالان ھادی) و بەرزکردنەوەی لە کارەکتەرێکی زۆر لاوەکی بۆ کارەکتەرێکی پلەدوو لە نمایشەکە کاریگەری ئیجابی بەسەر نمایشەکەوە ھەبوو ئەوەش بەھۆی ئەو دیدگا جوانکاری و جیاکارییەی کە بەختیار ھەوڵیدابوو لە ڕێگەی ئەم کارەکتەرە لە نمایشەکە دروستیبکات کە دواتر قسەی لەسەر دەکەم.
ئەوەی زۆر نامۆ بوو بۆ من لە تێکستی نمایشەکە بەزۆر تێئاخنینی کۆمەڵێک دیالۆگی تایبەتی بەختیار بوو کە بەھەموو پێوانەیەک زیانی بە نمایشەکە گەیاندبوو، ساتە پڕجوانکاری و داھێنانی نمایشەکەی سەرەوخوار دەکردەوەو تۆنێکی زۆر نەشازی لەنێو نمایشەکە دروستکردبوو کە بینەر زۆر بە ئاسانی ئەو ساتانەی بۆ جیادەکرایەوە چونکە ھەموو جوانی نمایشەکەی لەو ساتەدا بەتاڵدەکردەوە، ئەمەش بەھۆی ئەوەی ئەو دیالۆگانەی کە بەمەبەست بۆ تێکستی نمایشەکە زیادکرابوون، زۆر سادەو ڕاستەوخۆبوون و لە ئاست دیالۆگەکانی چیخۆف زۆر نەشاز دەردەکەوتن و تەنانەت لە ھەندێ شوێن گرێدانەوەی بە ڕەوتی نمایشەکە کەلێنی گەورەو دیاری بەدوای خۆییدا دەھێنا و بینەر زۆر بە ئاسانی ھەستی بە ناحەزی ئەو دیالۆگانە دەکرد کە لە زۆرینەی شوێنەکان بەزۆر جێگایان بۆ کرابۆوەو لە پێناسەو تێگەیشتنی کارەکتەرەکانی دەگۆڕی، ھەر بۆ نمونە کارەکتەری (تریبلیف_رەوند تەھا) کە بەختیار بە شانۆکارێکی نوێخوازو سەرکێش تەوزیفی دەکات لای چیخۆف بەشێوەیەکی تر بیر دەکاتەوە ئەوەتا لە دیالۆگێکی چیخۆف کە بەختیار لە نمایشەکە لایدەبات دەڵێت “من بەردەوام باسی فۆرمی نوێم کردووە، کەچی وا ھەستدەکەم خۆیشم بەرەو نووسینی رۆتینانە دەخشێم” یا لە دیالۆگێکی تر کە بەھەمان شیوە لای بەختیار لابراوە دەڵێت”من تا دێت زیاترو زیاتر دەگەمە ئەو بڕوایەی کە کارکردن لە فۆرمی کۆن و نوێدا نییە، بگرە لەوەدایە کە مرۆڤ کاتێک دەنووسێت لەڕاستییدا بیر لە ھیچ جۆرە فۆرمێک ناکاتەوە، ئەو بۆیە دەنووسێت چونکە نووسین خۆی ئازادانەو بێ پەروا لەڕوحییەوە سەر دەکات”.
بەختیار جەلال لە مەلی دەریا:
زیاد لە دەرھێنەرێک بەختیار جەلال بەشێوەیەکی ڕەھا لە ھەموو گەورەو بچوکێکی نمایشەکە ئامادەگی بەھێزی ھەیەو لەھەموو ساتێکدا سێبەری بەختیار بەسەر شانۆوە دەبینرێت، ھەر لە یەکەم ساتی دەسپێک و تا دوا ساتی خۆپێشکەشکردنی ئەکتەرەکان، بەختیار وەک سەرکردەیەکی تاک باڵی بەسەر ھەموو شتێکدا کێشاوەو نمایشەکە بۆ یەک ساتیش لەژێر پەنجەکانی دەرناچێت.
ھەر لەم ڕوانگەیەوەش بەختیار پانتایی و سەنگی کارەکتەرەکان بە پشت بەستن بەخودی توانای ئیبداعی ئەکتەرەکان دادەڕێژێتەوەو پانتایی زیاتر بەو ئەکتەرانە دەبەخشێت کە پێیوایە دەتوانن زیاتر بە نمایشەکە ببەخشن و نمایشەکە بە ئەمانەتەوە تەسلیمیان دەکات، وەک باڵاکردنی ھەردوو کارەکتەری (ئەرکادینا_دالیا چێوار، مێدفرینکۆ_ئالان ھادی) ، لەمەشدا لێکدانەوەکەی لە جێگەی خۆیەتی و مەبەستی پێکاوە.
