مەسعودی مەلا ھەمزە :
لەدرێژەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆی ھەولێر و تیپی شانۆی تیشک بڕیارە لە رۆژانی پێنجشەممە و ھەینی ١٠و١١/٥/٢٠١٢ لە گەلەری شانەدەری شاری ھەولێر شانۆگەری شاعیر نمایش بکرێ.
شانۆگەری شاعیر لە نووسینی دکتۆر فەرھاد پیرباڵ و ئامادەکردن و دەرھێنانی رۆژگار کەریم رۆژە و ھەریەک لە “حەمەسەعید ئیبراھیم، کۆسرەت عەبدولڕەجمان، سامان ھیدایەت” وەک ئەکتەر لە کارەکە بەشدارن و سینۆگرافیای کارەکە لەلایەن دەرھێنەر داڕێژراوەو ھەریەک لە”نەورۆز محێدین، شانۆ ئەکرەم، دەریا نەورۆز”ەوە کاری جێبەجێکردنی بۆکراوە.
لەو شانۆگەرییەدا ھەریەک لە میوزیکژەنان “نەوزاد- قانون، رێباز- کلارنێت، ھۆزان- چەلۆ” وەک میوزیکژەن بەشدارن و بڕیارە لە رۆژانی پێنجشەممەو ھەینی لە کاتژمێر ٦ی ئێوارە نمایش بکرێ و لەرۆژی ھەینیدا لە کاتژمێر ٩ی شەو دووبارە دەکرێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا رۆژگار کەریم رۆژ دەرھێنەری شانۆگەرییەکە گوتی”شاعیر ھەڵگری پەیامی ھەموو ھونەرەکانەو دەبێتە پەیامبەرێک بۆ ھەمووان، سەرەنجام ئەو پەیامەی ھەیەتی لەرێگای شیعرەوە ھەوڵ بۆ گەیاندنی دەدات”.
رۆژگار گوتیشی”بۆ ئەمکارەمان تیپی شانۆی تیشک بە ھاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر کار دەکەین و بڕیارە لە رۆژنای ١٠و١١/٥/٢٠١٢ شانۆگەرییەکە لە گەلەری شانەدەر نمایش بکەین”.
شایانی باسە نمایشکردنی شانۆگەری شاعیر دەبێتە سێیەمین بەرھەمی تیشی شانۆی تیشک لە لەمساڵدا نمایش دەکرێ.