توانا تەھا : تایبەت بەماڵپەری چرا تیڤی: لەرێکەوتی ٣١-١٠-٢٠١١: ئیسماعیل ئیبراھیم سەرنووسەری ھەفتەنامەی زاری کرمانجی و سکرتێری نووسینگەی سۆرانی سەندیکای رۆژنامەنووسان، بە بڕیاری دادگای بەرایی خەلیفان لەلایەن بنکەی پۆلیسی خەلیفانەوە بۆماوەی زیاتر لە (٦) کاتژمێر بەندکرا.
ساڵێک بەر لە ئێستا لە ھەفتەنامەی زاری کرمانجی ھەواڵی کوژرانی کچێک بڵاوکرایەوە، دواتریش نامەیەکی باوکی کچەکە بڵاوکرایەوە، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ئەو نامەیە، کە گوایا زیانی بە لێکۆلێنەوەکە گەیاندووە دادگای بەرایی سۆران سکاڵای لەسەر ئیسماعیل ئیبراھیم سەرنووسەری ھەفتەنامەی زاری کرمانجی و دەزگای زاری کرمانجی تۆمار کردو لێکۆڵینەوەکان رەوانەی دادگای بەرایی خەلیفان کران”. بەپێی گوتەی رۆژنامەنووسانیش بڵاو کردنەوەی ئەم نامەیە بەھیچ شێوەیەک کاری نەکردۆتە سەر وەستانی لێکۆلینەوەکەو دوای ئەمەش لەھەمان ھەفتەنامە داوای لێبووردن کراوە”.
دوای ئەمە لەرۆژی دووشەممە سکرتێری نووسینگەی سۆرانی سەندیکای رۆژنامەنووسان و سەرنووسەری ھەفتەنامەی زاری کرمانجی لەلایەن دادگای بەرایی خەلیفان، سزای دووساڵ زیندانی یاخود بڕی ١٠ ملیۆن دینار وەک سەرنووسەر بەسەر دادەسەپێندرێت و دەزگای زاری کرمانجیش بەبڕی ٤٠ ملیۆن دینار سزادەدرێت”.
لای خۆشیانەوە رۆژنامەنووسان و رۆشنبیرانی دەڤەری سۆران نیگەرانی خۆیان دەربڕی و ھێمایان بۆئەوەکرد کە “ھەم وەکو نووسینگەی سەندیکای سۆرانی رۆژنامەنووسان و ھەمیش وەک رۆژنامەنووس بێدەنگ نابن و ھەڵوێستی جددی خۆیان دەبێت و تا ئەوکاتەی پێداچوونەوە بەبڕیارەکە دەکرێ”.
سەبارەت بەپرسێکی لەم شێوەیە محەمەدی حاجی کەریم، رۆژنامەنووس ئاماژە بۆ ئەوەدەکات و دەڵێت “بەپێی یاسای کاری رۆژنامەنووسی لە کوردستان، ھەر رۆژنامەنووسێک سزا بدرێ، نابێ لە ٥ ملیۆن دینار زیاتر بێ، ھەر دەزگایەکی راگەیاندنیش نابێ لە ٢٠ ملیۆن زیاتر بێ، بەڵام دیارە رۆژنامەی زاری کرمانجی و دەزگایەکە پێشتر سکاڵای تریان لەسەر بووەو لە دادگا دۆڕاون، لەبەر ئەوە سزایەکە زیادی کردووە”. لەبەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا ئەم رۆژنامەنووسە ئەوەشی گوت “بەڵام لە ھەمانکاتدا ئەوە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر کاری رۆژنامەنووسی و ئازادی لە کوردستان، چونکە تۆ ئەگەر باشترین بەڵگەت لەبەر دەست بێ، ناتوانی ھیچ ھەواڵ و بابەتێک بڵاو بکەیەوە، بۆیە ئێمە دڵگرانین بەو دۆخەی کە رۆژنانووسانی تێدایە”.
رۆژنامەنووسان دڵگرانن بەم دۆخەو پێیان وایە ئەمە ھەوڵێکە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی رۆژنامەگەری لەدەڤەرەکەو ئاماژە بۆئەوەشدەکەن ئەوان بەم دۆخەی ئێستا رازی نابن و لەچەند رۆژی داھاتوو ھەڵوێستی جددیان دەبێت و کێشەکان یەکلای دەکەنەوە”.