رێباز ئەو منداڵە تەمەنێکە لەسەر شەقامەکان دەسووڕێتەوە
توانا تەھا: دوو خوشکم ھەیە، ئێمە بێ دەسەڵاتین، گەورەکان ھیچ ویژدانیان بەرامبەر بچووکەکان نییە، زۆرجار ئارەزووی لەدەست دانی ژیانی خۆم دەکەم، جارێکیش ھەوڵی خۆکوشتنم داوە بەچەقۆو بڕینداربوومە، زڕدایکم زۆرجار منی داغکردووەو مڵاکی سوور کردۆتەوەو لەجەستەی منی ساردکردۆتەوە”. ئەمانە ئەو چەند وشانەن کە رێبازی تەمەن ١٢ ساڵ دەری دەبڕێت”.
رێباز – کوڕێکی تەمەن ١٢ ساڵەی دانیشتوی شاری سۆرانە، ئەو دوای ئەوەی بابی ژنی دووەم دێنێت، باروودۆخی ژیانی گۆڕانی بەسەر دادێت، ھەر چەندە رێباز بە چاوی گریانەوە چیرۆکەتاڵەکانی دواساتەکانی دایکی خۆی بۆ زاری کرمانجی دەگێڕێتەوە ئەو دەڵێت “ئێوارەیەکی درەنگ دایک بە من و دوو خوشکە بچووکەکانی منی وت من خۆم ئەسووتێنم و ئێوەش ئاگاداری خۆتان بن”.
ئەم منداڵە ئەوەش دەگێڕێتەوە کە زۆری لەدایکی کردووە ئەم کارە نەکا، بەڵام ھیچ ئاکامی نەبووە، چونکە وەکو خۆی دەڵێت “ھیچ ژیانێکی ئەو تۆ نەبووە کە دایکی تێدابووە”.
بابی رێباز- لەبازاڕی سۆران دووکانی کوتاڵ فرۆشی ھەیەو باروو دۆخی ژیانی لە ئاستێکی باشدایە، کەچی رێبازی تەمەن بچووک ھەر رۆژ لە شوێنێکەو شەوانە لەسەر شەقامەکان و کۆڵانەکانی ئەم شارە دەسوڕێتەوەو زیاتر لەدەیان پیشەی جۆراو جۆری گۆڕیوە وەکو خۆی ئاماژەی بۆ دەکات و رایدەگەینێت بەھۆی بێزاری لەژیان زیاتر لە چەندین کاری کردووە کە زۆربەیان بە خواستی خۆی نەبوون و پێوەی دووچاری گرفتی مەزن بۆتەوە، لەوانە سواڵکردن، بۆیاخکردن، پاککردنەوەی جامی ئۆتۆمبێل، فرۆشتنی کلێنس، بنیشت، پاکەتی جگەرە. گووتیشی “ھەموو ئەوکارانەی کردوومن لێیان پەشیمانیم، چونکە ژیانی من وای خواستوە کار بکەم و پێویستیەکانم دابین بکەم”.
کاتژمێر ١٠ ی شەو رێکەوتی ٢٦-١٠-٢٠١٢، لەبازاڕی سۆران، نزیک مارکێتی تاوەن سەنتەر- رێباز لەسەر شەقامەکە خەوتبوو بەبێ ئەوەی پێڵاوی لەبەربێت و پۆشاکێکی گەرمی پۆشیبێت زاری کرمانجی رێباز – خەبەر دەکاتەوەو دووبارە چەند پرسیارێکی ئاڕاستە دەکات و ئەوەش وەھا وەڵامی دەداتەوە، لەبارەی نەچوونەوەی بۆ ماڵەوە دوای دەست بە رووخسار داھێنان گووتی “زۆر بێزارم و ھەرگیز ئارەزووی چوونەوە ماڵەوە ناکەم، چونکە دڵم خۆش نییەو تەنیا بۆ خەوتن ئەگەڕێمەوە ماڵەوەو ئەوکاتانەی دەریشم ئەکەن روودەکەمە دەرەوەو ئەچمە کۆڵانەکان یان شوێنێکی دیکە ھەڵدەبژێرم.
دوو خوشکم ھەیە، ئێمە بێ دەسەڵاتین، گەورەکان ھیچ ویژدانیان بەرامبەر بچووکەکان نییە، زۆرجار ئارەزووی لەدەست دانی ژیانی خۆم دەکەم، جارێکیش ھەوڵی خۆکوشتنم داوە بەچەقۆو بڕینداربوومە، زڕدایکم زۆرجار منی داغکردووەو مڵاکی سوور کردۆتەوەو لەجەستەی منی ساردکردۆتەوە”. ئەمانە ئەو چەند وشانەن کە رێبازی تەمەن ١٢ ساڵ دەری دەبڕێت، بۆ راستی قسەکانیشی بڕینەکانی سەرجەستەی خۆی نیشانداین و دەنگ و وێنەکانیش لای زاری کرمانجی پارێزراون”. رێباز دەی گووت “زڕدایکم ھێرشم دەکاتە سەر باوکم بەرگیرم لێدەکات و زۆرجاریش لەسەر من لە زڕدایکەکەمی داوە، بەڵام زڕدایکم ھەر واز ناھێنێت و وەدەرم دەنێت و پارەم پێنادات و جڵ و بەرگم بۆ ناکڕێت”.
لە بەشێکی دیکەی گێڕانەوەی بەسەر ھاتەکانی خۆی پێیوایە ئێستا ئەو کەسێکی مردووە، چونکە لەتەواوی ژیان دابڕاوەو وەکو منداڵێکی ئاسایی ناژیت، جیاوازییەکانی ئەو لەگەڵ منداڵەکانی دیکەو خوێندن و یاری و باوک و دایک و کەس و کار زۆر شتی دیکە جیاوازی گەورەن کە من جیا دەکەنەوە، لەبەر ئەوە من ئارەزووی مردن دەکەم مردنێک کە گیانیشم دەربچێت و ھەرگیز نەگەڕێمەوە ئەم نیشتمانە، من بڕیارم داوە بڕۆم کە رۆیشتم ئیتر ناش گەڕێمەوە، چونکە تەمەنێک تاڵی ژیانم کێشت، ئیتر بەسمەو بەرگەی ناگرم.
رەوەز ئەنوەر- گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵەیە پیشەی یاریدەدەری پزیشکە لەبارەی رێباز زانیاری ھەیەو دەڵێت “ھەرکاتێک ئەم منداڵە دەبینم بەم تەمەنە ناخم دەھەژێت، ئاخر چۆن دەبێت مرۆڤ بەرگەی ئەوە بگرێت منداڵێک وەرزەکانی ساڵ بەم شێوەیە بەسەر ببات و دووربێت لە پەروەردەی قوتابخانەو خێزانی، دووربێت لە ژینگەی کۆمەڵگەو منداڵێک بێت کەس نەزانێت داھاتووی چی دەبێت و چی بەسەر دێت”. ئەم یاریدەدەرە ھێمای بۆ ئەوەشکردوو گووتیشی “بە چاوی خۆم ئەوەم بینیوە کە زۆرجار داغیان کردووەو ھاتووە چارەسەرمان کردووە، ئەوم بینیوە کە لەماڵ وەدەر نراوەو لەکۆڵانەکان خەوتووە”. ئازارەکانی رێباز قووڵن من ھەر گیز ناتوانم لێیان تێبگەم، رەوەز بەم وتانە کۆتایی بە قسەکانی ھێنا”.