ئاکۆ عارف : دواجار سلێمانى بەفەڕمى وەک پایتەختى رۆشنبیرى کوردستان ناسێندرا ، دیارە سلێمانى بۆخۆى پایتەختى رۆشنبیرى و داهێنان و نوێبونەوەیە وەک پایتەخت بناسێندرێت یان نا ئەو خۆى خۆى ناساندوە ، لە پایتەخت بوونى رۆشنبیرى سلێمانیشدا یان لە پێناسەى رۆشنبیرى ونازناوى شارى داهێنان و نوێبونەوەدا وەرزش بەگشتى کەم
تازۆر کایە یەکى زیندوى پڕ جوڵە و پڕ جوانى و پڕ دەسکەوت بووە ، لەمەدا وەرزش بەتەنیا لە تۆپى پێدا قەتیس و کورت ناکەینەوە ، بەڵکو بەشێوەیەکى گشتگیر هێما و ئاماژەى بۆ دەکەین ، لەپێش راپەڕیندا سەربارى بونى ژینگەیەکى ئاڵۆزو پڕترس و ستەمى رژیمە داگیرکەرەکان و لە دواى راپەرینیش بوون و سەرهەڵدانى کێشەگەل و دروستبوونى قەیران و کەند و کۆسپەکان کە هەمووئەمانە لەبەرامبەر تایبەتمەندبوونى سلێمانیدا جۆرێک لە ئاڵۆزى خوڵقاندووە بەتایبەتى لەسەردەمى رژێمى بەعس رووخاودا کەدەیویست هەناسەش لەشارەکەببڕێت ودژایەتى بزافى وەرزشى کوردستان بەگشتى و سلێمانى بەتایبەتى دەکرد هێشتا وەرزشى ئەم شارە وەک کایەکانى تر بەجۆرێک لە جۆرەکان یاخى بوونى پێوەدیاربووە و خواستى هەمووان بووە بۆهەمیشە لەگەڵى ئاوێتە بین و وەرزشکارانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان وێنە و دەرکەوتە جوانەکانى شار و ناسینەوەى شارن .
ئێستا لەسەروەختى ناسین و ناساندنى سلێمانى وەک پایتەختى رۆشنبیرى کوردستان ،گرنگە و دەبێت هەڵوەستە لەسەر تەواوى جومگە و دەزگا و دامەزراوە و تیپ و یانەکانى ئەم شارە بکەینەوە ، بزانین وەرزشى ئەم شارە بەتەواوى یارییەکانیەوە لە کوێ و لەکام ئاست ى جوڵە ولەکام گۆشەى بزاوتى وەرزشى کوردستاندایە و باڵا و سەنگى وەرزش لەم شارەدا تاکوێ یەو تاچەند وەرزش لەم شارەدا ناوى پایتەختى رۆشنبیرى درەوشاوەتر دەکات چونکە رۆشنبیرى و وەرزش پێکەوە تەواوکەرى تابلۆکەن و ئاوێزانن بە یەکترى و دورکەوتنەوەیان لەیەکترى مەسجێکى ناتەواو وەشان دەکات .
ئەگەر لە رابردوودا و تا ئەم ساتە وەرزش و وەرزشکاران سیمبولێکى ترى ناسینەوەى شارى هەڵمەت و قوربانى بوون ، ئەى لەم ساتەبەدواوە کە بەفەرمى شارى سلێمانى کراوەتە پایتەختى رۆشنبیرى کوردستان لەم دەفەرە سەرکێش و هەرگیز ئۆقرە نەگرتووەدا کە هەمیشە خەمى سبەى و داهێنان و نوێبونەوەى هەبووە و هەیە وەرزش و وەرزشکاران و تاچەند لە ئاست گەشانەوەى زیاتر و زۆرترى ناوى شارەحەیاتەکەدان لە کاتێکدا ئێستا ئەرک و خواست و لێپرسراوێتیەکان لەبەرامبەر ناوى شارەکەدا و بەو هەموو پێشکەوتنەوەى کە لەسەر ئاستى جیهانیشدا دەیبینین زیاتر و قورستربون و هەمووشمان دەزانین ساڵانێکە وەرزشى ئەم شارە لە ژێر نەشتەرى گلەیى و رەخنەدایە و بەتایبەتى یارى تۆپى پێَ کە لە تەواوى جیهاندا وەک یارى پلەیەک و یەکەمین تەماشادەکرێت لەم شارەدا باڵانسى هێز و بەرزى و پێشکەوتنەکانى کەم و زیاد دەکات و کۆڵەوار و لاوازە و دەرنجامەکانى دڵخۆشکەر و ئاسودە بەخش نین .
ساڵانێکە ئێمە زۆرترین گلەیى و ڕەخنە و سکاڵا مان لەسەر وەرزشى ئەم شارە بەگشتى و یارى تۆپى پێ بەتایبەتى و تیپ و یانەکانى سلێمانى هەیە هەم وەک ئەوەى لە زۆرجارەکاندا ئەوانە گیرۆدەى قەیران و گرفتارى کێشە گەلێگى زۆرن و هەم ناتوانن ئەوەى جەماوەرى وەرزشى و ناوى شارى سلێمانى لێیان دەخوازێت بەدى و بەدەست بهێنن ، بەڕاستى بەم حاڵەى ئێستاشیانەوە بەتایبەتى تیپەکانى تۆپى پێى یانەکانى سنورى پارێزگاکە وێنەیەکى جوانى پڕ بەواتاى ناوى سلێمانى نمایش و پێشکەش ناکەن کەئەمەش رەنگە بەدیوێکدا کاریگەرى نێگەتیف ى لەسەر ناوبانگى شارەکەهەبێت ، سلێمانیەک خوێندنگەى فێربوونى کوردایەتى بێت ، سلێمانیەک لە ئەدەب و رۆشنبیریدا ئەفراندن بکات ، سلێمانیەک لە راپەرین و مانگرتن وسیاسەت و هونەر و هتدا پێشەنگ بێت ئەى کوا وەرزشەکەى ؟!؟ ، ئێمە دەبێت لە ئێستا بەدواوە تەریب بەهەموو کایەکانى تر زۆرترین بایەخ بەتایبەتى بە وەرزشى ئەم شارە بدەین ، دەبێت لەگەڵ پڕبوونى هۆڵەکانى شانۆ و سینەما یاریگاکانیش پڕ لەخەڵک بن ، لەگەڵ بەرزبونەوەى تەلارە بازرگانیەکان ئاستى یانەکانیش بەرزبێتەوە ، لەگەڵ بەهێزبونەوەى پەیوەندیە کۆمەڵایە تیە کان خەمى بەهێزبوونى ئاستى لاوازى تیپەکانیش لە دڵماندابێت ، لەگەڵ فراوان بوونى مەوداى ئازادییەکان بوارى کارکردن و خزمەتکردنى کایەى وەرزشیش فروان بکرێت .