نمایشە ئەڵمانییەکان لە ھەولێر بەردەوامی ھەیە
مەسعودی مەلا ھەمزە : لەدرێژەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆی ھەولێر و بە ئامانجی ناساندنی ھونەری دەرەوە بە کورد و دروستکردنی پردی پەیوەندی لەنێوان ھونەرمەندانی کورد و بیانیدا، بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر میوانداری گروپی شانۆی “تیاتەر ئەندەر رۆھەر”ی ئەڵمانی دەکات و دوای نمایشکردنی شانۆگەری کاسپەر بڕیارە ھەردوو شانۆگەری کاوس و شازادە بچکۆلەکە نمایش بکرێ.
رۆژی ٥ شەممە بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی زۆر لە ھونەرمەندان و بینەرانی شانۆ لەلایەن گروپی شانۆی “تیاتەر ئەندەر رۆھەر” شانۆگەری کاسپەر نمایشکراو لەرۆژانی ١٤و١٥ی ئەم مانگەش دوو شانۆگەری تر لەلایەن ھەمان گروپ نمایش دەکرێ.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر ھاتووە کە دوای نمایشکردنی شانۆگەرییەک ئەو گروپە لەرۆژانی شەممەو یەک شەممە ١٤و١٥/٤ دوو شانۆگەری تر لە کاتژمێر ٦ی ئێوارە لە ھۆڵی گەل نمایش دەکەن.
شایانی باسە ئەو چالاکییەی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆی ھەولێر بەشێکە لە چالاکییە بەردەوامەکانی کەرنەڤاڵی رۆژی جیھانی شانۆ کە تاکو ١٥/٥/٢٠١٢ بەردەوام دەبێ و تێیدا کۆمەڵێک چالاکی نمایش کراوەو نمایش دەکرێ.