ھەر لەیەکەم ساتی دەسپێکی نمایشەکە بەختیار ھەوڵدەدات لە ڕێگەی سینۆگرافیاو فەزای نمایشەکە بینەر بخاتە نێو کەشەکەو سەرنجی ڕابکێشێت، لەمەشدا کەرەستەکانی زۆر کاریگەربوون کە فەزایەکی زۆر جوان و گونجاو بە نمایشەکە ببەخشێت ھەر لە دیزاین و داڕشتنی دیکۆرو تا دەگاتە جلوبەرگ و موزیک و روناکی و ئەو سکرینەی کە لەدواوە وێنەی دەریا و مانگ و ساتەکانی خۆرھەڵاتن و ئاوابوونی لەسەر نمایشدەکرێت، ئەمە جگە لە تەوزیفکردنی ئەکتەرەکان لەسەر شانۆو دابەشبوون و جولانەوەیان کە ھارمۆنیەکی زۆر گونجاو لەگەڵ سینۆگرافیا دروستکردبوو، کە ھەندێجار ئەکتەرو فەزا ئاوێتەی یەکتر دەبن و وەک یەکەیەکی گونجاو دەردەکەون و جیاناکرێنەوە، بەتایبەتی دیکۆری نمایشەکە کاریگەری زۆر بەرچاوی ھەبوو کە نمایشەکە زۆر بەجوانی ببینرێت.
تەوزیفکردنی ئەو سکرینەی دواوەش جوانکاری زۆری بە نمایشەکە بەخشیبوو، ئەمە جگە لەوەی دوو وەزیفەی زۆر گرنگی ھەبوو، ئەوانیش دیاریکردنی زەمەن و شوێن بوو، بەختیار لەڕێی ئەم سکرینە ھەمیشە ئەو ھەستەوەرەمان پێدەدات کە ئێمە لە قەراخ دەریاین و شنەبایەکی فێنک لە دەریاوە بەرەو روومان ھەڵدەکات، بۆ دیاریکردنی زەمەنیش کاریگەری خۆی ھەبوو، چونکە بەختیار ھەر چوار بەشی تێکستەکەی چیخۆف، لە نمایشێکی بەردەوام کۆدەکاتەوەو لەڕێگەی ئەو سکرینەوە تێپەڕبونی سات و کاتەکان وێنا دەکات، لە ھەمانکاتتدا لە پەیوەندییەکی رۆحی ئەکتەرو لۆکەیشنەکانی سەر سکرینەکەی بەیەکەوە گرێدەدات.
خاڵێکی تر کە بۆ من زۆر گرنگ بوو تەوزیفکردنی ئەکتەر بوو لە نمایشەکە، بەختیار بەھیچ شێوەیەک تەسلیمی ئەو ڕیتمەی نێو تێکستەکەی چیخۆف نەبووەو ھەوڵیداوە لە ڕێگەی جوولەی بەردەوامی ئەکتەرەکانی و ئیزافەکردنی موزکێکی تایبەت و ئاوێتەکردنی بەو ھەموو گۆرانییە جوانە، ھەمیشە ڕیتمی نمایشەکەی بەشێوەیەک بێت کە بینەر ھەستبکات فریای ئەوە ناکەوێت رووداوێک یا ساتێک وەربگرێت سەیر دەکات نمایشەکە زیاترو زیاتری پێدەبەخشێت، بۆ ئەم مەبەستە تەوزیفکردنی دالیا و ئالان تەواو ئەو ئامانجە دەپێکێت و ئەو دوو ئەکتەرە وەک داینەمۆی نمایشەکە ھەمیشە لە جوولەی بەردەوامدان و ژیان بە ھەموو کونج و ساتێکی نمایشەکە دەبەخشن.
ئەوەش کە زۆر یارمەتی ئەوە دەدات ئەوەیە کە بەختیار ئەو دوو کارەکتەرە بەشێوەیەک دەسکاری دەکات کە بەتەواوی بتوانن ئەو وەزیفە لەنێو نمایشەکە بگێڕن، کارەکتەری (ئەرکادینا_دالیا) کارەکتەرێکی بزیو و ھەمیشە پڕ ژیان و گۆرانی و کەیفخۆشی، بەختیار بە مەبەستیش ھەندێ خەسڵەتی ئەو کارەکتەرەی لابردووە وەک ئەوەی لای چیخۆف زۆر رەزیل و پیسکەیە، چونکە لە کۆتاییدا ئەم خەسڵەتە لەگەڵ فۆرمی بەختیار بۆ ئەو کارەکتەرە زۆر گونجاو نییە.
