پێش نیوەرۆی دوێنێ ٣/٦/٢٠١٢بەئامادەبوونی د.ئەرسەلان بایز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و د.کاوە مەحمود وەزیری رۆشنبیر و لاوان و پارێزگاری ھەولێر و سەرۆکی پەیمانگای فەرەنسی ھەولێر و ژمارەیەک لە لێپرسراو و رۆشنبیر و ھونەرمەند و ھونەردۆستان یەکەمین پێشانگای ھاوبەشی ١١ ھونەرمەندی شێوەکاری کوردی دانیشتووی فەرەنسا بەناونیشانی کەرەستەکانی کوردستان لەگەلەری میدیای شاری ھەولێر کرایەوە.
پێشانگایی ھاوبەشی شێوەکاری کەرەستەکانی کوردستان لەلایەن نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە فەرنسا بەھاوکاری وەزارەتی رۆشنبیر و لاوان و پەیمانگای فەرەنسی ھەولێر رێکخراوە و لەو پیشانگایەدا ھەر یەکە لە ھونەرمەندان رەمزی قودبەدین و رەفیق حەمید بەختیار نامۆ و لالە عەبدەو کارزان کەریم و عیسا عەلی و کامیل مۆسۆ و دلشاد کوێستانی و حەمید دەروێش و کامیان مەحمود و عەلی ھادی بەپێنج تابلۆ بەشداری ئەو پێشانگایە بوون.
لەوپێشانگایەدا ھەر ھونەرمەندە و بە ستایل و فۆرمێکی تایبەت و جیاوازی ھونەری شێوەکاری لەژێر کاریگەری ھونەر و کلتوری کوردستان و ئەوروپا بەگوزارشتی سەکۆی فەنتازیای خستنەروی ستاتیکای سۆزداری و نەھامەتیەکانی گەل و مرۆڤایەتی و سروشت و پەیامە ھونەریە ئالۆز و رەنگاورەنگەکانی شێوەکاری خۆیان پێناسدەکرد.
ھونەرمەندانی بەشداری ئەو پێشانگایە ساڵانێکی زۆرە لە فەرەنسا نیشتەجێن و خاوەن رەگەزی کوردی و ناسنامەی فەرەنسین، لەچوارچێوەی ھونەری شێوەکاریشیاندا بەشێک بوونە لەخەباتی سیاسی و کوردانە لە ھەندەران، کەبەردەوام لەنێو تابلۆکانیاندا سروشتی چیرۆکە دیکتاتۆریەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و کوردستان و نەھامەتیەکانی گەلی کوردیان نیشانداوە.
ھونەرمەندانی شێوەکاری کوردستانیش کردنەوەی پێشانگای ھونەرمەندانی ھاندەران لە کوردستانی زێدی لەدایک بوونیان بەکار و ھەنگاوێکی سەرکەوتووانە ھەژماردەکەن لەپایی ئاشنابوونی ھونەرمەندانی ھەندەران و کوردستان بۆ ئاڵوگۆری ھونەری و قسەکردن لەسەر ئاستەکانی ھونەری شێوەکاری لەنێوان ئەوروپاو کوردستاندا.
پار ساڵ ھەمان پێشانگای ھاوبەشی شێوەکاری ١١ ھونەرمەندی کوردی دانیشتووی فەرەنسا لە نوسینگەی نوێنەرایەتی کورد لە فەرەنسا کرایەوە. لەم ساڵیشدا بە ھاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و پەیمانگای فەرەنسی ھەولێر ئەو پێشانگایە گواسترایەوە کوردستان بەمەبەستی نمایشکردنی لە شاری ھەولێر و سلێمانی، وابریاریشە دوای سێ رۆژ نمایشکردنی لەشاری ھەولێر وەک بەرھەمی تابلۆی شێوەکاری ١١ ھونەرمەندی کوردی دانیشتووی فەرەنسا لەشاری سلێمانیش نمایشبکرێت.
زریان خەتاب