ئێسپرێسۆ :ڕای کوالیتی وەک کۆمپانییەک بۆ بەرهەمهێنانی کلیپی کوردی خۆی ناساند. لە سەرەتاوە پێش دەرکەوتنی بەرهەمەکانیان، ڕیکلامەکانیان هەڵپە و بەتواناییەکی زیاتریان پێشان دەدا، بەوپێیەش خەڵک بەهیوای بەرهەمی نوێ و داهێنان و تازەگەری بوون لەم کۆمپانیە.
ئێمە دەستخۆشی لەهەر هەوڵێکی نوێ دەکەین بۆ برەودان بە بەرەوپێشچوونی هونەری کوردی. بەتایبەتی لەبواری موزیک و کلیپدا، چوونکە ئەو دابڕان و پشاکشە بەرچاوەی لەو بوارەدا دەبینرێت جێگای نیگەرانی ئێمەو خەڵکی کوردستانە، ئەو کۆپیکردنی موزیکی عەرەبی و تورکییە و ساخکردنەوەی بە بەرهەمێکی کوردی خاوێن، جێگای بێزاری و رازینەبوونی خەڵکی کوردستانە.
ئەوەی جێگای هێما بۆکردنە لەم بابەتەدا کۆمپانیی ڕای کوالیتی و کەمو کورتییەکانیەتی. وەک ئاماژەمان پێدا لەهەر هەوڵێکی نوێدا خەڵک چاوەڕوانی داهێنان و نوێگەرییە، بەڵام ئەوەی ئەم کۆمپانییە دەیکات هیچ ئاماژەیەکی بەو ئاراستەیە پیشان نەداین، هەموو هەنگاوەکانیان لە چۆنێتی و شێوازی کلیپەکانیاندا، پێشتر لە کلیپە بەسەرچووەکاندا دەبینرێن، چ لە ڕووی سیناریۆ و دەرهێنان مۆنتاژ و جلوبەرگ و ئێکسسوار و ڕووناکی و هەموو بەشەکانی تری ڕێگای دروستکردنی کلیپ.
ئەم بۆچونەی ئێمە بۆ ڕووخاندنی ئەم بەڕێزانە نییە، ئەمە تەنها چاوەڕوانی ئێمەبوو بۆ شتی باشتر و بەهێزتر، لە ساڵەکانی ڕابردوودا چەندان کاری لەم جۆرەمان بینیوە، ئێمە دەمانەوێت دەرکەوتە نوێیەکان هەنگاونانێک بێت لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەتوانراوە بە پراکتیک بابەتێکی نوێ بە بینین و بیستن و هەستی ئێمە بهێننە بوون.
لێرەدا ئاماژە بۆ چەند ناڕێکییەک دەکەین بەوهیوایەی ئەم بەڕێزانە، ئەگەر لە خەمی داهێنان و پێشکەشکردنی کاری باشتردان سەرنجی خۆیانی بۆ واڵا بکەن.
دەستبردن بۆ کارێکی لەم شێوەیە ئەرکێکی قورسە، تەنها ئەوە نییە خاوەنی چەند کۆرسێک یان کۆلێژێک لەبواری بەکارهێنانی کامێرا و دروستکردنی کلیپ و فیلمدا بیت، بەڵکو ئەمە بەشێکی بچوونکە لەم تێمایە هەمووی.
کاتێک کۆمپانیەکی لەم شیوەیە دەیەوێت کارێکی پرۆفشناڵ بکات دەبێت( وێنەگرێک، سینارست، دەرهێنەر، شارەزایەک لەبواری فاشن و جلوبەرگ، شارەزایەک لەبواری دیزاین و هەڵبژاردنی شوێنی کلیپەکان، ستۆدیۆیەکی ئۆرجیناڵ و پێرفێکت بۆ مۆنتاژ و تەواوکردنی کارەڤیدیۆییەکان، شارەزایەکی ڕەنگ و ڕووناکی. … ) لەگەڵ توانا و ئەنەرگییەکی پڕ و تێر و تەسەل بۆ جێبەجێکردنی کارەکان، لەهەمانکاتدا ئیدارەیەکی باش بۆ بەڕیوەبردنی کارەکان و ئۆرگەنایزکردنی هەموو کارەکان . گرنگتر لەمانە هەبوونی پاڵپشتێکی ماددی بەهێز.
ئەمانە هەنگاوی سەرەتایین بۆ دەستبردن بۆ کارێک ئەگەر بتەوێت داهێنان و تازەگەری لێ بەرهەم بێت. ئەگەر نا، ئاسان نییە تەنها بە سۆز و حەز و خولیا ببیتە خاوەنی داهێنان.. بەتایبەتی لەبواری ڤیدۆدا، چوونکە ئێستا سەردەمی کوالیتی و پێشاندانی توانا بەرجەستەکانە. یان بە کۆبوونەوەی چەند هاوڕییەک لەدەوری یەک کە هەریەکەیان لە بوارێکی جیاوازدا دەجوڵێت مەحاڵە دەستبردن بۆ کارێک کە داهێنانی تێدا بێت،
ئاماژە بە ناڕێکییەکی بچوک دەکەین لە ڕووی جلو بەرگەوە، کە پەلەپەل و هەڵەشەییەک بە هەمو کلیپەکانی ئەم کۆمپانییەوە دیارە لەو بوارەدا، دەبینرێت کە هەریەکە لە کلیپەکان لەو بڕگانەی کە دەرەوەیان تێدایە لە یەک ڕۆژ و لە یەک کاتی دیاریکراودا ئەنجام دراون، هەمان جلوبەرگ یان بەهۆی سەرماوە چەندین ڕەنگ لە جلی هونەرمەندەکەدا، یان گۆڕینی تەنها چاکێت لە بڕگەیەکەوە بۆ بڕگەیەکی تر. …
ئەمە جگە لەو هەموو کەموکورتییەی لە بواری سیناریۆ و هەڵبژاردنی جوڵە و شوێن و تەرخانکردنی کات و لاساییکردنەوەدا دەبینرێن.
هیوادارین ئەم بابەتە سودمەند بێت بۆ ئەو بەرێزانە و هەرکەسێکی تر کە دەیەوێت لەم بوارەدا کارێک بکات
ئێسپرێسۆ گۆشەیەکی ڕەخنە ئامێزە بابەتەکانی تەنها لە سایتی چراتیڤی دەتوانیت بخوێنیتەوە.