زۆرێک لە گۆرانی بێژانی کورد لە هەندەران بێ کارن. ئەوان لە ساڵێکدا چەند کاتێکی دیاریکراو هەیە گیرفانیان گهرمه، لە دەوروبەری سەری ساڵ و جەژنی نەورۆز و بۆنە حیزبییەکاندا، بەهۆی ئەو ئاهەنگانەی بۆیان ڕێک دەخرێت بە موزیکێکی نەشاز و دەنگێکی ناقۆڵای ئامادەکراوەوە لەلایەن ڕێکخەرانی ئەو ئاهەنگانەوە. لەبەر ئەوەی ئامانجی ئەو ئاهەنگانە تەنها کێشانەوەی پارەیە لەو خەڵکەی ئازارەکانی نامۆیی پڕی کردوون لە کابوس و بێتاقەتی، هەمیشە لە ئاهەنگەکاندا هونەر و ڕێزگرتن لەو ڕەهەندە وونە. زۆرێک لەوانەی هونەرمەندن گەشتوون بەم ڕاستییەو ساڵانێکە بەشدار نابن لەم جۆرە گردبوونەوانەی بە ئاهەنگ ناودەبرێت.
ئەوەی جێگای سەرنج و پرسیارە ڕاوچیەکانی پارە ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە و لە بۆنە و جەژنەکاندا ئامانجی خۆیان دەپێکن. پارەی خۆیان دەست دەکەوێت و بە قرەباڵغیەکی بێسەروبەرە و ئۆرگانیزە نەکراوەوە لە هەیبەت و سەنگینی جەژن و بۆنەکان و هونەریش کەم دەکەنەوە.
لێرەدا تەنها ئەو گۆرانیبێژ و خەڵکانەی بەم جۆرە ئاهەنگانە هەڵدەستن بەرپرس نین لەم بەردەوامییە، نەخێر. بەڵکو ئەو خەڵکەش کە هەست بەمە ناکەن و خەمساردانە کاتەکان تێدەپەڕێنن بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ. بەڵام بەهۆی ناهۆشیاری تاکی کوردەوە هێشتا هەست بەوە نەکراوە چۆن ڕێگا بەم مەهزەلەیە بگیرێت. ئەو دابڕانە گەورەیەی مرۆڤی کورد لە ڕۆشنگەری سەردەم و بزافە پێشکەوتووە شارستانییەکان هۆتەکی ترە بۆ ئەم مانەوەیە لە سەقەتیی هونەرەکەماندا.
لەکاتێکدا خەڵک ڕازییە بە بەرهەمێکی بێپێز و دزراو و لاسایی و دەنگ و موزیکێکی نەشاز و ناباو ئیتر چۆن هونەرمەند خەمی ئەوەی هەیە بگەڕێت بۆ تازەگەری و پڕۆفشناڵ بوون؟ ئەمەیە هونەرەکەمان هێشتا لەدەرەوەی ئەم سەرەدەمە نوێیەیە و نەتوانراوە پێشوەچوون درووست ببێت.
بەڵام هێشتا کەمتەرخەمییە گەورەکە لە ئەستۆی کاکی هونەرمەنددایە. بێجگە لەوەی ڕازییە بەو گاڵتەپێکردنە، بیری نەکردۆتەوە لەوەی بەچ قەبارەیەکی مەزن دەستی لە تێکشکانی میهنە و بەهرەکەی خۆیدا باڵادەستە.
ئێستا جەژنی نەتەوەیی میللەتەکەمان ( نەورۆز)مان لەبەردەمدایە، ڕیکلامەکان یەکە یەکە دەردەکەون، هەموویان لە هەڵپەی بردنی زۆرتین بەش و بەڕێکردنی ئەو خەڵکەدان. ئەوەی وونە لەم نێوەندەدا تەنها هونەر و هونەرمەندی راستەقینەیە. ئەوەی دەبینرێت و دەردەکەوێت تەنها گەڕەلاوژێیەکە بە هاوکاری ئەوانەی ئێمە بە هونەرمەندی نەتەوەکەی خۆمانی دەزانین.
پرسیاری ئێمە لە ئیوە ئەوەیە:
ئایا هیچ کام لە ئێوە لە ئاهەنگێکی ئۆرگیناڵ و فەرمی ئەم ڕۆژئاوایەدا ئامادە بووە؟ ئەگەر ئامادە بووە ئەو جیاوازییە گەورەیەی بینی؟ ئەو بەجێمانەی بینی لە ڕابردوودا کە هونەرەکەمانی تێدا بەجێماوە؟ ئایا هونەرمەندان هەتا ئیستا لە کۆنسیرت و ئاهەنگێکی بیانیدا ئامادە بوون؟ بینیان خۆیان لە کوێی هونەردان؟ ئایا دەزانن هۆی بێنرخی هونەرەکەیان لە کوێدایە؟ ئەگەر تۆی هونەرمەند هەتا ئێستا هاوپیشەکەت لە دەرەوەی جیهانە کوردیەکە نەبینیوە، بڕۆ و ببینە و بزانە هونەر چیە و چ حەقێک هەیە کە تۆ نەتداوە بە هونەر بەهۆیەوە ئەوەندە کەم سەیری خۆت و بەرهەمەکەت دەکرێت.
ئیتر حەق نییە بکڕوزێنەوە لە دیمانە کاڵو کرچەکاندا و گلەیی لە نەفرۆشتن و بێنرخی هونەرەکەتان بکەن. ئێوە خۆتانن نازانن چیتان بەرهەم هێناوە بۆ فرۆشتن. بۆیە زۆرینەتان مایە پوچ و هەگبە خاڵین.
تێبینی: ئەم ووتارە هێشتا بەشێکی گرنگی ماوە و لە بڕگەکانی داهاتووی ئێسپرێسۆدا قاوەیەکی جددی و تاڵ تاڵ تاڵی تر دەخۆینەوە.
مرۆڤ و هونەرمەندانی هۆشیار خۆیان تێدەگەن من مەبەستم لە کێیە و باس لە چی دەکەم. ئەوانەشی چاویان بە ڕاستیدا هەڵنایەت با لەو خەونە بێمانایەیاندا هەر خەریکی وڕێنە بن. دەزانم ئەم قاوە تاڵە کاریگەری زۆری دەبێت، هەندێک شیت دەکات و هەندێک توڕە. هەندێکیش ووریا دەکاتەوە.
قاوەچی: ئێسپرێسۆ