توانا تەها : گەورەترین كارەساتێك ئەوەیە بڕوامان بە خۆمان نەمێنێت، مردنی جەستە ئەو كاتە دەست پێدەكات كە دڵمان لە لێدان دەكەوێت، بەڵام مردنی بیر و رۆح ئەو كاتەیە كە متمانەمان بە خۆمان نامێنێتو توانای بیر كردنەوەی نوێ و خەون و روئیامان نییە، ئەو كاتە مردن بەرۆكمان دەگرێ كە بە پێی ویستی كەسانی دیكە خەون دەبینین و دونیابنیمان تا ئەو ئەندازەیەیە كە سنوورمان بۆ دیار دەكرێت، ئەو كاتە وەك مردوو واین كە داهێنانمان نەبێتو لە ئاست زۆرێك لە رووداوەكان بێ هەڵوێست بین، ئەو كاتەی توانای بیستنی دەنگی جیاواز نەبێت، یا تاقەتی ئەوەمان نەمینێت گوێ لە كەسانی بەرامبەرمان بگرین، ئەو كاتەی نەتوانین رەهەندەكانی پشت قسە بریقەدارەكانی شاشەو رۆژنامە و رادیۆكان لێك بدەینەوە، ئەو كاتەی نەتوانین شۆر ببینەوە بۆ ناو رستە و وشەكان لێكنەدەینەوە، ئەو كاتە وەك مردوو واین.
نەتەوەیەك بڕوای بە خۆی پتەو بێتو هەمیشە خەون بە ئاییندەیەكی گەش ببینێت، لە نیشاندانی دواكەوتوویی و گەندەڵی و دەست نیشان كردنی كەموكوڕییەكان ناترسێت، ئەگەر نەخۆشییەكان دەست نیشان نەكەین، ئەگەر دەست نەخەینە سەر برینەكان چۆن چارەسەریان دەكەین، ئیدی چۆن دەبینە خاوەنی كۆمەڵگایەكی تەندروست؟ .
كەسێك رێز لە سروشت ناگرێت، هەیە دەڵێت “ئێمە هەرگیز باش نابین! یەكێك رێز لە یاسا ناگرێت، دەگووترێت لە وتەی كورد هەبووە وەهایە، ئێستاش چاك نابێت!، كەسێك مرۆڤ ئەكوژێت، ئەڵێن “ئەمانە دەمێكە دەستیان بە خوێنی مرۆڤ سوورە!، كەسێك گەندەڵە پێی دەڵێن “ئەمە چاوچنۆكەو تەنیا پارەو پوڵ ئەناسێت!، دەسەڵات جەماوەرێكی خۆش دەوێت، كە تەنیا چەپڵەی بۆ لێ بدات، هەیە دەڵێت “ئەوانە هەرگیز لە چەپڵە لێدان وەرز نابن، كەسێك نایەت جەماوەر بخاتە ژێر پرسیارو پێیان بڵێت “دەسەڵاتی سەركوتكەر سەرقاڵی بە مێگەلكردنی ئێوەن”.
مرۆڤێك دژی ژینگەیە، سروشت وێران دەكا، كەسێك هەر بۆخۆشی ئاو بەفیڕۆ دەدات، یەكێكی تر بە شانازییەوە گلۆپێك زیاتر پێدەكا، شوفێرێك لە گلۆپی سووریش تێ نافكرێت! كەسێك كارەكەی خۆی خۆش ناوێت و رێز لە كاری كەسانی تریش ناگرێت، كەسێك بە رۆژی رووناك تف لە نیشتمانی خۆی ئەكات، زۆرێك لە مرۆڤی كورد، نیشتمانی خۆیان پیس دەكەن، بە خوێندەوارو نە خوێندەوار، بە بەرچاوی خۆمانەوە رۆژانە هەزاران دیمەنی نەشیاو ئەبینین، كەچی زۆربەمان چاو لە ئاستی ئەنوقێنین، وەكو چۆن دەگووترێت بە یەك دەست تەوقە ناكرێت، وەهاش بە یەك كەس ئەم كۆمەڵگایە چاك ناكرێت، بۆ گەیشتن بە لوتكە پێویستە هەنگاوی یەكەم بهاوێژین، بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگایەكی كراوەو خاوەن تاكێكی بە ئیرادە پێویستە هەر كەسەو لە خۆمان دەست پێ بكەین و بێ ئومێد نەبین، مرۆڤ بەوە دەبێتە جێگەی بایەخ و رێز كە داكۆكی لە ئازادییەكانو یاسا و نیشتمان و پاراستنی ژینگەو خزمەتكردنی كۆمەڵگای خۆی بكا.
مرۆڤ پاشكۆیەكی زەلیلی فكرێكی دێرین نییەو هەمیشە فكرێكی نوێی پێیە، دەشێت ئەم فكرە تازەیە نوێگەری بخوڵقێنێت، مرۆڤ ناشێت ببێتە پاشكۆی بیرێكی تەسك و گیرۆدەی عەقڵی كەسانی دیكە كە دوور و نزیك بەیەكەوەیان نابەستێتەوە، ناكرێت گوێرایەڵی بۆچوونێكی زبر بكا، ئەركی خۆمانە رێگە نەدەین خۆڵ بكرێتە چاومان.
پێویستە دونیابینینەكانمان لە مەعریفەوە سەرچاوە بگرێت، نابێ لە باسكردنی لایەنە تاریكەكانی كۆمەڵگاو دەردە كوشندەكان ماندوو بین، دەبێت لە بواری رووبەڕوو بوونەوەی كەموكوڕییەكان و هۆشیاری نەتەوەیی و هۆشیاری ئابووری و تەندروستی، كۆمەڵایەتی، ژینگە، ئەخلاق، یاسا، بە شێوازی تازە بە گەڕخستنی زمان، نەك هەر كۆڵ نەدەین، بەڵكو سەر چڵیش بین، پێویستە هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی كەسانی تریش بێ ئومێد نەبن و بڕوایان بە خۆیان هەبێت، تا وا كپ و مات لێی دانەنیشن و خۆیان و دەوروبەریان باش بكەن.
چونكە هیچ شتێك لە سەرووی رخنەوە نییە، دەبێت لە پێناو داهاتوویەكی رۆشندا باس لە لایەنە تاریكەكانی كۆمەڵگا بكەین لە پێناو بە دیهێنانی داهاتوویەكی رۆشن.