گۆشتی سوور Red Meat و جگەر Liver لە رووی بەهای خۆراكییەوە گەلێك دەوڵەمەندن بە پرۆتین(كەgoshtujger-qwe321q1q سەردەمێك بە پرۆتینی كلاسی یەكەم ناوزەد دەكرا)،
ڤیتامینەكان، كانزاكان بە تایبەتی كانزای ئاسن كە زۆر گرنگە لە دروستبوونی هیمۆگلۆبینی ناو خڕۆكە سوورەكانی خوێن و خۆپاراستن لە كەمخوێنی. ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە كە هەردوو گۆشت و جگەر بڕێكی زۆری چەورییان تێدایە كە چەورییە تێرەكانن كە بە چەوری خراپ ناسراون، هەروەها رێژەیەكی بەرزیان لە كۆلیستیرۆل تێدایە، بەڵام جگەر رێژەیەكی بەرزتری لە كۆلیستیرۆل تێدایە كە زیاترە لە رێژەی كۆلیستیرۆلی ناو گۆشتی سوور، بۆ نموونە لە هەر 100 گرام گۆشتی سووردا (گۆشتی بەرخ یان گۆلك) رێژەی كۆلیستیرۆل دەگاتە 70میللیگرام، كەچی رێژەی كۆلیستیرۆل لە هەر 100 گرام جگەردا (جگەری بەرخ یان گۆلك یان جگەری پەڵەوڕ) دەگاتە 300 میللیگرام.
بۆیە ئەو كەسانەی كە پارێزیان لە كۆلیستیرۆل هەیە یان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەكو نەخۆشی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشی شەكرە، یان قەڵەون یان ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێنیان بەرزە، هەروەها پیاوان لە سەرووی تەمەنی 40 ساڵییەوە، پێویستە كە جگەر بە رێژەیەكی یەكجار كەمتر لە گۆشتی سوور بخۆن یان هەر نەیخۆن، وا باشترە كە گۆشتی سووریش یەكجار كەم بكرێتەوە لەم حاڵەتانەی سەرەوەدا.