کارەکتەری (مێدفرینکۆ_ئالان) کە بەختیار لە کارەکتەرێکی زۆر لاوەکی بەرزیدەکاتەوە بۆ کارەکتەرێکی کاریگەر بەسەر نمایش بێئەوەی کاریگەری بەسەر ڕەوتی رووداوەکانەوە ھەبێت، ئەمە خاڵێکی یەکجار گرنگە تۆ پانتایی کارەکتەرێک فراوان بکەیت بێئەوەی مەبەستی سەرەکی نمایشەکە ئالۆز بکەیت، ئەو فۆرمە کۆمیدییە نایابەی کە بەختیارو ئالان بەو کارەکتەرەیان بەخشیوە وادەکات ببێتە یەکێک لە گرنگترین کارەکتەرانی نمایشەکە بێئەوەی سەنگی راستەقینەی لەنێو ڕووداوەکان ھەبێت.
ئەکتەربوون لە مەلی دەریا:
نواندن و ئەداکردن لە تێکستێکی پڕبەھای وەک مەلی دەریا بۆ ھەموو ئەکتەرێک خەونێکی جوانە، بۆیە بەدەر لەھەموو پێوانەکانی ئەداکردنی ئەکتەر لەم نمایشە، خودی بەشداریکردن لە نمایشێکی ھاوشێوە ھەنگاوێکی گرنگەو ھەموو ئەکتەرێکی جیددی دەبێ خەونی پێوە ببینێت و ھەوڵبدات توانای نواندنی خۆی لە ئەداکردنی ئەمجۆرە کارەکتەرە قوڕسانە تاقیبکاتەوە.
ئەوەی بۆ من گرنگ بوو ئەوەبوو کە زۆرینەی ئەکتەرەکانی ئەم نمایشە تەمەنێکی ھونەری زۆریان نەبوو، کەچی جورئەتی ئەوەیان تیابوو لەم نمایشە تواناکانی خۆیان تاقیبکەنەوە، بۆ بەدبەختیش ئێمەی بینەر لە نمایشێکی وەک ئەوەی چیخۆف ھەمیشە چاوەڕوانی زۆرمان لە ئەکتەر ھەیە، بۆیە بەلای منەوە بەشێک لە ئەکتەرەکانی ئەم نمایشە زۆر جوان و سەرکەوتوو دەرکەوتن و توانیان ئیزافەی جیددیان لەنێو نمایشەکە ھەبێت، لە ھەمانکاتتدا ھەندێک لەو ئازیزانە بەھۆی کەمئەزموونی نەیانتوانی فۆرمی ئەو کارەکتەرە پڕبکەنەوە کە بەبەریاندا کرابوو، ھەندێجاریش ئەو ھەستەیان لا دروست دەکردین کە تواناو ئەزموونیان لە قوڕسایی کارەکتەرەکە بچوکترە، ھەرچەندە ھەموویان زۆر بە جیددی و دڵسۆزییەکی بێھاوتا ھەوڵی بەردەوامیان ھەبوو.
من بۆیە نامەوێت لێرەدا ئەکتەرەکان بەناو دەستنیشان بکەم چونکە زۆرینەیان گەنجن و رەنگە ھەنگاوی زۆر زیاتریان لەبەردەمدا بێت تا بتوانن ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە کە لەم نمایشە ھەستیپێدەکراو بتوانن لە داھاتوودا بەو ئەزموونە گرنگەی کە لەم نمایشە دەستیان کەوت و لە ئەزموونەکانی داھاتوو پێیدەگەن ، ئەدای باشترو داھێنەرانەتریان ھەبێت.
بەختیار چی لە چیخۆف دەوێت؟
ئەگەر بەختیار مەبەستی بووبێت لەم نمایشە گوتارێکی ھونەری پڕجوانکاری لەڕێگەی شاکارێکی چیخۆف بە بینەر بگەیەنێت، ئەوە بێگومان تاڕادەیەکی باش ئامانجی خۆی پێکاوە، بەڵام ئەگەر مەبەستی بەختیار لە نمایشە داڕشتنی گوتارێکی ڕاستەوخۆ بێت لە ژێر پاڵتۆکەی چیخۆف، ئەوە بێگومان لەوەدا ئامانجی نەپێکاوەو شانۆی چیخۆف ئەمجۆە گوتارە ناھونەرییانە ھەرس ناکات، ھونەرمەندیش ھیچ کاتێک بەوە گەورە نابێت کە ھەوڵبدات راستەوخۆ کەسانی تر بچوکبکاتەوە، بەڵکو گەورەبوون لەوە دروست دەبێت کە سەرەتا ھەوڵبدەیت لەڕێگەی ھونەرەکەت خۆت باڵا بکەیت دواتر بە ئاسایی ئەوانی تر بچوک دەردەکەون.